English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
زیاتر لە دوو ھەزار لە ھەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا توانیویانە بڕوانامەی ستانداردی زمانی ئینگلیزی بەدەست بێنن
2018-01-23 [04:39 AM]

ZNA- هەولێر


 

"یوسف گۆران" وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا زیاتر لە ٢ھەزار لە ھەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی کوردستان توانیویانە بڕوانامە ستانداردەکانی توانستی زمانی ئینگلیزی بەدەست بھێنن، ئەوەش دەسکەوتێکی زانستی گرنگە بۆ زانکۆکانی کوردستان.

 

ئەو ڕاگەیاندنەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەمڕۆ لە میانەی پێشکەشکردنی وتارێکیدا ھات، کە بەبۆنەی ئاھەنگی دەرچوانی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی کوردستان بۆ پسپۆرییە پزیشکیەکان بڕوانامەی بۆردی پزیشکی کوردستانی پێشکەشیکرد.

 

لەو ئاھەنگەدا، کە بەچاودێری د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، ئامادەبونی ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی وەزارەت و، مامۆستایانی زانکۆ لە ھۆڵی ھۆتێل ڕۆتانا لە  شاری ھەولێر بەڕێوەچو، تێدا بڕوانامەی بۆردی پزیشکی بەخشرایە (٧٣) دەرچو لە (٥)پسپۆڕی جیا، ھەر بەو بۆنەیەوە چەند وتەیەکی تیادا پێشکەش کرا.

 

بەر لە پێشکەشکردنی وتارەکان، ئاھەنگەکە بەھاتنەناوەوەی دەرچوان و مامۆستایان دەستپێکرد، پاشان ئامادەبوان بەوتنەوەی سرودی نیشتیمانی (ئەی ڕەقیب) ڕێزیان لە شەھیدانی ڕێگەی ڕزگاری گەلەکەمان نا.

 

ھەر بەو بۆنەیەوە چەند وتارێک پێشکەشکرا، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە وتارێکدا دوای ئەوەی خۆشحاڵی خۆی بۆ بەشداریکردن لە ئاھەنگی دەرچوانی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی کوردستان بۆ پسپۆرییە پزیشکیەکان دەربڕی، پیرۆزبایی لە دەرچوانیش کرد کە بڕوانامەی بۆردی پزیشکی کوردستانیان پێ بەخشرا.

 

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە وتارەکەیدا باسی لە گرنگی بواری پزیشکی کرد و وتی: "گومان لەوە دا نیبیە کە ئاستی پزیشکی وخزمەتگوزاری تەندروستی، لە ھەر وڵاتیک یان ھەرێمێیک پێوەرێکی گرنگە بۆ خزمەتی ھاوڵاتی، چونکە ئاستی ئەو خزمەتگوزاریانە و کار و بوارەکانی پزیشکی پەیوەندیدارە بەژیانی ھەمو تاکەکانی ئەو کومەڵگە و ژیانی دانیشتوانەکەی، بۆیە وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەماوەی کارکردنماندا گرنگیەکی زۆرمان بەم لایەنە داوە و دەدەین".

 

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا د.یوسف گۆران باسی لەو پێشکەوتنانە کرد کە لە بواری پزیشکی لە کوردستان بەدیھاتوە، بۆ ئەوەش وتی: "وەک ئەزانین لە دوای ڕاپەرینی ساڵی (١٩٩١) تەنھا یەک کۆلێژی پزیشکی گشتی لە ھەولێر ھەبو، بەڵام ئەوەتا لە ئێستادا (٤) کۆلێژی پزیشکی و، (٤) کۆلێژی پزیشکی ددان و (٣) کۆلێژی دەرمانسازی و (٤) کولێژی پەرستاری لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستاندا بوینان ھەیە"، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانشتی ئەوەشی ڕاگەیاند: "وەزارەت ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر کردنەوەی دوو کۆلێژی دیکەی پزیشکی بۆ ساڵی خوێندنی داھاتو لە زانکۆکانی (گەرمیان و زاخۆ) داوە"، رونیشی کردەوە جگە لەو کۆلێژ و بەشانە چەندین بەشی تەندروستی و پزیشکی لە زانکۆ و  پەیمانگە حکومی و تایبەتەکانی ھەریمی کوردستان ھەیە.

 

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەشێکی دیکەی وتارەکەی تەرخانکرد بۆ گرنگی و تایبەتەمەندی خوێندنی باڵا لە کۆمەڵگە، بۆ ئەوەش وتی: "تایبەتمەندی خوێندنی باڵا ئەوەیە کە ھیچ بواریکی ژیان و ھیچ کەرتیک لە کۆمەڵگە لە بیر ناکات و پەرەی پێدەدات، چونکە کۆمەڵگەی پێشکەوتو و تەندروست پێویستی بەپەرەپێدانی سەرجەم لایەن و سێکتەرەکان ھەیە،  بۆ نمونە پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی پێویستی بە پسپۆڕ و شارەزا و زانایانی لێھاتووی زانکۆکان و خوێندنی باڵا ھەیە، بەھەمان شێوە پەرەپێدانی پەروەردە و ئەندازیاری و کشتوکاڵ و ڕۆشنبیری و یاسا و ھونەر و ئاوەدانکردنەوە و پیشەسازی، ھەمویان پێویستیان بە پسپۆڕ و مامۆستایانی زانکۆکانە"، وتیشی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەرکیکی قورسمان لەسەر شانە، کە بەشداری فراوان لە ھەمو سێکتەرەکانی تر بکەین، ئەوەش بەدو ڕێگە دەکرێ،  یەکەمیان بریتیە لە ئامادەکردنی پسپۆڕی لیھاتو لە بوارە جیاکانی خوێندن، ھەروەک دوەمیشیان بریتیە لە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی رەسەن و ئاست بەرزە، کە ڕێگە چارە بۆ کێشەکانی کومەڵگەکەمان دەدوزنەوە، جگە لە ئەرکی ڕاوێژکاری و بەشداریکردن لە بوارەکانی تر، بەخۆشحاڵیەوە وەزارەتەکەشمان سەرجەم ئەو ڕێوشوێنانەی گرتۆتەبەر بۆ پێشکەوتنی لایەنە جیاکانی خوێندن لە کوردستان.

 

د.یوسف گۆران باسی لە گرنگی و بایەخدان بەزمانی ئینگلیزی کرد و لەو بارەیەوە وتی: یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانی وەزارەتەکەمان بایەخدانە بەزمانی ئینگلیزی وەک زمانی زانست، بۆیە لە چوارچێوەی پڕۆژەکانمدان تا ئێستا لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا زیاتر لە (٢٠٠٠) دوو ھەزار لە ھەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی کوردستان توانیویانە بڕوانامە ستاندارەدەکانی زمانی ئینگلیزی بەدەست بھێینن، ئەوە جگە لە گەڕانەوەی نزیکەی (٢٠٠٠) دوو ھەزار لە دەرچوانی تواناسازی، کە بێگومان ھەموان بونە بەسەرچاوەیەکی مرۆیی گرنگ لە ناوەندەکانی خوێندن، ھەربۆیە بایەخدانەکانمان لەو چوارچێوەیەدا بەردەوام دەبێ. 

 

لە کۆتایی وتارەکەشیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕوو لە دەرچوان وتی: ئێوە ئەی پزیشکانی دەرچوانی ھەڵگری بڕوانامەی بۆردی کوردستانی پێوستە ھەردەم لە ھەوڵ و کوشش و بە دواداچونی زانستی پزیشکی بن، چونکە ھەمو زانستیک گەر گەشەی پێنەدریت ئەوا لە قوناخیکدا دەوەستیت، بەڵام بۆ بوارە پزیشکیەکان ئەم دیاردەیە زۆر زەق ترە وەک لە بوارە زانستیەکانی تر، بۆ ئەوەش سوپاسی پزیشکانی وەزارەتی تەندروستی و، سەرجەم کۆلێژە پزیشکیەکانی کرد، کە ھاوکار و ھەماھەنگ بون لە پێگەیاندن و پەروەردەکردن و ڕاھێنانی زانستی بەو پۆلە لە دەرچوانی خولی چوارەمی ئەنجومەنی کوردستانی بۆ پسپۆڕییە پزیشکیەکان، کە دەرچوان لە پسپۆڕییەکانی (ھەناو، نەشتەرگەری، ددان، پاسۆلۆجی، تیشک) بڕوانامەی بۆردی پزیشکیان پێ بەخشرا، ھیواشی خواست دەرچوان شوێن دەستیان لە خزمەتکردن بە بواری پزیشکی لە کوردستان بەدەربخەن، ھەروەک پاڵپشتی و پشتیوانی وەزارەتیشی وەک ھەمیشە بۆ کارو پڕۆژەکانی ئەنجومەنی کوردستانی بۆ پسپۆڕییە پزیشکیەکان دوپات کردەوە.

 

ھەر لەو بۆنەیەدا وتاری بەخێرھێنان لەلایەن (دکتۆرسەلیم سەعید) سەرۆکی ئەنجومەنی کوردستانی بۆ پسپۆڕییە پزیشکیەکان پێشکەشکرا, لەوتارەکەیدا دوای بەخێرھێنانی ئامادەبووان, ئاماژەی بەوەدا کە لە خولی چوارەمدا پاش تەواوکردنی ڕاھێنان و دەرچونیان بەسەرکەوتویی لە تاقیکردنەوەکان (٧٣) پزیشک لە (٥) پسپۆڕی جیاواز بڕوانامەی بۆردی پزیشکی کوردستانیان پێ دەبەخشرێ، وتیشی  ئەم خولەی دەرچوان سامانێکی زۆر گرنگ و پڕ بەھان بۆ وڵاتەکەمان و، ئامادەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستین لە سەرجەم دەزگاو دامەزراوە تەندروستیەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان .

 

ھەر لە ڕێوەڕەسمی ئاھەنگەکەدا دوای سوێند خواردنی دەرچوان، لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی کوردستانی بۆ پسپۆڕییە پزیشکیەکان بڕوانامەی بۆردی پزیشکی کوردستانی بەخشرایە دەرچوان، کە ژمارەیان (٧٣) دەرچو بو.

 

 بەپێشکەشکردنی خەڵات و دیاری لەلایەن د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و لایەنە پەیوەندارەکان بە یەکەمی خولەکە، کۆتایی بەئاھەنگەکە ھات.





ئەم هەواڵە 382جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ھەڵوێستێکی جوانی محەمەد سەڵاح
خاڵ بەدەستھێنان ئاوا دەبێت
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad