English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوه یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی سەردانی بەغدا و موسڵی کرد
2018-01-23 [04:44 AM]

ZNA- بەغدا


 

لە ئێستادا میرۆسلاڤ جێنکا، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی بۆ کاروباری سیاسی، بە سەردانێکی ٣ رۆژە لە عیراقە و دوێنێش(٢٢ کانونی دووەم) لەگەڵ "حەیدەر عەبادی" سەرۆک وەزیرانی عیراق و "ئوسامە نوجەیفی" جێگری سەرۆک کۆمار و "سەلیم جبوری" سەرۆکی پەرلەمان و دەستەی تازەھەڵبژێردراوی کۆمیساران کۆبووەوە. ئەوان لە کۆبوونەوەکانیاندا باسیان لەوە کرد کە چۆن نەتەوە یەکگرتووەکان بتوانێت بە باشترین شێوە ھاوکاری عیراق بکات بە تایبەتیش لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ١٢ی مانگی ئایاری داھاتوودا لەگەڵ تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا و ئاودانکردنەوە و سەقامگیرکردنی عیراق و کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیی کوێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی عیراق و پرۆسەی ئاشتەوایی لە عیراقدا. 

 

ھەر ئەمرۆش، جێنکا سەردانی موسڵی کرد و بەچاوی خۆشی بووژانەوە و ھەستانەوەی خەڵکی ئەو شارەی بینی لە مکوڕییان بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی ژیانیان دوای ٣ ساڵ لە کۆژان لەژێر دەسەڵاتی داعش (دەوڵەتی ئیسلامی عیراق و شام )دا. ئەو ھەروەھا سەردانی گەڕەکە وێرانبووەکانی ئەو شارەشی کرد کە تێیدا سەردەمێک داعش ئەوەی کە پێی دەوترێت "خەلافەت"ی راگەیاندبوو.

 

ئەو لەمبارەوە وتی: "سەرلەنوێ کرانەوەی بازاڕ و قوتابخانە و نەخۆشخانە و جموجوڵی ئازادانەی ھاوڵاتیان لەسەر شەقامەکان و ئۆتۆمبێلی پڕ لە کەلوپەلم بینی کە لە چادرگەکانی ئاوارەکانەوە بەرەوە ناو شار دەھاتنەوە. ئێمە پێویستە ھەموومان بەیەکەوە کار بکەین بۆ ئاوەدانکردنەوەی زیاتر و رێگەش نەدەین کە جارێکی تر تیرۆر بتوانێت شوێنپێی خۆی لەم ناوچە دێرین و گرنگەدا ھەبێت. نەتەوە یەکگرتووەکان چی لەدەستی بێت دەیکات بۆ یارمەتیدانی خەڵک بۆ سەرلەنوێ ھەستانەوەیان و دروستکردنەوەی شارەکەیان لە ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا".

 

جێنکا چاوی بە چەند بەرپرسێکی ناوخۆیی کەوت لە موسڵ بە پارێزگاریشەوە بۆ دەربڕینی وەستانی نەتەوە یەکگرتووەکان شانبەشانی خەڵکی عیراق بەتایبەتیش ھاوڵاتیانی نەینەوا لە کریستان و ئێزیدی و شەبەک و کەمینە نەتەوەیی و ئاینەکانی تر کە زەبری ھەرە کوشندەیان لەلایەن داعشەوە بەرکەوتووە.

 

وتی: "ئەمڕۆ لێرەم بۆ ئەوەی پیرۆزبایی لە خەڵکی نەینەوا و ھەموو عیراقییەکان بکەم بۆ سەرکەوتنە مێژۆوییەکەیان بەسەر داعشدا کە ھەرگیز بێ یەکڕیزی خەڵکی عیراق نەدەھاتە دی. لەلایەکی ترەوە، یەکڕیزی پێشمەرجی ئاشتەوایی و پێکەوەژیانیشە لەسەر ھەموو ئاستەکاندا و ھەروەک چۆن بەردی بناغەی دەستەبەرکردنی ئاشتیشە".  

 

جێنکا ھەروەھا سەردانی نەخۆشخانەی گەورەشی کرد لە ناوچە ئازادکراوەکاندا کە ھەم دوا بارەگای داعش بوو و ھەمیش تاقیگەیەک  بوو  بۆ دروستکردنی بۆمب و تەقینەوە. پاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ئەم بینایە گرنگە و یەکێکە لەو چەندان پرۆژەیەی کە ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان(یۆ ئین دی پی) ھاوبەشانە کاری لەسەر دەکرێت بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن بگەڕێنەوە سەر ژیانی رۆژانەیان و لە خزمەتە تەندروستییە بنەڕەتییەکانیش سوودمەند بن.

 

زیاتر وتی: "لەراستیدا راچڵەکام بەوەی کە ئەمڕۆ لە موسڵ بینیم و ھەروەھا بەو چیرۆکانەش کە بیستم کە باسیان لە دژواریی و سەختیی ژیان دەکرد لەسەردەمی داعشدا. بەڵام من لەھەمان کاتیشدا دڵخۆش بووم بەو ھیوا و شێلگیرییەی کە لە خەڵکم بیست کە دەیانەوێت لە کەشێکی ئاشتی و شکۆداری بێ ترس و توقاندندا ژیان بەسەر بەرن".

 

ئەو بەیانی چاوی بە "نوری مالیکی" جێگری سەرۆک کۆمار و "ئیراھیم جەعفەری" وەزیری کاروباری دەرەوە  و "عەمار حەکیم" پیاوی ئاینی و سەرۆکی ‌حیزب و ژنان و سەرکردەی کەمینەکان دەکەوێت.





ئەم هەواڵە 181جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ھەڵوێستێکی جوانی محەمەد سەڵاح
خاڵ بەدەستھێنان ئاوا دەبێت
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad