English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
مونا قه‌هوه‌چی وه‌ڵامی ئایدن مه‌عروف ده‌داته‌وه‌
2018-01-24 [11:31 AM]

ZNA- هه‌ولێر


له لێدوانێكیدا بۆ ماڵپه‌ری ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان مونا قه‌هوه‌چی ، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی چاكسازی توركمان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاندوه‌: ئایدن مه‌عروف بۆی نییه‌ به‌ ناوی توركمانه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ پشتگیری له‌ په‌لاماره‌كانی له‌شكركێشی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین بكات ، به‌ڵكو لێدوانه‌كانی رای شه‌خسی حیزبه‌كه‌ی ئه‌ون و پێویسته‌ كاك ئایدن بیرو رای حیزبه‌كه‌ی خۆی نه‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر توركمانه‌كانی هه‌رێم، چونكه‌ ئێمه‌ی توركمانه‌كان ئاشتی خوازین و هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ ئاشتی و ئارامی و ته‌بایین بۆ هه‌مووان.

راشیگه‌یاند: ئێمه‌ باوه‌ڕمان به‌ پێكه‌وه‌ ژیانه‌ و باوه‌رمان به‌ شه‌ر نییه‌ ، هیچ حیزب و لایه‌نێكی توركمانی بۆی نییه‌ بڵێت ئێمه‌ی توركمانه‌كان له‌گه‌ڵ شه‌رداین.

گوتیشی : ئه‌و له‌شكركێشیه‌ی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌، ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ژین، هه‌ر بۆیه‌ لایه‌نگیری هیچ لایه‌نێك ناكه‌ین، ئه‌گه‌ر هاتبا ئه‌و له‌شكركێشیه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێم بوایه‌ ئه‌وكات هه‌ڵوێستی خۆمانمان ده‌بوو.

زیاتر گوتی: ئێمه‌ی توركمانه‌كان  هیچ كاتێ نابینه‌ له‌مپه‌ر بۆ قوڵبوونه‌وه‌ی كێشه‌كان، ته‌نیا داوای ئاشتی بۆ هه‌موان ده‌كه‌ین.

راشیگه‌یاند: به‌ داخه‌وه‌ بۆ ئایدن مه‌عروف كه‌ پشتگیری له‌شكركێشی توركیا ده‌كات، ئێمه‌ 4 فراكسێونی توركمانیمان هه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مانی كورستان ده‌بوایه‌ بێت و راوێژ بكات له‌گه‌ڵمان چونكه‌ ئێمه‌ ئه‌و 4 فراكسیۆنه‌ نوێنه‌ری كۆی توركمانه‌كانی هه‌رێمین، ئه‌و بۆی نییه‌ به‌ ناوی ئێمه‌وه‌ قسه‌یه‌كی ئاوا بكات ئه‌و قسانه‌ی ئه‌و ته‌نیاو ته‌نیا قسه‌ی پارتی به‌ره‌ی توركمانییه‌و هیچی تر.

مونا قه‌هوه‌چی هه‌روه‌ها گوتیشی: له‌و ئان و ساته‌ هه‌ستیاره‌دا ئێمه‌ نابین به‌ پاشكۆ یان لایه‌نگیری هیچ كه‌س و لایه‌ن و وڵاتێكی ئیقلیمی دراوسێ بۆ ده‌ستدرێژی كردن و له‌شكركێشی بۆ سه‌ر هه‌ر ناوچه‌یه‌ك جا عه‌فرین بێت یا هه‌ر كوێیه‌كی تری ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم.

گوتیشی : داوا له‌ ئایدن مه‌عروف ده‌كه‌م چیتر به‌ ناوی توركمانه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ لێدوان نه‌دات.

شایه‌نی باسه‌ دوێنێ 23/1/2018 ئایدن مه‌عروف له‌ لێدوانێكیدا بۆ ئاژانی ئه‌نادۆلی توركی به‌ ناوی سه‌رجه‌م توركمانه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ پشتگیری له‌ له‌شكركێشییه‌كه‌ی سوپای توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین كردووه‌.





ئەم هەواڵە 2836جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
سەگێک کچێک لە خنکان رزگار دەکات
سەمایەکی کیکی بەکارەسات کۆتایی پێدێت
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad