English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
وەزیری خوێندنی باڵا: بەھاوکاری دامەزراوە جیھانیەکان دەخوازین زمانی ئینگلیزی بکەینە زمانی دوەم لە زانکۆکانی کوردستان
2018-01-24 [05:23 AM]

ZNA- هەولێر


 

وەزیری خوێندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان یوسف گۆران رایگەیاند: وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پڕۆژەیەکی فراوانی ھەیە بۆ بایەخدان بەزمانی ئینگلیزی، پێش دوو ساڵ لەمەوبەر ھەنگاوەکانی ئەو پرۆژەیەمان دەستپیکردوە، ئامانجیش لەو پڕۆژەیە پێشخستنی توانای مامۆستایان و خوێندکارانە لە زانکۆکانی کوردستان.

 

ئەو ڕاگەیاندنەی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمرۆ لەمیانەی سەرپەرشتیکردنی کۆبونەوەیەکی ھات، لەگەڵ لێژنەی پێداچونەوە بە پڕۆگرامەکانی بەشەکانی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆکانی کوردستان.

 

لەو چوارچێوەیەدا و لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا، د. کاوەی شێروانی سەرۆکی کۆمیتەی پێداچونەوە بە پڕۆگرامەکانی خوێندن و پەرەپیدانی بەشەکانی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆکانی کوردستان لە وتەیکیدا، دوای بەخیرھێنانی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ ئامادەبون لە کۆبونەوەکە و، بەخێرھینانی سەرۆکی سەرجەم بەشەکانی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆکانی کوردستان وتی: لەماوەی ڕابردودا بە فەرمانێکی وەزاری کۆمیتەیەکی باڵا بۆ پێداچونەوە بە پڕۆگرامەکانی خوێندن و پەرەپیدانی بەشەکانی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆ حکومی و تایبەتەکانی کوردستان پێکھات، بۆیە ئەمڕۆ ڕێڕەوی کارەکانمان دادەڕێژن بۆ گەیشتن بەئامانجەکان.

 

لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە وتەکیدا دوای بەخێرھێنانی ئامادەبوان، باسی لە گرنگی زمانی ئینگلیزی کرد و لەو بارەیەوە وتی: بایەخدان بەزمانی ئینگلیزی تەنھا بایەخدان بەو زمانە و فێربونی ئینگلیزی نیە، بەڵکو پەیوەندی بەو کەلتور و سەرچاوە زانستیە دەوڵەمەندەوە ھەیە کە ئەو زمانە خاوەنیەتی و، ئەمڕۆ بۆتە زمانێکی جیھانی.

 

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: کاتێک ویستمان سەرچاوەی سەرەکی زمانی توێژینەوەکان و پێشکەوتنی کۆمەڵگەکان بزانین، دوای گەڕانێکی زۆر لە چەندین سەرچاوەی زانستی تایبەت بەھەڵسەنگاندنی توێژینەوە و زانکۆکان بۆمان یەکلایی بوەوە، کە سەرو (٩٥%) تویژینەوە ئاست بەرزەکانی جیھان بەزمانی ئینگلیزی بون، بەڵام لەماوەی ڕابردودا کۆمەڵگەی ئەکادیمی کوردستان تاڕادەیەکی زۆر لەو کۆمەڵگە فراوانە زانستیە دابڕابو، بۆیە ھەر لە دەستپێکی کارەکانمان بایەخدانەکانمان بەزمانی ئینگلیزی دەستی پێکرد، لەو چوارچێوەیەشدا سەرەتا ئەوەمان کردە مەرج، کە ھەر کەسێک بیەوێ لە زانکۆکانی کوردستان ماستەر و دکتۆرا بخوینێ دەبێ یەکێک لە بڕوانامە ستاندارەکانی زمانی ئینگلیزی بەدەست بھێنێ، لەھەمان کاتدا بەدەستھێنانی یەکێک لە بڕوانامە جیھانیەکانی زمانی ئینگلیزیمان کردە مەرج بۆ پێدانی نازناوی زانستی، بێگومان دوای دوو ساڵ و چوارمانگ خۆشبەختانە ئێستا دەسکەوتەکانی ئەو بڕیارە دەبینین و، زیاتر لە (٢٠٠٠) کەس توانیویانە بەھۆی ئەو بڕیارانە فێری زمانی ئینگیلزی ببن و، بڕوانامە ستانداردە جیھانیەکان زمانی ئینگلیزی بەدەست بھێنن، کە بێگومان ئەوەش دەسکەوتێکی زانستی گەورەیە بۆ زانکۆکان، چونکە فێربونی زمان دەرگایەکی گەورە بەڕوی ئەو کەسانە دەکاتەوە کە فێری دەبن.

 

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەوەشی ڕاگەیاند: دەبێ مامۆستایانی زانکۆ توانای ئەوەیان ھەبێ لەگەڵ دونیای زانست تێکەڵ بن و، سەرجەم زانستەکان بایەخ بەو زمانە بدەن، تەنانەت بەزمانەکانی دیکەش، وتیشی کاتێک پڕۆژەکەمان دەستپێکرد زۆرجار دەیانوت زمانی کوردی و میژو و شەریعە.. پێویستیان بەزمانی ئینگلیزی نیە، یان ئینگلیزیان بۆچیە؟، د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: زمان بۆ خۆی زانستە، بۆیە دەبێ فێری بنەماکانی زمان بین، باشترین سەرچاوەککانی فێربونی بنەماکان و زانستی زمان لە زمانی ئینگلیزیدایە، بۆیە دەبێ ئەوانەی ھەڵگری بڕوانامەی زمانی کوردین دەبێ فێری زمانی ئینگلیزی بن بۆ ئەوەی لە ڕێی زانستی زمانەوە خزمەتی زمانی کوردی بکەن و گەشەی پێبدەن، وتیشی ئەوانەی لە ڕابردو داھێنەری زمانی کوردیبون بون زمانی ئینگلیزی و ڕوسی و فەرەنسی و زمانی دیکەیان زانیوە، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاشیگەیاند: ئەم ڕاستیە زانستیە بۆ شەریعەو مێژو و بەشەکانی دیکەش ھەر ڕاستە.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسی لە بەشەکانی زمانی ئینگلیزی کرد و، لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: لە زانکۆکانی کوردستان لە خودی بەشەکانی زمانی ئینگلیزیش کیشەمان ھەیە، بەتایبەت لە ئاستی دەرچوانی خوێندکار و قوتابیانی بەشی ئینگلیزی، بۆیە دەخوازین شێواز و پڕۆگرام و مامەڵەی مامۆستایان بگۆڕین تا دەرگایەکی نوێ بەڕویاندا بکرێتەوە، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەوەشی ڕاگەیاند: ئەم ھەفتەیە وەفدیکی وەزارەت سەردانی بەریتانیایی کرد و، لەگەڵ زانکۆ ئاست بەرزەکان کۆبونەوەی کردوە، بۆ نمونە لە زانکۆی کامبرج گفتوگۆیان کردوە بۆ چۆنیەتی پەرەپێدانی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆکانی کوردستان، بۆیە ئێستا لەگەڵ ئەو زانکۆیە لە قۆناخی ئامادەکردنی پرۆپۆزەڵێکن بۆ ئەو بوارە.

 

ھەر لە چوارچێوەی وتەکانیدا د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: نەک تەنھا بۆ مامۆستایانی بەشەکانی زمانی ئینگلیزی و مامۆستایانی زانکۆ بەگشتی، بەڵکو ھەوڵ و کارو پڕۆژەکانمان بەسەرجەم ئاستەکان دەستپیکردوە، بەشێوەیەک ئارەزو دەکەین سەرجەم خوێندکارانی زانکۆش فێری زمانی ئینگلیزی بن، چونکە دیدگای وەزارەت ئەوەیە زمانی ئینگلیزی بکەین بەزمانی دوەم لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندن، وتیشی دەرکەوتوە کۆمەڵگە پیشکەوتوەکان بەگەیشتن و فێربون بەزمانی دەستەبەرکردنی زانست و تویژینەوە توانیویانە بەشێکی زۆری دواکەوتنەکانی خۆیان کورت بکەنەوە و، ھەنگاو گەورە بەرەپێشەوە بنیین، ئەوەشی ڕاگەیاند: بەپەسندکردن و جێبەجێکردنی گۆڕانکارییەکان لە بەشەکانی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆکانی کوردستان ئێوە دەبنە سەرمەشقی ئەو گۆڕانکارییانە، چونکە بەو گۆڕانکارییانە دەتوانن ڕۆڵێکی بەرچاو لەو بوارەدا بگێڕن.

 

لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، لەلایەن پ.ی.د.ھیمداد عبدالقھار محمد ئەندامی کۆمیتەی پێداچونەوە بە پڕۆگرامەکانی خوێندن و پەرەپیدانی بەشەکانی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆکانی کوردستان بەداتاشۆ سمینارێکی پێشکەشکرد، بەدوایدا کارنامەی کۆبونەوەکە دەستپێکرد و، بەخستنەڕوی چەندین پێشنیاز و ڕاسپاردە نەخشەڕێگەی کاری داھاتوی کۆمیتەکەیان دەستنیشانکرد.





ئەم هەواڵە 160جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ھەڵوێستێکی جوانی محەمەد سەڵاح
خاڵ بەدەستھێنان ئاوا دەبێت
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad