ZNA- هەولێر
سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا، جەختی لە ڕەوایەتی و ئاشتیانەبوونی ڕیفراندۆم کردەوە کە مافێکی ئاسایی و یاسایی و دەستووری گەلی کوردستان بووە و ئاماژەیشی بەوەدا کە پێشێلکردنی دەستوور و تەوافوق و شەراکەت و نانبڕینی خەڵکی کوردستان بوو کە ھانی گەلی کوردستانی دا کە ڕیفراندۆم ئەنجام بدەن و ئەگەر دەستوور جێبەجێ کرابا ھەرگیز عێراق بەو ڕۆژەی ئێستا نەدەگەییشت.
ئەمڕۆ لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعوود بارزانی لەگەڵ فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبۆوە
لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک و ئەندامانی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کورتەیەکیان لەبارەی ڕەوشی سیاسیی عێراق و بابەتی ھەڵبژاردنەکان و ھاوکێشە سیاسییەکانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان خستەڕوو.
ھەروەھا ڕا و سەرنج و پێشنیاری خۆیان لەبارەی چۆنیەتی کارکردن و دانانی چوارچێوەی پێویست بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پێشھاتەکان و پەیوەندی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ سەرۆک بارزانی باس کرد. ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا ڕۆشنایی خستەسەر دوایین پێشھاتە سیاسییە ناوخۆیی و ھەرێمایەتی و دەولییەکان و ھەڵوێستی وڵاتانی ناوچە و جیھان لەمەڕ ھەرێمی کوردستان و وردەکاریی ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەری شی کردەوە. پەیوەست بە بابەتی ڕیفراندۆمیش سەرۆک بارزانی جەختی لە ڕەوایەتی و ئاشتیانەبوونی ڕیفراندۆم کردەوە کە مافێکی ئاسایی و یاسایی و دەستووری گەلی کوردستان بووە و ئاماژەیشی بەوەدا کە پێشێلکردنی دەستوور و تەوافوق و شەراکەت و نانبڕینی خەڵکی کوردستان بوو کە ھانی گەلی کوردستانی دا کە ڕیفراندۆم ئەنجام بدەن و ئەگەر دەستوور جێبەجێ کرابا ھەرگیز عێراق بەو ڕۆژەی ئێستا نەدەگەییشت.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ پێشھاتەکان و پەیوەندی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان ئامۆژگاری و ڕێنوێنیی پێویستی بۆ ئەندامانی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خستەڕوو.
Kdp
ئەم هەواڵە 838جار خوێندراوەتەوە |