English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ ڕیكس تیله‌رسۆن كۆبووه‌وه‌
2018-01-25 [07:54 AM]

ZNA-هەولێر


نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 25/1/2018 له‌ په‌راوێزى به‌شداریكردنى له‌ كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهان له‌ داڤۆس، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ڕیكس تیله‌رسۆن كۆبووه‌وه‌.

به‌ڕێز تیله‌رسۆن، خۆشحاڵیى خۆى بۆ ئه‌م دیداره‌ ده‌ربڕى بۆ ئاگاداربوون له‌ دوا پێشهاته‌كانى دیالۆگى هه‌ولێر ـ به‌غدا و كارى ئه‌و لیژنانه‌ى له‌نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵدا كراوه‌، پشتگیریى ئه‌مه‌ریكایشى بۆ دیالۆگى نێوان هه‌ردوولا، سه‌رخستنى پرۆسه‌كه‌ و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌یه‌ به‌پێى ده‌ستوورى عیراق و له‌ ڕێگه‌ى دیالۆگه‌وه‌ كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات، پوخته‌یه‌كیشى ده‌رباره‌ى دوا پێشهاته‌كان و كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز عه‌بادى له‌ به‌غدا و له‌ داڤۆس پێشكه‌ش كرد و ڕایگه‌یاند: هه‌نگاوه‌كان ئه‌رێنى و باشن، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌نجامى كرده‌ییان هه‌بێت و به‌رده‌وام بین تا ده‌گه‌ینه‌ چاره‌سه‌ر، ئه‌مه‌ش پێویستى‌ بڕیارى سیاسى هه‌یه‌. سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانیشى بۆ پشتگیریى ئه‌مه‌ریكا له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و گوتى: ده‌بێت هاوبه‌شه‌كه‌مان هانى دیالۆگ و چاره‌سه‌رى ئاشتیانه‌ بده‌ن.

له‌ به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ دۆخى هه‌رێمى كوردستان و سه‌ختى و كێشه‌ ئابوورى و داراییه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى كرا و تیشكى خرایه‌ سه‌ر دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان و گرنگیى به‌رده‌وامیى یارمه‌تییه‌ ته‌كنیكییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بۆ پرۆسه‌ى چاكسازییه‌كان، به‌تایبه‌تیش له‌ بواره‌كانى كارگێڕى و كارگێڕیى داراییدا بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.

هه‌ردوولا كۆك بوون كه‌ كار بكرێت له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ى سه‌قامگیرى و گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێك له‌ به‌رژوه‌ندیى هه‌موواندا بێت و یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ هه‌ڵبژاردن. باسكردن له‌ میكانیزمى هاوبه‌ش بۆ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، شه‌ڕى داعش و قۆناغى دواى ئه‌وه‌ و دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، چه‌ند لایه‌نێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوون.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شاندى یاوه‌ڕى به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ڕێزان قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، د. فوئاد حسێن سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ بوون.





ئەم هەواڵە 826جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
سەگێک کچێک لە خنکان رزگار دەکات
سەمایەکی کیکی بەکارەسات کۆتایی پێدێت
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad