English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بە پێی یاسای نوێ بەشێکی زۆری پەرلەمانتارانی ئێستا لە کاندیدبوونەوە بێبەش دەبن
2018-01-25 [08:12 AM]

ZNA – هەولێر


یاسا نوێیەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ دیارکردنی کاندیدانی خولی ئەمجارەی پەرلەمان، بەشێکی زۆر لە پەرلەمانتارانی خولی ئێستا لە دووبارە خۆکاندیدکردنەوەیان بێبەش دەکات، چونکە یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکان، دەبێت کاندیدا خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس یاخود بەرزتر لە بەکالۆریۆسی هەبێت و ئەمەش ئاستەنگێکی گەورەی بۆ خۆکاندیدکردن دروستکردووە.

بەگوێرەی ئامارێكی خشتەی چاودێری پەرلەمان لە خولی ئێستا ١٦٤ پەرلەمانتار خاوەن بڕوانامەی بەكالۆریۆسن و٩٠ ی دیکەشیان بڕوانامەی دبلۆمیان هەیە ، لەکاتێکدا٢١ پەرلەمانتار بڕوانامەی دیبلۆمی باڵا و٣٠ پەرلەمانتاری دیکە بڕوانامەی دکتۆرایان هەیە.

محەممەد کەربوولی، سەرۆکی حزبی حەل و پەرلەمانتاری سوننە، یەکێکە لەو پەرلەمانتارانەی بەهۆی نەبوونی بڕوانامەی بەکالۆریۆس ناتوانێت خۆی کاندید بکات، هەروەها خالید حەمەد مەفرەجی و نوورەلبیجاری، پەرلەمانتارانی سوننە بەهەمانشێوە ناتوانن دووبارە خۆیان کاندید بکەنەوە.

سەرەڕای ئەوەی لایەنە شیعەکان کاریان بۆ هەموارکردنەوە و هاوتاکردنی بڕوانامەی حەوزەی عیلمی لەگەڵ بڕوانامەی بەکالۆریۆس کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە پەرلەمانتارانیان بەهۆی نزمی بڕوانامەکەیان ناتوانن خۆیان کاندید بکەنەوە، لەنێویشیاندا هەریەک لە ئیبتیسام هاشم، پەرلەمانتار لەسەر بازنەی پارێزگای کەربەلا و کازم سەیادی و محەممەد سەیهود پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسا هەن.

لەنێو فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش هەریەک لە ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ، بەهۆی بوونی بڕوانامەی دبلۆم و ئەمیرە کەریم حەمەلاو، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە مافی دووبارە خۆکاندیدکردنەوە بۆ خولی نوێی پەرلەمان بێبەش دەبن.

جگە لە مەرجی بڕوانامە، پەرلەمانی عێراق مەرجی تەمەنی لە٣٠ ساڵ بۆ٢٨ ساڵ کەمکردەوە، کە ئەمەش رەنگە دەرفەت بۆ نەوەی نوێ بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی بەشداری لە کێبڕکێی هەڵبژاردن بکات و پەرلەمانی داهاتووش ببێتە پەرلەمانێکی گەنجانە.

 





ئەم هەواڵە 280جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ھەڵوێستێکی جوانی محەمەد سەڵاح
خاڵ بەدەستھێنان ئاوا دەبێت
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad