English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
کەللـە رەقی ژن و مێردەکە  کێشەکانی گەورەتر کرد 
2018-01-27 [04:13 AM]

ZNA- ھەولێر 


ژن و پیاوێک سکاڵایان لەسەر یەکدی ھەبوو، ژنەکە دەیگوت مێردەکەم ئەشکەنجەی داوم، پیاوەکەش دەیگوت ئەویش دەستی خۆی وەشاندووە و لێیداوە. ناکۆکیی نێوان ئەو ژن و پیاوە گەیشتبووە ئاستێک تەنانەت لێژنەی ئاشتەواییش نەیتوانی کۆتایی بە کێشەکەیان بھێنێ و بەدەستی بەتاڵ گەڕانەوە.

سەرەتا ئافرەتەکە سەردانی کردین و لەگەڵ خۆی راپۆرتێکی پزیشکیی ھێنابوو، بەپێی راپۆرتەکە ژنەکە لێیدرابوو، ژنەکە دەیگوت مێردەکەی لێیداوە. کاتێک دۆسیەکەی رەوانەی بەردەم دادوەر کرا، دادوەر بڕیاری دا بەپێی ماددە حەوت لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بانگی پیاوەکە بکرێ و قسەی لەگەڵ بکرێ. 

کاتێک پیاوەکە ئامادەبوو، ئەویش باسی ئەوەی کرد کە لەلایەن ژنەکەیەوە لێیدراوە، پیاوەکە باسی کێشەی نێوان خۆی و ژنەکەی کرد و گوتی: "ھەموو کێشەی ئەو ژنە لەگەڵ من لەسەر ئەوەیە کە بڕوانامەکەی لەوەی من بەرزترە، وەزیفەیەکی باشی ھەیە، خۆی لەمن بە گەورەتر دەزانێ، بۆیە بەردەوام شەڕم پێدەفرۆشێ. ئەو ژنە خزمی خۆمە، کاتێک چوومە خوازبێنی، رازی بوو شووم پێبکات، واتە بە زۆر ھاوسەرگیری نەکردووە، تەنانەت لەکاتی مارەکردندا داوای مارەییەکی زۆری کرد، منیش رازی بووم. ئێستا بە ھەموو جۆرێک دژایەتی ماڵی باوکم دەکات. ناھێڵی منداڵەکانم بچنە ماڵی باوکم، بەڵام زوو زوو دەیانبات بۆ ماڵی باوکی خۆی. کەسوکارەکەم لەبەر ژنەکەم ھاتوچۆم ناکەن، ژنەکەم زۆر ئیستیفزازم دەکات. ھەرچەندە دایکم و باوکم دەڵێن کوڕم خۆت بگونجێنە خەمی ئێمەت نەبێ، بەڵام من دەزانم ئەوان چەند منداڵەکانی منیان خۆشدەوێ، کەچی لەبەر ژنەکەم ناوێرم بیانبەم بۆ لایان".

ئەو پیاوە درێژە بە گێڕانەوەکەی دەدات و دەڵێت: "من ناتوانم تەڵاقی بدەم، چونکە دەبێ ھەقە مارەییەکەی بدەم کە زۆر زۆرە. دوایینجار زۆر زۆر ئیستفزازی کردم، جنێوی پێدام، بوو بە شەڕمان، من لێم دا، بەڵام ئەویش لە منی دا".

دۆسیەکەیان بەدوو راپۆرتی پزیشکییەوە کە یەکێکیان ھی پیاوەکە بوو، یەکێکیشیان ھی ژنەکە، رەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە کرا، دادوەریش بڕیاری ئازادکردنی پیاوەکەی دا، چونکە ئەویش سکاڵای تۆمار کردبوو. پاشان ھەردووکیان رەوانەی لێژنەی ئاشتەوایی کرد، ھەرچەندە لێژنەی ئاشتەوایی زۆر ھەوڵی لەگەڵ دان و لایەنی یاسایی و کۆمەڵایەتی و خێزانی کێشەکەی بۆ روونکردنەوە، بەڵام بەھۆی کەللـەڕەقی و بەڕقداچوونی ژن و مێردەکە، ھەوڵی ئاشتەوایی ھیچی لێ سەوز نەبوو، بۆیە ژن و مێردەکە بەبێ چارەسەرکردنی کێشەکەیان گەڕانەوە ماڵەوە و دۆسیەکەیان رەوانەی دادگای تایبەتمەند کرا.

بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، ژنەکە و پیاوەکە ھەردووکیان تۆمەتبارن. ژنەکە بەھۆی ئەوەی پەیوەندی خزمایەتی بڕیوە، پیاوەکەش بەھۆی ئەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنەکەی بەکارھێناوە و لێیداوە. بەپێی ماددەی حەوت لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانیش سزاکەیان بریتییە لە "ھەر کەسێک توندوتیژییەکی خێزانی بکات، بۆ ماوەیەک بەند دەکرێ کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێ و لە سێ ساڵیش زیاتر نەبێ. ھەروەھا بە بڕە پارەیەک غەرامە دەکرێ کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێ و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێ، یان بە یەکێک لەو دوو سزایە".

سەرچاوە / رووداو
 





ئەم هەواڵە 16099جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad