English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بە گوێرەی پشکنینی سەرەتایی، گۆڕە بەکۆمەڵەکەی کەرکووک کوردن
2018-01-29 [07:44 AM]

ZNA- هەولێر


 

لە شاری کەرکووک گۆڕێکی بەکۆمەڵ دوزراوەتەوە و بە پێی پشکنینی سەرەتایی، ڕۆفاتی نێو گۆڕەکە ھاووڵاتیی کوردن، بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری شەھید و ئەنفالکراوانیش ڕوونی کردەوە، حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقیەکان ڕێگرن لە کارکردنی تیمی گۆڕە بەکۆمەڵەکان.

 

پەروین نووری، بەڕێوەبەری گشتیی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: "گۆڕێکی دیکەی بە کۆمەڵ لە ناوچەی فەیلەقی شاری کەرکووک دۆزراوەتەوە و گومان ھەیە ڕۆفاتی نێو گۆڕەکە ھاووڵاتیی کورد بن و لە لایەن ڕژێمی بەعسی لەناوچوو شەھید کرابن، چونکە بە پێی ھەڵدانەوەی گۆڕەکە ڕۆفاتی نێو گۆڕەکە جلوبەرگی کوردییان لەبەردایە، ئێمە لەگەڵ دەزگای شەھیدی عێراق ھەماھەنگیمان کردووە بۆ ھەڵدانەوەی گۆڕەکە و یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ڕۆفاتی نێو گۆڕەکە، گەڕەکی فەیلەقی کەرکووک لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا ناوچەیەکی سەربازی بووە و پێشبینی دەکرێت ھێشتا گۆڕی دیکەی تێدا ھەبێت."

 

بەڕێوەبەری گشتیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە لایەن ئەو کەسانەی گۆڕەکەیان بینیوە دەستکاری کراوە و ڕۆفاتی نێو گۆڕەکە کۆ کراونەتەوە، بەڵام ژمارەیان نازانرێت، لەبەر ئەوەی تێکەڵ کراون، ئەمە لە کاتێکدایە بە پێی یاسا قەدەغەیە ھیچ کەسێک جگە لە تیمی تایبەت دەستکاریی گۆڕی بەکۆمەڵ بکات، بەڵام ئێمە و بەڕێوەبەرایەتیی شەھیدانی کەرکووک و دەزگای شەھیدانی بەغدا دەستمان بە لێکۆڵینەوە کردووە و ئەنجامەکەی ئاشکرا دەکەین."

 

دوای ھاتنی گرووپی تیرۆریستیی داعش تەنیا لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی  حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ٤٣ گۆڕی بەکۆمەڵ دوزراونەتەوە و زۆربەی ڕۆفاتی نێو گۆڕەکانیش ئەو ھاووڵاتییە کوردانەن کە لە لایەن چەکدارانی داعشەوە زیندەبەچاڵ کراون.

 

لەبارەی بەڕێوەچوونی کارەکانی تیمەکانی ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکان، پەروین نووری دەڵێ: "دوای داگیرکردنی ناوچە کوردستانییەکان لە لایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکانەوە ڕێگە بە تیمەکانی ئێمە نادرێت کاری خۆیان بکەن، ئەمەش وای کردووە کارکردن لە دەیان گۆڕی بەکۆمەڵدا ڕابگرین، چونکە ئێمە ئەگەر دەسەڵاتمان نەبێت، دەزگای شەھیدی عێراق وەک پێویست ناتوانێ کاریان تێدا بکات."

 

KDP





ئەم هەواڵە 346جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ھەڵوێستێکی جوانی محەمەد سەڵاح
خاڵ بەدەستھێنان ئاوا دەبێت
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad