English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
کێ ئەم ئافرەتەی کوشت 
2018-01-30 [04:40 AM]

ZNA- ھەولێر 



تەرمی ئەو ژنەی شەوی ٢٠ی ئەم مانگە لە نزیک گوندێکی سەر بە ناحیەی دێگەڵەی قەزای کۆیە دۆزرایەوە، ھێشتا لە پەیمانگەی دادپزیشکی ھەولێرە. قوربانییەکە ژنێکە بەناوی (بێلان) کە شووی کردووە و منداڵێکی ھەیە. مێردی بێلان ماوەی ساڵێکە لە زیندانە. ئەو ژنە لەلایەن چەند خزمێکی نزیکی خۆیەوە کوژراوە.

شەوی ٢٠/١/٢٠١٨، کەسێک کە خۆی بە شوان ناساندووە، تەلەفۆن بۆ پۆلیسی کۆیە دەکات و لە ھەواڵی کوشتنی ژنێک ئاگاداریان دەکاتەوە، ھەر ئەو شەوە پۆلیس دەچنە ئەو شوێنەی کە شوانەکە لە تەلەفۆنەکەدا ناونیشانی دابوو، دوای گەڕانێکی زۆر، لە بەرەبەیاندا تەرمی ئافرەتێک لە سنووری گوندی شاخەپیسکەی سەر بە ناحیەی دێگەڵە لەنێو چەند تاوێرە بەردێکدا دەدۆزنەوە. رۆژی دواتر تەرمی ئافرەتەکە کە لەسەر دەم کەوتووە و شوێنی چەند گوللەیەک بە پشتییەوە بوو، زۆر بەخێرایی بە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکدا بڵاوبووەوە.

سەرەتا ناسنامەی قوربانییەکە ئاشکرا نەبوو، بەڵام دوای لێکۆڵینەوەی وردی پۆلیس لە تاوانەکە، ناسنامەکەی ئاشکرا کرا و پۆلیس توانی کەسوکارەکەی بناسێتەوە، ھەرچەندە تائێستا ھیچ کەسێک بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی نەچووەتە پەیمانگەی دادپزیشکی. بە گوتەی پۆلیس دوای رووداوەکە چوار کەس بە ناوی ونبوونی کەسوکاریان سەردانی پۆلیسیان کردووە، بەڵام تەرمەکە ھی ھیچ کامیان نەبووە.

کێ تاوانەکەی کردووە؟

شۆڕش کاکە، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای کۆیە لەبارەی ئەو کەیسەوە پێشتر گوتبووی : "ژنەکە تەمەنی نزیکەی ٢٠ ساڵ دەبێ، ھیچ ناسنامەیەکی پێ نەبوو، ھەر بە جلی ماڵەوە ھێنراوەتە دەرەوە، ماکسییەک و پاڵتۆیەکی سپی لەبەردا بوو، نەعلێکی پەمەیی لەپێدابوو. ھەروەھا لەسەر قۆڵی تاتۆیەک ھەبوو کە ناوی (قانیع)ی لەسەر نووسراوە، تەرمەکە لەنێو چەند تاشەبەردێکدا کەوتبوو". ھەروەھا گوتبووی: "بەپێی ئەو ھێڵکارییەی لە شوێنی رووداوەکە کراوە، زیاتر لە کەسێک تاوانەکەی ئەنجامداوە، چوار قەوانی گوللەش لە شوێنی رووداوەکە دۆزراونەتەوە، گوللەکان لە نزیکەوە و لەپشتەوە لە ئافرەتەکە دراون".

ئافرەتە کوژراوەکە کێیە؟

ئافرەتە کوژراوەکە ناوی (بێلان کەمال)ەو تەمەنی ٢١ ساڵە، خەڵکی قەزای کۆیەیە. بێلان ھەر دوای لەدایکبوونی، باوکی مردووە، بۆیە خاڵی بەناوی خۆیەوە ناسنامەی بۆ دەرکردووە، دایکی بێلان شوو بە مامی بێلان دەکاتەوە، بەڵام پێکەوە نەگونجاون و دوای ماوەیەک لە یەکدی جیابوونەتەوە.

دوای جیابوونەوەی دایکی و مامی، بێلان لە ماڵی دایکی دەمێنێتەوە، پاش ماوەیەک دەکەوێتە داوی خۆشەویستیی گەنجێک بەناوی (قانیع شەفیق)‌ کە تەمەن ٣١ ساڵ بووە، دواتر خێزان پێکەوەدەنێن، بەڵام ماڵی مامی بەم ھاوسەرگیرییە رازی نابن، بۆیە بێلان حاشا لە ماڵی مامی دەکات و لەگەڵ قانیع روودەکەنە شاری ھەولێر و لەوێ نیشتەجێ دەبن.

تاتۆکەی دەستی ئاشکرای کرد

ھاوژینی بێلان ساڵێک لەمەوبەر بەھۆی بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر دەستگیرکراوە و ئێستا لە گرتووخانەی چاکسازیی گەورانی ھەولێرە. ئەوەشی بووەتە ھۆکاری ناسینەوەی تەرمەکە ھەر قانیع بووە، چونکە بێلان بە تاتۆ ناوی ئەوی لەسەر دەستی خۆی نەخشاندووە. 

قانیع کە دوای کوژرانی بێلان لەلایەن پۆلیسەوە گوتەی لێوەرگیراوە، گوتوویەتی ئەو ھیچ کێشەیەکی لەگەڵ ژنەکەی نەبووە و ئەوانەی کوشتوویانە کەسوکاری بێلانن، ئەو دڵنیایە لەوەی ژنەکەی بێتاوان بووە و بەناحەق کوژراوە و بوختانی بۆ ھەڵبەستراوە کە گوایە پەیوەندی لەگەڵ کەسێکی دیکە ھەبووە، قانیع ئەمانە بە بیانوو دەزانێت و دەڵێت تەنیا بۆ تۆڵەسەندنەوە کوشتوویانە، تۆڵەی ئەوەی کە بێلان ئەمی خۆشویستووە و حاشای لێکردوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتی : "ماڵی مامی بێلان بکوژی ئەو ژنەن، ئەو پاش ئەوەی ھاوژینەکەی کەوتە زیندان، خۆی و کوڕەکەی لە ماڵەکەی خۆیاندا پێکەوە دەژیان، بەڵام ماڵی مامی پەیوەندییان پێوەکردبوو، بێلانیش لەلای کەسێک گوتوویەتی کەسوکارم دەڵێن وەرەوە و لێت خۆش دەبین، بێلانیش بەمە خۆشحاڵ بووە. بەگوتەی قانیعی مێردی ماوەیەک بووە بێلان سەردانی نەکردووە، بۆیە لە دوا ھەواڵی بێخەبەر بووە، پاش ئەوەی بێلان دەگەڕێتەوە بۆ ماڵی مامی، بەناوی پاراستنی نامووس دەیکوژن".

ژیانی منداڵەکەی لە مەترسیدایە

ھەمان سەرچاوە دەڵێت کە ژیانی کوڕەکەی بێلان و قانیع ئێستا لەمەترسیدایە، چونکە لە ماڵی مامی بێلانە و قانیع داوا دەکات کوڕەکەی لەوان وەربگیرێتەوە.
شۆڕش کاکە، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای کۆیە لەبارەی ئەو کەیسەوە  گوتی: "دوای بەردەوامبوونمان لە گەڕان بەدوای ناسنامەی ئەم کچەدا، سەرەداومان دەستکەوت و دادگاش فەرمانی گرتنی بۆ کەسانێکی نزیکی بێلان دەرکردووە". 

بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا ھیچ کەسێک لەسەر ئەم تاوانە دەستگیر نەکراوە و پۆلیس دەڵێت تۆمەتبارەکان ھەڵاتوون.

سەرچاوە / رووداو 
 





ئەم هەواڵە 7948جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad