English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
گەنجەکەی پردی دەلال لەسەر چی خۆی کوشت 
2018-01-30 [08:05 AM]

ZNA- ھەولێر 



ئەو گەنجەی لەسەر پردی دەلال خۆی کوشت، دەرکەوت کچە مامێکی خۆی خۆشویستووە، دۆتمامەکەی ماوەیەک لەمەوبەر شووی کردووە، ئەویش لە داخان خۆی کوشتووە. 

باوکی ئەو گەنجە کە ڤیدیۆی خۆکوشتنەکەی لەسەر پردی دەلال لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەیەکی زۆری ھەبوو، دەڵێت ئاگادار نەبووە کە کوڕەکەی ئەڤیندار بووە.

پردی دەلال بۆ خەڵکی کوردستان بەگشتی و زاخۆ بە تایبەتی، شوێنی تۆمارکردنی یادەوەرییە خۆشەکانە، بەڵام بۆ خێزانی عەبدولباری نووری، بۆ ھەتا ھەتایە دەبێتە بیرەوەرییەکی تاڵ، چونکە کوڕە تەمەن ١٨ ساڵانەکەیان ئێوارەی رۆژی ٢٧/١/٢٠١٨ لەسەر ئەو پردە بە گوللەیەکی دەمانچە کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێنا. لە ھەمووی تراژیدیتر بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ساتی خۆکوشتنەکەیەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە لەلایەن کەسێکەوە تۆمار کراوە و بڵاوکراوەتەوە. 

عەبدولباری نووری لە خێزانێکی موسڵمانی کۆمەڵگای گرزەرکی سەر بە قەزای شنگال بوو، ساڵ و نیوێک لەمەوبەر لەگەڵ خێزانەکەی لە قەزای سێمێل نیشتەجێ بووبوو.

عەبدولباری پێنج خوشک و پێنج برای ھەیە، لە شنگال لە پۆلی سێی ناوەندی بوو، بەڵام ساڵێَک بوو وازی لە خوێندن ھێنابوو، نووری شنگالی باوکی عەبدولباری باسی ھۆکاری خۆکوشتنی کوڕەکەی دەکات و دەڵێت: "دوای رووداوەکە وا بڵاوبووەتەوە کە کوڕەکەم حەزی لە کچێک کردووە، بەڵام پێشتر لەلای ئێمە باسی نەکردووە، قەتیش باسی ژنھێنانی نەکردووە".

باوکی عەبدولباری قەت ئەو دیمەنەی لەبەر چاو ون نابێ کە کوڕەکەی خۆی پۆشتە کرد و رۆیشت و نەگەڕایەوە "عەبدولباری گوتی ئەوە جلی زاوایەتییە لەبەرم کردووە، دەچم پیاسەیەکی خابیر دەکەم".
 
ئومێد عەبدولستار کە ھاوڕێیەکی نزیکی عەبدولبارییە و زۆربەی کات بە یەکەوە بوون، دەڵێت ھاوڕێکەی کچە ئامۆزایەکی خۆی خۆشویستووە، بەڵام ئامۆزاکەی ماوەیەک لەمەوبەر شووی کردووە.

ئومێد باسی ئەو شەوە دەکات کە عەبدولباری بۆ خۆشەویستەکەی گریاوە و دەڵێت: "شەوی سەری ساڵ لەگەڵ یەک بووین، کاژێر ١:٣٠ی شەو بوو، گوتی حەزدەکەم بچینە ماڵی مامم لە زاخۆ، سەعات ٢:٢٠ خولەک گەیشتینە ماڵی مامی، بڕیار بوو شەو لەوێ بمێنینەوە، بەڵام دوای پێنج خولەک عەبدولباری گوتی دەچینە ھوتێل، چووینە خواردنگایەک، کاژێر سێی بەیانی بوو، تەلەفۆنەکەی دەرھێنا و تەماشای مەسنجەرەکەی کرد، یەکسەر دەستی بە گریان کرد و گوتی ئەو کچە زۆر غەدری لێکردم".

ھەرچەندە عەبدولباری راز و نیازی خۆی بۆ ئومێد باس نەکردووە، بەڵام ئەو دەڵێت "دەمزانی ئامۆزایەکی خۆی خۆشدەوێ، بەڵام ئامۆزاکەی چەند مانگێک لەمەوبەر شووی کردبوو، بۆیە زۆر دڵگران بوو".

بە گوتەی ئومێد، ھاوڕێکەی زۆر دڵی بە زاخۆ دەکرایەوە، بۆیە زوو زوو سەردانی زاخۆی دەکرد، رەنگە ئەوەش پەیوەندی بە خۆشەویستەکەیەوە ھەبووبێ.

ئومێد دەڵێت: "عەبدولباری زۆر حەزی لە زاخۆ بوو، رۆژی ھەینی من لەگەڵ خێزانەکەم چووبووینە ماڵی خزمێکمان لە زاخۆ، سەعات دووی دوای نیوەڕۆ تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی لە کوێی؟ منیش گوتم لە زاخۆم، دواتر ھات بۆ زاخۆ، پێکەوە چووینە بازاڕ، دەیویست مۆبایلێک بکڕێ، منیش گوتم بۆچیتە؟ گوتی دەیکەمە دیاری بۆ تۆ، بەڵام من رازی نەبووم، تاوەکو سەعات نۆی شەو پێکەوە بووین، ئەو گەڕایەوە دھۆک و منیش ھەر لە زاخۆ مامەوە".

ئومێد باسی رۆژی رووداوەکە دەکات و دەڵێت: "رۆژی شەممە تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی لە کوێی، گوتم ھەر لە زاخۆم. گوتی باشە ئەوە منیش دێمە زاخۆ، سەعات دووی دوای نیوەڕۆ برایەکی تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی عەبدولباریت نەبینیوە؟ گوتم نا، بەڵام ئەو پێیگوتووم دێم بۆ زاخۆ و بڕیارە یەکدی ببینین". 

ئومێد چەند جارێک تەلەفۆن بۆ ھاوڕێکەی دەکات و وەڵامی ناداتەوە، برای عەبدولباری دووبارە تەلەفۆن بۆ ئومێد دەکات و پرسیاری عەبدولباری دەکات، بۆیە ئومێد جارێکی دیکە تەلەفۆن بۆ عەبدولباری دەکاتەوە. ئومێد دەڵێت "کە تەلەفۆنم بۆ کرد، کەسێک وەڵامی دایەوە گوتی خۆی کوشتووە".

ڤیدیۆی خۆکوشتنی عەبدولباری، زۆر بە زوویی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە کە لەلایەن گەنجێکی زاخۆییەوە وێنەگیراوە. نێچیرڤان ئەیوب کە ڤیدیۆکەی تۆمار کردووە،  گوتی "من لە نزیک پردی دەلال بووم، ئەو گەنجەم بینی بە تووڕەیی و دەنگی بەرز بە مۆبایل قسەی دەکرد، پاشان مۆبایلەکەی فڕێدایە نێو ئاوی خابوور، دواتر چەند گوللەیەکی تەقاند، منیش مۆبایلەکەم دەرھێنا و وێنەم دەگرت، پاشان گوللەیەکی لەسەری خۆی دا".

سەبارەت بەبڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە، نێچیرڤان گوتی: "راستییەکەی من نەموێرا لێی نزیک ببمەوە، چونکە پێموابوو شێتە یان سەرخۆشە، ترسام شتێکم بەسەر بێ، بۆیە نەمتوانی ھاوکاری بکەم. ڤیدیۆکەشم بۆیە بڵاوکردەوە بۆ ئەوەی کەسوکارەکەی بزانن خۆی کوشتووە و گومان لە کەس نەکەن".

سەرچاوە / رووداو
 





ئەم هەواڵە 6403جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
خۆی فڕێدەداتە بەردەم بارھەڵگرێک، بزانە چی لێدێت
پێکدادانی دوو فرۆکە
بوونەوەرێکی نامۆ لە فلپین دەردەکەوێت
لە پەخشی راستەوخۆی گێچەڵی سێکسی پێدەکرێت
خەونی ھەمو ئافرەتێک , کەسێکی ئاوای ھەبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad