English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سیاسەت و ئیرادە
2018-01-31 [10:23 AM]

نووسینی: بەسام عەلی


جیهان له‌سه‌رده‌می تاک جه‌مسه‌ری سیاسیدا، که‌ ئه‌مریکا به‌ته‌نها هه‌ژموونی به‌سه‌ر یه‌کلاکردنه‌وه‌ی ته‌نگه‌ژه‌ سیاسییه‌کاندا هه‌بوو، به‌جۆرێک به‌ڕێوه‌ ده‌برا، هه‌رچی ئێستایه‌ ده‌رکه‌وتنی جیهانێکی فره‌ جه‌مسه‌ر به‌ڕوونی ده‌بیندرێت.
مه‌له‌فی ئه‌تۆمی ئێران، و هه‌ڕه‌شه‌کانی کۆریای باکوور، و دورگه‌ی کریما، و ته‌نگه‌ژه‌ی سوریاو عێراق له‌ زه‌قترین ئه‌و نموونانه‌ن که‌ ئه‌مریکا به‌ ته‌نها نه‌یتوانیوه‌ بڕیاری له‌سه‌ر بدات و له‌ به‌شێکی زۆریشی شکستی هێناوه‌.
له‌ سه‌ره‌تادا ئه‌مریکا بڕیاری گۆڕینی به‌شاری دابوو، به‌ڵام ڕوسیاو ئێران به‌شاریان هێشته‌وه‌و ئه‌مریکایان ناچار کرد مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ واقع بکات، چه‌ندین جار ئه‌مریکا ناوچه‌ی پارێزراوی له‌ سوریا ره‌تکرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌تا تورکیا هێرشی سه‌ر ئیدلبی کردو ئێستاش عه‌فرین و داوای کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ مه‌نبه‌جیش ده‌کات، به‌مه‌ش هه‌ژموونی ئه‌مریکا ته‌نها له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی فورات ده‌مێنێت.
چه‌ندین ساڵه‌ بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس گه‌مارۆ دراوه‌، به‌ڵام به‌ بوونی ئیراده‌ی سیاسی توانیویانه‌ بمێننه‌وه‌، باشووری لوبنان نموونه‌یه‌کی تری بوونی ئیراده‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌مووه‌ فشاره‌ی له‌سه‌ر حیزبوڵڵایه‌‌.
به‌رگرییه‌ گه‌وره‌که‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ پردێ و سحێلا تا ده‌گات به‌ به‌رگری کوردانی ڕۆژئاوا له‌ کۆبانێ و عه‌فرین، نموونه‌یه‌کی دیاری بوونی ئیراده‌ن.
زلهێزه‌کانی دنیا پێشتر بۆ هه‌موو ململانێیه‌ک په‌نایان بۆ ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی ده‌برد، به‌ڵام له‌ ئێستادا به‌ هه‌موو جۆرێک خۆیان له‌ ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی به‌ دوور ده‌گرن، ئه‌مه‌ش به‌ ڕوونی له‌ ململانێکانی نێوان (ئه‌مریکا،روسیا، ئێران، تورکیا) دا ده‌بیندرێت. که‌ هه‌ریه‌که‌یان په‌نا بۆ شه‌ڕی له‌بری ده‌بات و خۆیان له‌ شه‌ڕی ده‌وڵه‌تی به‌دوور ده‌گرن.
رووداوه‌کان ده‌ریانخست، ئه‌وه‌ نه‌بوونی یه‌کڕیزی بوو بووه‌ هۆی له‌ده‌ستدانی که‌رکوک نه‌ک نابه‌رابه‌ری هێز، له‌ پردێ و سحێلاو کۆبانی و عه‌فرینیش هێزه‌کان نابه‌رابه‌ر بوون، به‌ڵام ئیراده‌ بۆ به‌رگری هه‌بوو، ئه‌وانه‌ی دوێنێ ده‌یانگووت هێزه‌کان له‌ که‌رکوک نابه‌رابه‌ر بوون، ئێستا ده‌ڵێن فێڵمان لێکراوه‌و گه‌ر بێت و ئه‌مریکا ڕێگه‌ بدات که‌رکوک ئازاد ده‌که‌ینه‌وه‌.
که‌ هێز نابه‌رابه‌ره‌ چۆن ئازادی ده‌که‌نه‌وه‌؟یان ئه‌وه‌تا له‌ده‌ستدانه‌که‌ی به‌هۆی نابه‌رابه‌ری هێز نه‌بووه‌، به‌ڵکو یه‌کڕیز نه‌بووین و ئیراده‌ی به‌رگری نه‌بوو.
ده‌کرێت بپرسین، بۆ به‌ ئاسایی وه‌ریده‌گرین حیزبوڵڵا له‌ باشووری لوبنانه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئیسرائیل بکات؟ به‌ڵام پێمان سه‌یر بێت سه‌رکردایه‌تی کوردستان به‌ عه‌بادی بڵێت له‌شکر کێشی و به‌عه‌ره‌بکردن و داگیرکردنی خاکی کوردستانت لێ قبوڵ ناکه‌ین؟
ئێمه‌ش مرۆڤین خودا مافی ژیانی ئازادانه‌ی پێ داوین، ناکرێت که‌مووکوڕی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات، ئیراده‌مان لاواز بکات، ته‌نها ئیراده‌یه‌ سیاسه‌تی ئه‌مری واقع ده‌سه‌پێنێت.
نه‌ته‌وه‌ زیندووه‌کان وانه‌ له‌ شکسته‌کانیان وه‌رده‌گرن، نه‌ک ته‌سلیم بوون و نه‌مانی ڕۆحیه‌تی به‌رگری.





ئەم هەواڵە 2500جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
یەکەم جارە ماسی لەم شێوەیە ببیندرێت
خۆی فڕێدەداتە بەردەم بارھەڵگرێک، بزانە چی لێدێت
پێکدادانی دوو فرۆکە
بوونەوەرێکی نامۆ لە فلپین دەردەکەوێت
لە پەخشی راستەوخۆی گێچەڵی سێکسی پێدەکرێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad