English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
باوکێک دەستدرێژی دەکاتە سەرکچەکەی و براکانیشی ھاوسەرەکەی دەکوژن 
2018-01-31 [05:53 AM]

ZNA- ھەولێر 



رۆژە رەشەکەی چناری تەمەن ٢١ ساڵان لەوکاتەوە دەستیپێکرد کە دایکیان بەھۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە لە باوکیان جیابووەوە، دوای ماوەیەک (خ.ح)ی باوکیان دەستدرێژی دەکاتە سەر چنار و خوشکێکی دیکەی بەناوی (چ)، بەڵام ئەوان لەم تاوانەی باوکیان بێدەنگ نابن و سکاڵا تۆمار دەکەن، باوکیان دەستگیر دەکرێ و دوای ئەوە چنار و (چ) لەگەڵ سێ براکەیان بێ سەرپەرشت دەمێننەوە.

چنار کە خوشکی گەورەی (چ) و سێ براکەیەتی، گەنجێک دەناسێت و دەکەوێتە داوی خۆشەویستییەوە، گەنجەکە ناوی ھۆگرە و خەڵکی ھەولێرە، خێزاندارە و سێ منداڵیشی ھەیە، ھۆگر دوای ناسینی چنار، بڕیار دەدات لە ھاوژینەکەی جیاببێتەوە، پاش ماوەیەک چنار مارە دەکات.

خوشکەکەیان دەکوژن

بەیان ئیسماعیل کە دایکی ھۆگرە، لەبەر گریان چاوەکانی بۆ نەدەکرانەوە، چیرۆکی مارەبڕینی چناری بەم شێوەیە بۆ پۆلیس گێڕایەوە: "ئاگاداری مارەبڕینەکەی ھۆگر و چنار نەبووین، ئەو لەلای کەرکووک مارەی کردبوو، بەڵام کاتێک زانیم ناچار بووم قبوڵی بکەم بەو مەرجەی دڵنیابم بە شەرعی مارەی کردووە، ئەویش دڵنیای کردمەوە". ھۆگر ھاوژینی یەکەمی تەڵاق دەدات، بەڵام منداڵەکانی ھەر لەلای خۆی دەمێننەوە.

دوای ئەوەی چنار و ھۆگر بڕیار دەدەن پێکەوە بژین، باوکی چنار پەیوەندی بە سێ کوڕەکەی و (چ)ی کچییەوە دەکات و داوایان لێدەکات ئەو سکاڵایەی لەدژی تۆماریان کردووە بیکشێننەوە، بۆ ئەوەی بەر لێبووردنی گشتی بکەوێت، ئینجا خوشک و براکانی دێنە ماڵی چنار و داوای لێدەکەن سکاڵاکە بکشێننەوە، بەڵام چنار رازی نابێ، پێیاندەڵێت بەھیچ شێوەیەک لە باوکم خۆشنابم". خوشک و براکانی کە چەند شەوێک لە ماڵی چنار دەمێننەوە، شەوی ١٩/١/٢٠١٨ چناری خوشکیان و ھۆگری زاوایان دەکوژن و ھەڵدێن.

خوێن لە دایکم و باوکم دەڕوات و ناجوڵێن

دایکی ھۆگر باسی چۆنیەتی ئاگاداربوونەوە لە رووداوەکە و ھەواڵی کوشتنی کوڕ و بووکەکەی دەکات و دەڵێت: "ھەموو بەیانییەک پەیوەندی بە کوڕ و بووکەکانمەوە دەکەم و ھەواڵیان دەپرسم. ئەو بەیانییە چوار جار تەلەفۆنم بۆ بووکەکەم کرد وەڵامی نەبوو. ھۆگر زۆر حەزی لە کفتە بوو، منیش ویستم پێی بڵێم نیوەڕۆ کفتە دەکەم، کاتێک تەلەفۆنم بۆ کرد، کچە حەوت ساڵانەکەی بە گریانەوە وەڵامی دامەوە و گوتی دایە گەورە خوێن لە باوکم و دایکم دەڕوات و ناشجوڵێن، ئەو دوو منداڵە تا بەیانی بەدیار تەرمی دایک و باوکیانەوە لەناو جێگەدا بوون و گریاون، بەبێ ئەوەی کەس بزانێت".

تاوانەکە بە پلان بووە

تاھیر عەبدولڕەحمان، باوکی ھۆگرە و جگە لە ھۆگر خاوەنی پێنج کوڕ و دوو کچە، تاھیر ھەر کە ناوی کوڕ و بووکەکەی دێنێ گەرووی پڕ دەبێت لە گریان. ئەو دەڵێت: "چنار کچێکی زۆر باش بوو، لە ھۆگری کوڕم زیاتر خۆشمدەویست، ئافرەتێکی زۆر ئاقڵ و گوێڕایەڵ بوو، ئێمە زۆر زانیاریمان لەسەر رووداوەکە ھەیە و ھەموو زانیارییەکانمان داوەتە پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکان".

باوکی ھۆگر دەڵێت: "ئێمە ئاگاداری یەکترناسینی ھۆگر و ئەو خێزانە نەبووین، کاتێک باوکی چنار دەستدرێژی کردبووە سەر کچەکانی، ویستبووی بیانکوژێ، (ر) کە برای چنارە، داوای لە ھۆگر کردبوو ھاوکارییان بکات، ئەویش ھاوکاریی کردوون و رزگاری کردوون، دواتر بە رەزامەندیی خوشک و براکانی چناری مارە کردووە".

باوکی ھۆگر ھیچ گومانێکی نییە لەوەی تاوانەکە بە پلان کراوە، ئەو چەندین بەڵگە دەخاتەڕوو دەڵێت: "(چ) و (ز)ی برای چنار لەلای ئێمە و لەگەڵ چنار و ھۆگر دەژیان و ھۆگریان زۆر خۆشدەویست و بە کاکە بانگیان دەکرد، بەڵام رۆژی ٩/١/٢٠١٨ بەناوی چوونە بازاڕ رۆیشتن، دوای دوو رۆژ و شەوێک گەڕانەوە، گوتیان چووینەتە ماڵی مامم لە سەنگەسەر، بەڵام من دڵنیام کە چوونەتە لای باوکیان. تەنانەت چنار و ھۆگر ھاتنە لام و گوتیان مادام بەبێ پرس رۆیشتوون، دەریاندەکەین، بەڵام من نەمھێشت و گوتم ئەوانە ھیچ پشت و پەنایەکیان نییە". ھەروەھا دەڵێت: "دەنگی تۆمارکراومان داوەتە پۆلیس کە خوشک و براکانی، چنار ھاندەدەن ھۆگر بەجێبھێڵێت و بگەڕێتەوە لای ئەوان".

تاھیر گومانی لە کوشتنەکەش ھەیە، ئەو دەڵێت: "گومانم ھەیە پێش کوشتنیان، چنار و ھۆگر دەرمانخوارد کرابن، چونکە کاتێک تەرمەکانم بینی، پێنەدەچوو راستەوخۆ کوژرابن، ھەر ھیچ نەبێ دەبوو کاردانەوەیەکیان ھەبووایە، بەڵام ئەوان بەشێوەیەک کوژراون کە زۆر جێی گومانە، ھەردووکیان لە ژووری نووستن لەسەرلا و لەتەنیشت یەکتر راکشاون، گوللەکان لە سەریان درابوو، دوو گوللە لە ھۆگر و گوللەیەک لە چنار درابوو، جگە لەوەش ھەرێز کە تەمەنی ٧ ساڵانە و کچی گەورەی ھۆگرە، لەبارەی ئەو شەوە پێیگوتم: شەو درەنگ بوو (چ) قاوەی ھێنا بۆ باوکم و چنار، من دەزانم چنار و ھۆگر شەوانە درەنگ دەخەون، بەڵام بەپێی قسەکانی ھەرێز ئەو شەوە زوو ئەویان خەواندووە، بۆیە دڵنیام پێش ئەوەی تەقەیان لێبکەن، ژەھرخواردکراون".

لەبارەی چارەنووسی منداڵەکانیش، باوکی ھۆگر دەڵێت: "دوای رووداوەکە بە بڕیاری دادوەر منداڵەکان دراونەتەوە دایکی خۆیان".

کەس دەستگیر نەکراوە

لەبارەی ئەم رووداوە، ھۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر گوتی : "فەرمانی دەستگیرکردن بۆ خوشک و براکانی چنار دەرچووە، بەڵام ھەر ئەو شەوەی تاوانەکەیان کردووە، ھەڵاتوون و ھێشتا دەستگیرنەکراون".

باوکی ھۆگریش دەڵێت: "سکاڵامان لەسەر ئەو چوار خوشک و برایە و باوکی چنار و (س)ی مێردی پووری چنار و (س)ی خەزووری پووری چنار تۆمار کردووە، پێمانوایە ئەوانیش دەستیان لەو تاوانەدا ھەبووە کە دەرھەق بە کوڕەکەم و بووکەکەم کراوە، بەڵام ھیچیان دەستگیر نەکراون، ئەگەرچی چوار ژمارە مۆبایلی تۆمەتبارەکانیشمان داوەتە پۆلیس و دادگا تا بەدواداچوون بۆ پەیوەندییەکانیان بکەن لە ماوەی ٩/١/٢٠١٨ کە لەو رۆژەدا (چ) و (ز) رۆیشتبوون، تا رۆژی ئەنجامدانی تاوانەکە، ھەروەھا داوامان کردووە سەیری کامێراکانی سەر رێگا گشتییەکان و بازگەکان بکرێت لە شەوی تاوانەکە، تا ئاشکراببێ کە بۆ کوێ رۆیشتوون، بەڵام گلەییم لە دادگا و حکومەت ھەیە کە وەک پێویست بەدواداچوونیان نەکردووە و تۆمەتبارەکانیان دەستگیر نەکردووە".

چارەنووسی باوکی چنار

باوکی چنار بەپێی ماددەی ٣٩٣ دەستگیر کراوە کە تایبەتە بە دەستدرێژی، دوای ئەوەی یاسای لێبووردنی گشتی لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوو، باوکی چنار ھەوڵی دابوو لەڕێگەی کشاندنەوەی سکاڵای کچەکانی، بەر لێبووردنی گشتی بکەوێت، بەڵام بەگوتەی ھۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر "ئەگەر چنار و خوشکەکەی سکاڵاکەشیان کێشابایەوە، ئەو ماددەیەی باوکی چناری پێ دەستگیرکراوە، لێبووردنی گشتی نەیدەگرتەوە".

سەرچاوە / رووداو
 





ئەم هەواڵە 10960جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
سەیرترین رووداوەکانى ھاتووچۆ
كوشتنی به‌رێوه‌به‌ری پاسه‌پۆرتی پارێزگای بابل
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad