English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
فیلمێکی کوردی کاندیدی خەڵاتی بینەرانی رۆتردامە
2018-01-31 [06:33 AM]

هەولێر – ZNA


فیلمی سینەمایی "زاگرۆس" لە دەرهێنانی سەهیم عومەر خەلیفە، لە 47مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی رۆتردام لە هۆڵەندا بەشدارە و کاندیدی خەڵاتی بینەرانە.

 

ئەم بەرهەمە سینەماییە تاوەکو ئێستا یەک نمایشی لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا بۆ کراوە و لە نێو نزیکەی ٢٠٠ فیلمدا، لە ریزبەندی دووەمدا دێت لە بەدەستهێنانی دەنگەی بیەران بۆ فیلمەکە.

 

بڕیارە دوو نمایشی دیکە بۆ فیلمەکە بکرێت و لە چوارچێوەی چالاکییەکانی فێستیڤاڵدا، براوەی خەڵاتی بینەران رادەگەیێندرێت.

 

ئەم بەرهەمە سینەماییە لە بەشی "Limelight"ـی فێستیڤاڵی رۆتردامدا بەشدارە کە تایبەتە بە نمایشکردنی ئەو فیلمانەی لە فێستیڤاڵە گرنگەکاندا بەشداربوونە و و خەڵاتی گرنگیان بەدەستهێناوە.

 

فێستیڤاڵی رۆترادام بە یەکێک لە گرنگترین فێستیڤاڵە سینەماییەکانی ئەوروپا دەناسرێت و ئەمساڵ 47مین خولی لە 24 کانوونی دووەم/ یەنایەر دەستیپێکرد و تاوەکو شوبات/ فەبرایەر 2018 لە شاری رۆتردام لە هۆلەندا بەڕێوەدەچێت.

 

لەلایەکی دیکەوە فیلمی "زاگرۆس" کە یەکەم فیلمی درێژی خەلیفەیە، لەگەڵ هەشت فیلمی دیکەدا لە بەشی پێشبڕکێی 35مین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی فیلمی ئەنۆنای لە شاری ئەنۆنای لە فەڕەنسا، پێشبرکێی بردنەوەی خەڵات دەکات.

 

فێستیڤاڵی ئەنۆنای، بە یەکێک لە فێستیڤاڵە کۆنەکانی فەڕەنسا دەناسرێت و یەکەم خولی لە ساڵی 1984 بەڕێوەچووە و ساڵانە چالاکییەکانی لە 2 تاوەکو 12 شوبات/ فەبرایەر 2018 بەڕێوەدەچێت.

 

لەلایەکی دیکەوە، ئەم فیلمە کوردییە، لەلایەن ماڵپەڕی "Cutting Edge"ـی بەلژیکی، لەگەڵ چوار فیلمی دیکەی ئەو وڵاتە دەستنیشانکراوە بۆ ئەوەی وەک باشترین فیلمی 2017 هەڵبژێردرێت و لەلایەن خوێنەران و هۆگرانی سینەماوە دەنگی لەسەر بدرێت.

 

ئەم ماڵپەڕە ساڵانە لە چەندین بواری جیاوازدا، وەک سینەما، میوزیک و کتێب رای خوێنەرانی وەردەگرێت و باشترین بەرهەمەکانی ساڵ دەناسێنێت.

 

"زاگرۆس"  بەشداری لە 44مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گێنت لە بەلجیکا کرد و خەڵاتی گەورەی فێستیڤاڵی بەدەستهێنا کە خەڵاتی "Grand Prix" بوو، هەروەها  دوو خەڵاتی لە بەشی پێشبڕکێی 18یەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئاڕەس لە فەڕەنسا بەدەستهێنا، کە خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بوو لەلایەن لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵ و خەڵاتی باشترین فیلم لەلایەن بینەرانەوە.  

 

ئەم بەرهەمە سینەماییە  لە ١٤مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمایی دوبەیدا بەشداربوو و کاندیدی چوار خەڵات بوو و دوو نمایشی تایبەتی بۆ کرا.

 

"زاگرۆس" بەرهەمێکی هاوبەشی بەلژیکا و هۆڵەندایە، پرۆدیۆسەری سەرەکی فیلمەکە دریس فالیپۆیە و سەهیم عومەر، جەین- کلود و ڤان ریچکهام سیناریۆکەیان ئامادەکردووە.

 

"زاگرۆس" چیرۆکی شوانێک بەناوی زاگرۆس دەگێڕێتەوە کە هاوژینی خۆی زۆر خۆشدەوێت، بۆ ئەو کوردستان بەهەشتە، بەڵام هاوژینەکەی هاڤین و کچەکەی رەیهان، روودەکەنە بەلژیکا، دواتر زاگرۆزیش بڕیاردەدات بچێتە ئەو وەڵاتە.

 

سەهیم عومەر خەلیفە، پێشتر لەرێگەی کورتەفیلمی "میسی بەغداد"، "وڵاتی پاڵەوانان" و "نێچیرڤانی خراپ"، ٩٨ خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا وەرگرتووە.

 

 





ئەم هەواڵە 2467جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
خۆی فڕێدەداتە بەردەم بارھەڵگرێک، بزانە چی لێدێت
پێکدادانی دوو فرۆکە
بوونەوەرێکی نامۆ لە فلپین دەردەکەوێت
لە پەخشی راستەوخۆی گێچەڵی سێکسی پێدەکرێت
خەونی ھەمو ئافرەتێک , کەسێکی ئاوای ھەبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad