English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پەرلەمان جێبەجێکردنی یاسای ھاتوچۆی ھەموار کردەوە
2018-01-31 [08:32 AM]

ZNA- هەولێر


 

ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان یاسای ھاتوچۆی ژمارە (٨٦)ی ساڵی ٢٠٠٤ی ھەرێمی کوردستان-عێراقی ھەموار کردەوە.

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٠١٨/١/٣١، پەرلەمانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی دکتۆر جەعفەر ئیبراھیم ئێمینکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و بێگەرد دڵشاد تاڵەبانی، سکرتێری پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە (٦)ی ئاساییی خولی پاییزە، ساڵی پێنجەم لە خولی چوارەمی ھەڵبژاردنی ئەنجام دا.

 

سەرەتا جێگری سەرۆکی پەرلەمان، بەرنامەی کاری دانیشتنەکەی خوێندەوە کە لە چوار خاڵ پێک ھاتبوو، خاڵی یەکەم بریتی بوو لە گفتوگۆکردنی پڕۆژەیاسای ھەمواری یەکەمی یاسای ھاتوچۆی ژمارە (٨٦)ی ساڵی ٢٠٠٤ لە ھەرێمی کوردستان-عێراق، بە پێی ماددەکانی (٧٥،٧٤،٧٢) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ی ھەموارکراو، خاڵی دووەمیش بریتی بوو لە خوێندنەوەی یەکەمی پڕۆژەیاسای پاراستنی تۆڕ و دامەزراوەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە ھەرێمی کوردستان-عێراق، کە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێشکەش کراوە، بە پێی ماددەی (٧١) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ی ھەموارکراو، خاڵی سێیەمیش بریتی بوو لە دانانی ئەو ئەندامە بەڕێزانەی پەرلەمان لە لیژنە ھەمیشەییەکانی پەرلەمانی کوردستان، بە پێی ماددەی (٤٤) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ی ھەموارکراو: زیادکردنی ئەندامی پەرلەمان، بەڕێز ئەیوب عەبدوڵڵا ڕەسووڵ، بۆ سەر لیژنەی کاروباری پەرلەمان، ھەروەھا زیادکردنی ئەندامی پەرلەمان، بەڕێز عەبدولڕەحمان فارس عەبدولڕەحمان (ئەبوو کاروان)، بۆ سەر لیژنەی کاروباری کۆمەڵگەی مەدەنی، خاڵی چوارەم و کۆتایی بەرنامەی کاریش بریتی بوو لە گفتوگۆکردنی پڕۆژەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، کە لە لایەن لیژنەی کاتی بۆ پێداچوونەوەی پەیڕەوی ناوخۆ ئامادە کراوە، بە پێی بڕیاری ژمارە (٢٦)ی ساڵی ٢٠١٤ و بڕگەی (٨) لە ماددەی (پەنجاو شەشەم)ی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ی ھەموارکراو و پاڵپشت بە ماددەی (٩٤)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ی ھەموارکراو.

 

سەرەتای دانیشتنەکە لە لایەن ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانەوە پێشنیاز کرا گۆڕانکاری لە ڕیزبەندیی خاڵەکانی دووەم و سێیەمی بەرنامەی کار بکرێت و دوای خستنە دەنگدانییانەوە بە جیا، بە کۆی دەنگ خاڵی دووەم بوو بە خاڵی یەکەم و خاڵی سێیەمیش بوو بە خاڵی دووەم و بەو پێیەش لە لایەن لیژنەی کاروباری یاساییی پەرلەمانەوە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای پاراستنی تۆڕ و دامەزراوەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە ھەرێمی کوردستان کرا و لە لایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەکان و سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان کرا.

 

بە پێی خاڵی دووەمی بەرنامەی کاریش داوای گۆڕانکاریکردن لە ڕیزبەندیی خاڵەکان، بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئامادەبوو، زیادکردنی ئەندامی پەرلەمان بەڕێز ئەیوب عەبدوڵڵا ڕەسووڵ، بۆ سەر لیژنەی کاروباری پەرلەمان و زیادکردنی ئەندامی پەرلەمان بەڕێز عەبدولڕەحمان فارس عەبدولڕەحمان (ئەبووکاروان)، بۆ سەر لیژنەی کاروباری کۆمەڵگەی مەدەنی پەسند کران.

 

بە پێی خاڵی سێیەمی بەرنامەی کاریش کە بریتی بوو لە گفتوگۆکردنی پڕۆژەیاسای (ھەمواری یەکەمی یاسای ھاتوچۆی ژمارە (٨٦)ی ساڵی ٢٠٠٤ لە ھەرێمی کوردستان-عێراق)، دوای خوێندنەوەی پڕۆژەھەموارەکە و ڕاپۆرتی ھاوبەشی ھەردوو لیژنەی کاروباری یاسایی و لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان و گفتوگۆکردنی سەرجەم ماددە و بڕگەکانی پڕۆژەھەموارەکە و خستنەڕووی سەرنج و پێشنیازی ئەندامانی پەرلەمان لەسەریان و سەرلەنوێ داڕشتنەوەیان بە ڕەچاوکردنی سەرنج و پێشنیازی ئەندامانی پەرلەمان بە مەبەستی دەوڵەمەندکردنی زیاتری و لادانی چەند ماددەیەک و زیادکردنی ماددەیەکی تازە پڕۆژەھەموارەکە بە دەنگدان و خستنە دەنگدانی ماددە بە ماددە و بڕگە بە بڕگەی پڕۆژەھەموارەکە و ھۆکارەکانی دەرچوواندنی و دواتریش کۆی یاساکە، بە کۆی دەنگ پەسند کرا و بەو بۆنەیەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمان پیرۆزبایی لە ئەندامانی پەرلەمان و خەڵکی کوردستان کرد.

 

پێویستە بگوترێ مەبەست لە دەرچوواندنی ئەو یاسایە سنووردارکردن و کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی ھاتوچۆ و پاراستنی گیان و سامانی ھاووڵاتییان و گونجاندنییەتی لەگەڵ ئامانجەکانی یاساکە.





ئەم هەواڵە 373جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ھەڵوێستێکی جوانی محەمەد سەڵاح
خاڵ بەدەستھێنان ئاوا دەبێت
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad