English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پێنتاگۆن داوا ده‌كات توركيا واده‌يه‌ك بۆ كۆتايهێنان به‌ هێرشه‌كانى سه‌ر عفرين ديار بكات
2018-02-02 [09:57 AM]

ZNA-ھەولێر


یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ کاروباری پەیوەندییە گشتییەکان، دانا وایت رایگەیاند، پێنتاگۆن لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە بەردەوامە و داوایلێکردووە، سنوورێک بۆ کۆتایھێنان بە ھێرشەکانی بۆ سەر عەفرین دابنێت.

وایت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، کە دوێنێ پێنجشەممە لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) ئەنجامیدا، رایگەیاند، ئەمریکا لە نیگەرانییەکانی تورکیا سەبارەت بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تێدەگات.

گوتیشی: "وەزیری بەرگری ئەمریکا جیمس ماتیس لەو بڕوایەدایە ئەوەی تورکیا لە عەفرین ئەنجامیدەدات، خزمەتی ئۆپراسیۆنی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە سووریا ناکات".

ئەم لێدوانەی وایت لە کاتێکدایە ھێرشەکانی سوپای تورکیا پێی نایە ١٤یەمین رۆژییەوە و شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپای تورکیا و ھاوپەیمانەکانی لە لایەک و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و ھێزەکانی سووریای دیموکرات (ھەسەدە) لە لایەکی دیکەوە بەردەوامە.

لەو چوارچێوەیەدا، دوێنێ ناوەندی راگەیاندنی ھێزەکانی سووریای دیموکرات (ھەسەدە)، لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆس کەوتووە، ئاماری شەھید و بریندارانی عەفرین و ژمارەی پێکدادان و زیانەکانی سوپای تورکیای بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە، "سوپای تورکیا و میلیشیاکانی سەر بە قاعیدەی ھاوپەیمانی، بە بەکارھێنانی ھەموو پێشکەوتنێکی سەربازی و تۆپباران و بۆمبابارانی فڕۆکەکانییەوە شکستیان ھێناوە لە بەردەم بەرگری ھێزەکانمان".

ھەروەھا ھاتووە: "سوپای تورکیا و ھاوپەیمانەکانی بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شکستەیان پەنایان بردووەتە بەر ئەنجامدانی ھەموو کردەوەیەکی ھۆڤیانە لە ئامانجگرتنی مەدەنییەکان و منداڵ و ژنەوە تا بە ئامانجگرتنی شوێنەوارەکان لەوانەش شوێنەواری عەین دارە و زیان پێگەیاندنی، بە ئامانجی ناچارکردنی گەلەکەمان بۆ کۆچکردن و گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، ھەسەدە ئاماری زیان و کردەوە سەربازییەکانی لە ماوەی ھەفتەی رابردوودا واتە لە ٢٦ی کانوونی دووەم/ یەنایری ٢٠١٨ تا ١ی شوبات/ فێبرایەری ٢٠١٨ راگەیاند، کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

*سوپای تورکیا ١٨٩٣ گولە تۆپی قورسی ئاراستەی ھەموو ناوچەکانی عەفرین کردووە.

*فڕۆکەکانی تورکیا ٤٦٠ غارەیان کردووەتە سەر ناوچەکانی دانیشتوان و گوند و ئاواییەکان و بەرەکانی شەڕ.

*ھێلیکۆپتەری کوبرا ١٥ جار ھێرشی ئاسمانیان بۆ سەر بەرەکانی شەڕ و گوند و ئاواییەکان ئەنجامداوە.

*فڕۆکەکانی چاودێری بێ وچان لە ئاسمانی عەفرین سووڕاونەتەوە.

*سوپای تورکیا و رێکخراوی قاعیدە، چەکی قەدەغەکراوی وەک بۆمبی ھێشوویی و ناپاڵمی بەکارھێناوە و مزگەوت و قوتابخانەکانیش لە ھۆڤیەتی سوپای تورکیا و رێکخراوی قاعیدە دەربازیان نەبووە.

*ھێزەکانی سووریای دیموکرات ٢٥٠ جار راستەوخۆ رووبەڕووی ھێرشی سوپای تورکیا و رێکخراوی قاعیدە بوونەتەوە.

*لە کوژرانی ٤٧٣ سەربازی سوپا و چەکداری ھاوپەیمانی سوپا لە رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە دڵنیابووینەتەوە.

*دڵنیابووینەتەوە لەوەی تەرمی ٣٢ سەرباز و چەکداری قاعیدە لە مەیدانی شەڕدا بەجێماوون و ھێشتا دوژمن نەیتوانیوە تەرمەکان بەرێتەوە.

*فڕۆکەیەکی جۆری دروون و ٢٥ زرێپۆشی سوپا بە تەواوی لەناو براون و تانکێک و ئۆتۆمبێلێکی گولەنەبڕی تایبەت بە گواستنەوەی سەربازان تێکشکێنراون.

*١١ زرێپۆش و تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازی راستەوخۆ زیانیان پێگەیەندراوە.

*ھێزەکانمان دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکی گولەنەبڕی جۆری دووپشک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت بە گواستنەوەی سەربازدا گرتووە.

*ھێزەکانمان ٧٢ جار پێکدادانیان لەگەڵ دوژمن ھەبووە بێ ئەوەی رادەی زیانەکانی دوژمن بزانرێت.

*لە کۆی ئەو پێکدادان و بەرگریانەدا ٣٤ جەنگاوەری ھێزەکانی سووریای دیموکرات شەھید بوونە.

* لە سەرجەم ھێرشەکانی سوپای تورکیادا ٣٠ ھاووڵاتی مەدەنی کە لە ناویاندا منداڵ و ژن ھەن شەھید بوونە و دەیان ھاووڵاتیش بریندار بوون.

*شەڕڤانێکمان بە دیلی کەوتووەتە دەست دوژمن و لە گوندەکانی سنووریش، سوپای تورکیا و قاعیدە ٦ ھاووڵاتیان رفاندووە.

ئێوارەی رۆژی شەممە ٢٠ی کانوونی دووەم/ یەنایری ٢٠١٨، کاتژمێر (٠٥:٠٠) ھێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین لە ژێر ناوی "ئۆپراسیۆنی چڵە زەیتون" و بە بۆمبابارانکردنی شارەکە لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بە رەسمی دەستیپێکرد.

ئۆپراسیۆنەکە وێڕای بەشداری تانک، زرێپۆش، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا و ھێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە، بە یاوەری دەیان ھەزار لە چەکدارە میلیشیاییەکانی "سوپای ئازادی سووریا" بەڕێوەدەچێت.

 

رێباز یونس 





ئەم هەواڵە 1180جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
خۆی فڕێدەداتە بەردەم بارھەڵگرێک، بزانە چی لێدێت
پێکدادانی دوو فرۆکە
بوونەوەرێکی نامۆ لە فلپین دەردەکەوێت
لە پەخشی راستەوخۆی گێچەڵی سێکسی پێدەکرێت
خەونی ھەمو ئافرەتێک , کەسێکی ئاوای ھەبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad