English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
وەزارەتی نەوتی عێراق داوای لە كۆمپانیای رۆسنەفت كردووە ئەم مانگە شاندێك رەوانەی بەغدا بكات
2018-02-03 [10:09 AM]

ZNA-هەولێر


وەزارەتی نەوتی عێراق داوای لە کۆمپانیای رۆسنەفتی رووسی کردووە بۆ تاوتوێکردنی ئەو گرێبەستە نەوتییانەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان واژۆیکردوون، شاندێک رەوانەی بەغدا بکات.

بەپێی ماڵپەڕی ئەتڵەنتیک کاونسڵ، وەزارەتی نەوتی عێراق داوای لە کۆمپانیای رۆسنەفت کردووە ئەم مانگە شاندێک رەوانەی بەغدا بکات بۆ تاوتوێکردنی ئەو گرێبەستە نەوتییانەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان واژۆیکردوون، "بۆ ئەوەی جارێکی دیکە نەوتی کەرکووک لەڕێگەی بۆڕی نەوتی کوردستان ـ جەیھان بۆ بازاڕەکانی جیھان ھەناردە بکرێتەوە، بەو پێیەی لە ٦٠%ی پشکی بۆرییەکە موڵکی کۆمپانیاکەیە".

سەبارەت بە ناکۆکییە نەوتییەکانی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، بڕیارە لە مانگی ئاداری داھاتوو جەبار لوعێبی، وەزیری نەوتی عێراق سەردانی ھەولێر بکات و مانگی ئاداریش سەردانی مۆسکۆ دەکات.

رۆژی ٢-١-٢٠١٨  وەزیری نەوتی عێراق لە تینک تانکی بەریتانی "چاتھام ھاوس" رایگەیاند، لە ئاداری ئەمساڵ بەنیازە سەردانی مۆسکۆ بکات، بەڵام دەیەوێت بەرپرسانی کۆمپانیای رۆسنەفت بەر لەو سەردانەی بۆ رووسیا بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەبارەی داھاتووی گرێبەستەکەیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکەن. بە بڕوای جەبار لوعێبی کاتێک گفتوگۆکان دەستیانپێکرد، "گەیشتن بە رێککەوتن ئاسان دەبێت".

جەبار لوعێبی ئامادەیی بێ مەرجی وەزارەتی نەوتی عێراقی نیشاندابوو بۆ بیرۆکەی پێکەوەکارکردنی رۆسنەفت و بریتش پترۆڵیۆم (BP ) لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک. بەڵام جەختی لەوەکردووەتەوە، پێویستە رۆسنەفت دەستپێشخەری بکات و لەم پرسەدا بەغدا بەشداری پێبکات.

لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، کۆمپانیای رۆسنەفت گرێبەستێکی لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان واژۆکرد بۆ دەرھێنانی نەوت لە پێنج کێڵگەی ھەرێمی کوردستان، گرێبەستەکە ھەروەھا پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە لۆجیستییەکان و پەرەپێدان بە ژێرخانی نەوت و بازرگانی بە وزە دەگرێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیاکە گرێبەستێکی لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی ھاوبەش لەبواری گواستنەوەی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی کوردستان جەیھان.

بەپێی رێککەوتننامەکەی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیای رۆسنەفت، کۆمپانیاکە تێچووی لێکۆڵینەوە و دۆزینەوە و ھەڵکۆڵینی بیرەکان لەئەستۆ دەگرێت، کە دەگاتە ٤٠٠ ملیۆن دۆلار، ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری لە فرۆشتنی نەوتەکە تەرخان دەکرێت لەدوای دەرھێنانی، لەبەرامبەردا کۆمپانیای رۆسنەفت لەسەتا ٨٠ـی قازانجی پرۆژەکەی دەستدەکەوێت.

کۆتایی مانگی رابردوو، مەھدی عەللاق، ئەمینداری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەغدا پابەندی گرێبەستەکانی رۆسنەفت لەگەڵ ھەرێمی کوردستان نابێت و کۆمپانیای رۆسنەفت خۆی خستووەتە کێشەیەکی گەورەوە.

لە وەڵامی ئەو لێدوانەدا ئیگۆر سێچین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای رۆسنەفتی رووسی رایگەیاند "بۆچی نابێت رۆسنەفت لە ھەرێمی کوردستان کاربکات؟ لەکاتێکدا زۆربەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی وەکو: شێڤرۆن، ئێکسۆن مۆبیل و تۆتاڵ کاردەکەن".
 

 

رێباز یونس





ئەم هەواڵە 2917جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
سەگێک کچێک لە خنکان رزگار دەکات
سەمایەکی کیکی بەکارەسات کۆتایی پێدێت
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad