English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
گەنجێک نزیکترین ھاوڕێی خۆی دەکوژێت
2018-02-03 [03:48 AM]

ZNA- ھەولێر 



ئەیوب دەمێک بوو لە باوکی دەپاڕایەوە رێگەی بدات بچێتەوە بەر خوێندن، دواجار باوکی رازی دەبێ، دوای شەش ساڵ دابڕان، ئەیوب جانتا لە شان دەکات و دەگەڕێتەوە قوتابخانە، بەڵام زۆری نەبرد لەلایەن ھاوڕێیەکی خۆیەوە بە شەش گوللە کوژرا.


ئەیوب ئەنوەر، تەمەن ٢٢ ساڵ، بەھۆی شوانییەوە شەش ساڵ لە خوێندن دادەبڕێت، دواتر دەگەڕێتەوە بەر خوێندن، لەلای ماڵی مامی بە رۆژ لە دوکانێکی مریشک فرۆشتن کاردەکات و ئێوارانیش دەچێتە قوتابخانە.

ئەنوەر محەممەد، باوکی ئەیوبە و موختاری گوندی قەواڵی سەر بە قەزای کەلارە، لەبارەی کوشتنی کوڕەکەیەوە بە دەستی ھاوڕێکەی، دەڵێت "کوڕەکەم بەبێ ھیچ تاوانێک لەلایەن کوڕی ھاوڕێیەکی خۆمەوە کوژرا".

باوکی ئەیوب لەوە نیگەرانە کە کوڕەکەی بە دەستی کوڕی کەسێک کوژراوە چەندین ساڵە ھاوڕێی یەکدین و ھیچ کێشەیەک لە نێوانیاندا نەبووە.

بەڵام رۆژێک پێش رووداوەکە ھەڵەتێگەیشتنێک لە نێوانیادا روویداوە. ئەنوەر  گوتی : "بەنداوێک لە گوندەکەمان دروست دەکرێ، پیاوێکی عەرەب بەناوی (ئەبو موشتاق) کە خەڵکی دیالەیە، کاری نەجاڕی لە بەنداوەکەدا دەکات، ئەو پیاوە ھەندێک لە دارەکانی دیار نەمان، گومانی کرد کەسێک لە گوندێکی دیکە بردبێتی، بەھۆی ئەوەی زمانی کوردی نەدەزانی، داوای لێکردم وەک وەرگێڕێک لەگەڵیدا بچم بۆ گوندی پیرەمۆنی، منیش وەک رێزێک کە غەریبەیە لەگەڵی رۆیشتم".

ئەنوەر کاتێک دەگاتە گوندەکە، تووشی سەرسوڕمان دەبێ کە دەبینێ دارەکان لە ماڵی (ع)ی ھاوڕێی خۆیەتی. ئەنوەر دەڵێت: "کە گەیشتینە گوندەکە بینیم دارەکان لە ماڵی (ع)ن. ئەو کە منی بینی، زۆر پێی ناخۆش بوو، گوتی من ئەم دارانەم لە فڵان کەس لەناو گوند کڕیوە، بۆ ئەوەی ژوورێک دروست بکەم. کابرای عەرەبیش گوتی ئەو دارانە ھی منن. کەواتە دەچم یەخەی ئەو دەگرم. لەوکاتەدا (ع) سەیری منی کرد و گوتی تۆ منت بە دز داناوە پێش کەسێکی عەرەب کەوتووی. منیش سوێندم بۆ خوارد کە ئاگاداری ھیچ شتێک نیم و تەنیا وەک رێزێک لە غەریبەیەک و بەھۆی ئەوەی کە کوردی نازانێت لەگەڵی ھاتووم".

ئەیوب کوژرانی کوڕەکەی دەبەستێتەوە بەو رووداوە و دەڵێت: "ئەمە بووە ھۆکاری کوشتنی کوڕەکەم بەدەستی (م) کە کوڕی (ع)ی ھاوڕێمە". 

لەبارەی رۆژی رووداوەکەش، ئەنوەر محەممەد دەڵێت: "(م) ھاوڕێی ئەیوبی کوڕم بوو. کاژێر یەکی پاشنیوەڕۆی رۆژی ٢٣ی ئەم مانگە، بە ئەیوب دەڵێت وەرە بە ماتۆڕەکەم بچین بۆ راو، ئەیوب تفەنگی ماڵەوە دەبات و دەڕۆن". 

بەڵام رۆژ بەرەو ئاوابوون دەچێت و ناگەڕێنەوە، ماڵی باوکی (م) پەیوەندی بە ماڵی ئەنوەرەوە دەکەن و کە منداڵەکان نەھاتوونەوە.

ئەنوەر دەڵێت: "چووم بۆ گوندەکەی ئەوان، پرسیم بۆ نەھاتوونەتەوە؟ دایکی (م) گوتی: سەعات سێی پاش نیوەڕۆ کوڕەکەم بەتەنیا گەڕایەوە و گوتی ئاسکمان کوشتووە، ھاتوومەتەوە بۆ چەقۆ، دواتر رۆیشت. بۆیە گومانێکم لادروست بوو. دواتر لەڕێگەی کەسێکەوە چووین بۆ شوێنی رووداوەکە، بینیم کوڕەکەم لە نێو خوێندا کەوتووە، شەش گوللەیان لێدابوو، چوار گوللە لە دواوە بەر شانی کەوتبوون، گوللەیەک لەسەری درابوو، گوللەکیش بە دەستی کەوتبوو".

باوکی ئەیوب گومانی ھەیە زیاتر لە کەسێک دەستیان لە تاوانی کوشتنی کوڕەکەیدا ھەبێ و دەڵێت: "گومان دەکەم کوڕەکەم بەتەنیا بەدەستی (م) نەکوژرابێت، بەڵکو کەسێکی دیکەشی لەگەڵدا بووە، چونکە گوللەکان لە دواوە لێی دراوە، ئەگەر ئەوان لەسەر ماتۆڕ بووبێتن چۆن دەکرێت کوڕەکەم ھیچ کاردانەوەیەکی نەبووبێ، یان بۆ بەرگری نەکردووە، مەخزەنی ئەو چەکەی بە کوڕەکەم بوو، گوللەکانی بەتاڵ کرابوو".

تۆمەتبار ئیعترافی کردووە

بە گوتەی باوکی ئەیوب، دوای رووداوەکە (م.ع) خۆی داوە بەدەستەوە و دانیشی بە تاوانەکەیدا ناوە. لەبارەی ھۆکاری کوشتنی ئەیوب گوتوویەتی "لەبەرئەوەی ئێمەیان وەک دز سەیر کردووە، بۆیە لەداخان ئەوم کوشت، بەڵام پەشیمانم، چونکە ئەیوب ھیچ تاوانی نەبوو".
ئێستا خانەوادەی (م) ھەموویان ھەڵاتوون، ھەوڵماندا لەبارەی رووداوەکە قسەیان لەگەڵ بکەین، پەیوەندیمان بە باوکی (م)ەوە کرد، بەڵام ژمارەکەی داخرابوو. ئەنوەر محەمەد، باوکی ئەیوبیش ھێشتا سکاڵای تۆمار نەکردووە و دەڵێت "چاوەڕێی یاساین سزایان بدات، لەبەرامبەر ئەو ناھەقیەی بەرامبەر کوڕە بێتاوانەکەم کراوە".

سەرچاوە/ رووداو
 





ئەم هەواڵە 4498جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
خۆی فڕێدەداتە بەردەم بارھەڵگرێک، بزانە چی لێدێت
پێکدادانی دوو فرۆکە
بوونەوەرێکی نامۆ لە فلپین دەردەکەوێت
لە پەخشی راستەوخۆی گێچەڵی سێکسی پێدەکرێت
خەونی ھەمو ئافرەتێک , کەسێکی ئاوای ھەبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad