English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
یەکێتی تۆپی پێی کوردستان چەند بڕیارێکی گرنگ دەردەکات 
2018-02-03 [07:55 AM]

ZNA- ھەولێر 


ئەمڕۆ شەممە ٣/٢/٢٠١٨ لە بارەگەی خۆی لە ھەولێر، یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆک و جێگر و سەرجەم ئەندامەکانی، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەست و چەند بریار و راسپاردەیەکی نوێی دەرکرد، کە ئەمانەی خوارەوەن:

١- کۆبوونەوەی تایبەت لەگەڵ بەشێک لەَ نوێنەرانی ئەکادیمیا و قوتابخانەکانی تۆپی پێ ئەنجامدرا و بڕیار درا:
• ئەو قوتابخانانەی سەر بە یانە و بنکە وەرزشییەکانن، کە ئەمڕۆ ئامادە نەبوون، پێویستە رۆژی شەممە ١٠/٢/٢٠١٨ لە کاتژمێر ١٢:٠٠ ـی نیوەڕۆ لە بارەگەی یەکێتییەکەمان ئامادەبن، بە پێچەوانەوە مافی بەشدارییکردنیان لە چالاکی تۆپی پێی قوتابخانەکان نابێت.
• دوای گفتوگۆ بریاردرا لە ھەفتەی داھاتوو لێژنەی قوتابخانەکان، پێشنیار و رێنماییەکان و چۆنیەتی دابەشکردنی قوتابخانەکان و راکێشانی تیروپشک ئامادە بکەن و ئەنجام بدرێت.
٢- بە ھۆی بەشدارینەکردن و پاشەکشەی یانەی سیروانی نوێ لە خولی نایابی کوردستان بۆ وەرزی ٢٠١٧/٢٠١٨ بریاردرا بە دابەزینی یانەی سیروانی نوێ بۆ ریزی یانە پلەیەکەکانی کوردستان بۆ وەرزی ٢٠١٨/٢٠١٩.
٣- ھەر یانەیەک لە خولی نایابی کوردستان بۆ وەرزی ٢٠١٧/٢٠١٨ بە ھەر ھۆکارێک پاشەکشە لە خولەکە بکات، بە پێی رێنماییەکانی پەڕاوی تایبەت بە یەکێتییەکەمان، بۆ دوو پلەی خوارەوە دادەبەزێت.
٤- شێوازی بەرێوە چوونی خولی پلەیەکی کوردستان بۆ وەرزی ٢٠١٧/٢٠١٨ بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
• دوو یانە بۆ وەرزی ٢٠١٨/٢٠١٩ ـی خولی نایابی کوردستان سەردەکەون.
• دوو یانە بۆ وەرزی ٢٠١٨/٢٠١٩ ـی خولی پلەدووەکانی کوردستان دادەبەزێت.
• یانەی سلێمانی بە بریار بۆ وەرزی ٢٠١٨/٢٠١٩ خولی پلەدووەکان دابەزیوە.
• دوا یانەی ھەردوو گرووپ، کە کەمترین خاڵیان کۆکردووەتەوە، دوای ئەنجامدانی دوو یاری بە شێوازی (چوون و ھاتن)، یانە دووەم بۆ ریزی یانە پلەدووەکانی کوردستان بۆ وەرزی ٢٠١٨/٢٠١٩ دادەبەزێت.
٥- یارییەکانی خولی نایابی کوردستان بۆ وەرزی ٢٠١٧/٢٠١٨ ھەر شەش رۆژ جارێک ئەنجام دەدرێت.
٦- دوای کۆتایی ھاتنی یارییەکانی ھەردوو قۆناغی یەکەم و دووەمی خولی نایاب و پلەیەکی کوردستان، لە گواستنەوەی زستانە یاریزانانی لاوانی پلەنایاب دەتوانن گواستنەوە بە شێوازی خواستن ئەنجام بدەن بۆ ھەر یانەیەک، بەڵام دوای کۆتایی ھاتنی خولەکە دەگەرێنەوە یانەکەی خۆی.
٧- ئەنجامدانی خولی راھێنەرایەتی تایبەت بە راھێنەرانی قوتابخانەکانی تۆپی پێی کوردستان، لە رۆژانی ١٥-١٦-١٧/٢/٢٠١٨ کە دەکاتە رۆژانی پێنج شەممە و ھەینی و شەممە، بەشدارییکردنی راھێنەرەکان ئیجبارییە، بە پێچەوانەوە مافی بەرێوەبردن و سەرپەرشتی تیپەکانیان نابێت.
٨- لە یاری نێوان زێرەڤانی و ھەندرێن لە خولی نایابی کوردستان، بە ھۆی کۆنترۆل نەکردنی یاریگە بە شێوەیەکی باش و گوتنی قسەی نەشیاو و دوور لە گیانی وەرزشی لە لایەن (محەممەد ئەحمەد عەبدولرەحمان) شۆفێری تایبەتی یانەی زێرەڤانی بە ناوبژیوانانی یارییەکە بریاردرا بە:
• غەرامەکردنی یانەی زێرەڤانی بە بڕی (١٠٠٠٠٠٠) یەک ملیۆن دینار، پێویستە یانەی زێرەڤانی پێش ئەنجامدانی یاری داھاتوویان، غەرامەکە رادەستی ژمێریاری یەکێتییەکەمان بکات.
• دوورخستنەوەی (محەممەد ئەحمەد عەبدولرەحمان) بە ھیچ شێوەیەک بۆی نییە یاوەری تیپەکانی پێشکەوتووان و لاوان و فوتساڵی نایابی کچان بکات، جێبەجێکردنی ئەم بریارەیش لە ئەستۆی سەرپەرشتیاران و راھێنەرانی تیپەکانی یانەی زێرەڤانی دەبێت.
٩- ئاگاداری کۆتایی بۆ یانەی شێروانە بە کۆنترۆڵکردنی یاریگەکەیان بە شێوەیەکی توند و تۆڵ، بە پێچەوانەوە لە گەڕەکانی داھاتووی یانەکەیان سزاکان قورستر دەبێت، ئەمەیش بە ھۆی ئەوەی لە یاری نێوان یانەکەیان و برایەتی کۆنترۆڵ یاریگە وەک پێویست نەبووە.
١٠- نووسراوی یانەی ئاشتی بە ژمارە ١٧ لە ١/٢/٢٠١٨ بە لێکۆلینەوە لە راپۆرتی سەرپەرشتیاری یارییەکە (عەباس عەلی)، ھیچ شتێک رووینەداوە، کە شایەنی باسکردن بێت و یارییەکە بە ئاسایی بەرێوە چووە.
١١- ئاگاداری کۆتایی بۆ سەرجەم یانە بەشداریووەکان لە چالاکی یەکێتییەکەمان، پێویستە کۆنترۆڵی یاریگە و جەماوەر بکەن، لە بەکارھێنان و ھەڵدانی یارییە ئاگرینەکان، داوایش لە لە پیاوانی پۆلیس دەکەین، لە سەرجەم شارەکانی کوردستان رێگری لەم دیاردە ناشیرینەی یاریگەکان بکەن.
١٢- داوا لە بەرپرسی راگەیاندنی یانەکانی پلەیەک و نایابی کوردستان دەکەین، رۆژی شەممە ١٠/٢/٢٠١٨ لە کاتژمێر ١٢:٠٠ ـی نیوەڕۆ بۆ کاری پێویست لە بارەگەی یەکێتییەکەمان ئامادەبن.
١٣- بۆ قۆناغی کۆتایی خولی نایابی لاوانی کوردستان، بریاردرا بە سرینەوەی سەرجەم کارتە زەردە و سوورەکان.
١٤- داوا لە سەرجەم سەرپەرشتیارانی یارییەکان لە چالاکییەکانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دەکەین، یاریگە کۆنترۆل بکەن و ھەر کەسێک پەیوەندی بە یاری نییە نابێ لە نێو یاریگە ئامادە بێت، بە دەر لە رێنماییەکانی یەکێتییەکەمان، بە پێچەوانەوە تووشی لێپیچینەوە و سزا دەبن.
١٥- سەرجەم یارییەکانی قۆناغی کۆتایی خولی نایابی لاوانی کوردستان، لە رۆژانی پێنج شەممە ئەنجام دەدرێت.


 





ئەم هەواڵە 4237جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
سەگێک کچێک لە خنکان رزگار دەکات
سەمایەکی کیکی بەکارەسات کۆتایی پێدێت
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad