English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
مەسروور بارزانی: تاوەکو دۆخی کەرکووک ئاسایی نەکرێتەوە دان بە ھیچ سیستەم و میکانیزمێکدا نانێین
2018-02-05 [05:41 AM]

ZNA- هەولێر


 

مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی بۆردی دامەزرێنەری دەزگای خێرخوازی بارزانی، لە پەراوێزی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی دەزگاکەدا، بە میدیاکارانی رایگەیاند "کەرکووک شارێکی داگیر کراوە ‌و پێشنیازی دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگاکە رەت دەکەینەوە."

 

مەسروور بارزانی لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا دەربارەی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەی گفتوگۆیە و داوای جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانی کورد دەکەین."

 

ھاوکات لە وەڵامی ئەوەدا کە ئایا پارتی بە نیازی ھاوپەیمانێتییە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق، بەتایبەت لەگەڵ دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، مەسروور بارزانی گوتی: "ھێشتا نازانم. ھەموو بژاردەکانمان کراوەن، ئێمە بایەخ بە ئەجێندای داھاتوو دەدەین، کە کێ لەگەڵمان دێتە پێشەوە بۆ جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانی کورد، بەڵام تاوەکو ئێستا ھیچ بڕیارێک نەدراوە".

 

مەسروور بارزانی سەبارەت بە رەوشی کەرکووک و دابەشکردنی پۆستەکان بە رێژەی ٣٢% لەنێوان پێکھاتەکانی کورد، عەرەب و تورکمان ڕایگەیاند: "ئێمە بەوە رازی نین، بەنیسبەت ئێمەوە کەرکووک شارێکی داگیرکراوە و تاوەکو دۆخی شارەکە ئاسایی نەکرێتەوە، دان بە ھیچ سیستەم و میکانیزمێکدا نانێین، کە بۆ بەڕێوەبردنی پێشنیاز بکرێت".

 

***

 

مەسروور بارزانی، سەرۆکی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە میانی بەشداریکردنی لە بەڕێوەچوونی یەکەم کۆنفرانسی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە ھەولێر، وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، دەزگای خێرخوازی بارزانی ماڵێکە بۆ ھەمووان و بەردەوام دەبێت لە ھاوکاریکردنی ئاوارە و لێقەوان.

داوایشی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، کە ئاسانکاری بکەن، بۆ ئەوەی دەزگای خێرخوازی بارزانی، بتوانێت ھاوکاریی بگەیەنێتە خەڵکی سڤیلی عەفرین.

 

 دەقی وتەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی:

 

"ئامادەبووانی ئازیز

ھەمووتان زۆر بەخێر بێن بۆ کۆنفرانسی ساڵانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی خاوەن فەلسەفەیەکە کە لە فەرموودەیەکی بارزانی سەرچاوەی گرتووە کە دەفەرمووێ (شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت)، ئەو لە ھەموو تەمەنیدا ھەوڵی دا خزمەت بە گەلەکەی و مرۆڤایەتی بکات.

دواتر ھەستمان بەوە کرد کە ئەرکمانە درێژەپێدەری ڕێبازی ئەو مرۆڤە مەزنە بین و دەزگایەک بە ناوی بارزانی نەمر کە شایستەی ناوی جەنابی بارزانی بێت، دابمەزرێنین، ھەر ئەمەش بووە بە وتار کە لە ژێر فەرمانی جەنابی سەرۆک بارزانی، لە ساڵی ٢٠٠٥ دەزگای خێرخوازیی بارزانیمان دامەزراند، بەو ھیوایەی ببێت بە ماڵێک بۆ ھەموو ئەو کەسانەی کە پێویستییان بە یارمەتی ھەیە.

مرۆڤ ئەو کاتە دەتوانێت ھەست بە ئارامی و ئاسوودەیی بکات کە ھیچ مرۆڤێکی دیکە لە دەردی نەبوونی و ھەژاری نەناڵێنێت. دەزگای خێرخوازیی بارزانی باوەشی بۆ ھەموو ئەو کەسانە کردۆتەوە کە لە ترسی تیرۆر و ھەڕەشەی کوشتن شوێنەکانی خۆیان جێھێشتووە و ڕوویان لە کوردستان کردووە. لە دەردی بێدادی و بێخزمەتیی شار و شارۆچکە و دێھاتەکانی خۆیان جێھێشتووە و ھاتوونەتە کوردستان، لە نەبونی ئازادی ڕوویان لە کوردستان کرد تاوەکوو بە ئازادی بژین.

لەژێر فشاری زوڵم و ستەم ڕایانکرد و کوردستانیان کردە پەناگەیەک، بۆیە دەزگای خێرخوازیی بارزانی باوەشی بۆ ھەموو ئەو ئاوارە و پەنابەرانە و لێقەوماوانە کراوەیە.

دەزگاکە بە ھانای ھەموو ئەوانەوە دەچێت کە پێویستییان بە بەسەرکردنەوە ھەیە، بەبێ ئەوەی جیاوازی لە ئایین و ئاینزا و نەتەوە یان بیروبۆچوونی سیاسیی ھیچ کەسێکدا بکات.

پێمانوایە ئەو ئەرکەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گرتوویەتیە سەر شان، ئەرکێکی ئایینی، ئەخلاقی و نیشتمانییە. لە مێژووی دروستبوونی ئەم دەزگایە تاوەکوو ئێستا، دەمەوێ ئاماژە بە چەند خاڵێک بدەم:

بەداخەوە دوای ئەو ھێرشە دڕندانەی داعش بۆ سەر عێراق و دواتر ھەرێمی کوردستان. خوشک و برا ئێزدییەکانمان بوونە قوربانییەکی ھەرە گەورەی ئەم کردەوە تیرۆریستییە. ھەر لە ڕۆژی یەکەمەوە دەزگای خێرخوازیی بارزانی ھەولی دا ئەوەی لە توانایدا بێت، بیکات و لەو کاتەی لە شنگال گەمارۆ درابوون، توانی خۆی بگاتە شاخی شنگال و ھاوکارییان بکات و بەردەوامیش چ لەوێ و چ دوای ڕزگارکردنی شنگال یان ئەو خوشک و برا ئێزدییانەی لە کەمپەکاندا بوون، لە خزمەتیاندا بێت.

ئەوەی بە داتا ھەیە، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، بە ھاوکاریی ڕێکخراوی (دەبلیو ئێف پی)، ٩٨٠٠ ژەمە خواردن لەو سەردەمە ڕۆژانە ئامادە کرابوون.

جگە لەوە، ھەموو ئەو ئاوارانەی لە مووسڵ و ناوچەکانی دیکە ھاتبوون، دەزگای خێرخوازیی بارزانی ھاوکاری کردوون و بە ئەرکی زانیوە.

خوشک و برا ئێزدییەکان کە ھەڕەشەیان لەسەر بوو، ڕوویان لە ماڵی خۆیان کرد و ھاتنەوە کوردستان، دیسان دەزگای خێرخوازیی بارزانی ھاوکاری کردن. ئەو ھاوکاریکردنەی دەزگاکە لەگەڵ خوشک و برا کریستیانەکان، وایکرد ڤاتیکان بە فەرمی سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بکات.

ئێمە ئەوە بە منەت نازانین، بەڵکوو پێمانوایە ئەرکی ھەر ھاووڵاتییەکە کە خزمەت بە خوشک و برا و ھاونیشتمانییانی خۆی بکات.

دواتر کارەساتی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەریش کە خەڵکێکی زۆر ئاوارە بوون، دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەرگای کردەوە و بە ھانای ئەو ئاوارانە چوو کە ھاتبوون لە ناوچەکانی دیکە نیشتەجێ ببوون.

ئەمە ھاوکات بوو لەگەڵ ئەو بوومەلەرزەیەی کە لە ھەرێمی کوردستان و لەو دیویش لە سەرپێڵی زەھاو و کرماشان ڕوویدابوو، دەزگای خێرخوازی لە سنووری ھەرێمی کوردستاندا ھاوکاریی خۆی گەیاندە لێقەوماوان، داواشی کرد ڕێگەی پێ بدرێت ھاوکاری بگەیەندرێت بە ناوچەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، بەڵام بەداخەوە ڕێگەی پێ نەدرا.

خزمەتێکی دیکە ھەیە بە ناوی (بێنازان) کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەستی پێکردووە بۆ ئەو ئازیزانەی بێنازن و پێویستییان بە کەسێک ھەیە کە ئاوریان لێ بداتەوە، لێرەوە سوپاسی ئیمارات، کوێت و شانشینی سعوودیە دەکەین کە بە ڕێگەی کونسوڵ و ڕێکخراوە خێرخوازییەکانیانەوە ھاوبەش و شەریک و بەخشەر بوون بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە و لە خزمەتی ئەم بێنازانەدا بوون.

جگە لەمانە، دەزگاکە وەک ئەرکێکی زانیوە کە لە خزمەتی ھەموو ئەو مندالانەی شەھیدە سەربەرزەکانماندا بێت کە ئەگەر پێویستییان بە ھاوکاری ھەبووبێت، دەزگاکە لە خزمەتیاندا بووە.

ھەرچەندە ئێستا چەندین کەمپ لە کوردستاندا ھەن کە بە داخەوە لە ئەنجامی سیاسەتێکی شکستخواردووی سیاسی و ئیداری و ئەمنی، وایکرد ئەم خەڵکە ڕوو لە کوردستان بکەن، چاوەڕێی ئەوەمان دەکرد حکوومەتی عێراق خاوەندارێتیی ئەم کەمپانە بکات، بەڵام کە نەھاتن، ئەمە ئەرکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەزگاکانی دیکە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان قورستر کرد و دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشەنگ بووە و ١٤ کەمپ ئەرکی بەڕێوەبردنی بە دەزگاکە سپێردراوە.

جگە لەوەی ٢٢ ناوەندی پیشەیی لەلایەن دەزگاکەوە کراوەتەوە بۆ ئەوەی نەک تەنیا ھاوکاری بە خەڵکی بگەیەندرێت، بەڵکوو ھاوکاریی خەڵک بکرێت تاوەکوو فێری پیشەی نوێ ببن.

ساڵانە ٤٥ ھەزار قوتابیی ھەژار و کەمدەرامەت، لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە کەرەسەتەی خوێندنیان بۆ دابین دەکرێ و ھاوکاری دەکرێن. دەزگا تەنیا لە ھەرێمی کوردستان کاری نەکردووە، ھەولی داوە ببێت بە دەزگایەکی نێودەوڵەتی. لە ھەر شوێنێک مرۆڤایەتی پێویستی پێ بووبێت، ھەوڵمان داوە دەزگاکە ڕۆڵی تێدا بگێڕێت، بۆ ئەوەی ھەستی جوانی خەڵکی کوردستان نیشان بدات کە تەنیا چاوی لەوە نییە ھاوکاری بکرێت، بەڵکوو چاوی لەوەیە کە ھەمیشە بە بەخشندەیی خۆی، بتوانێت ھاوکاری بە خەڵکی لێقەوماو بگەیەنێت.

ئەو بوومەلەرزەیەی لە شاری وان ڕووی دا، دەزگای بارزانی توانی ٤٠٠ خانووی پێشتر درووستکراو بۆ ئەوێ ببات و یارمەتیی خەڵکی ئەوێ بدات. دواتر لە شارەکانی (ئورفە، کۆبانێ، قامیشلۆ، جەزیرە، لە باشووری عێراق و چەندین شوێن)دا دەزگاکە ھاوکاریی لێقەوماوانی کردووە.

ئێستا داوا لە ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، ھاوکاری بکەن کە ئەو ھاوکارییەی پێویستە بە خەڵکی سڤیلی عەفرین بگەیەنن.

ھەروەھا لە سڕبیاش دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانیویەتی ھاوکاری بگەیەنێت.

لێرەوە من دەستخۆشی لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەم کە زۆر پرۆفیشناڵانە توانیویانە کار بکەن و وەک ڕێکخراوێک لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەربگیرێن کە ئەوەش دانپێدانانێکە بۆ ھەمو ئەو کارانەی دەزگاکە توانیویەتی بیکات.

سوپاسی بەڕێوەبەر و ھەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لە دەزگاکەدا کاریان کردووە، ھەروەھا سوپاسی سەرجەم ئەو بەخشەرانە دەکەم کە لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی خزمەتیان بە خەڵک و لێقەوماوان و ئەو ئازیزانە بکەن کە پێویستییان بە یارمەتی ھەیە.

ژمارەیەکی زۆر بەخشەر ھەن کە بەردەوام ھاوکاری دەکەن بۆ یارمەتیدانی خەڵک. سوپاسی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین، ھەروەھا سوپاسی ئیمارات و کوێت و سعوودیە دەکەین کە بە تایبەتی ھاوکاریی دەزگاکەیان کردووە.

سوپاسی ھەموو ئەو کەسانەش دەکەین کە ھاوکارییان کردووە لە کەمپەکاندا بۆ دابەشکردنی کەلوپەل.

جارێکی دیکە دەستخۆشی لە ھەمووان دەکەم و بەخێرھاتنی ھەمووتان دەکەم.

داواش لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم، ئەو بەخشەرانەی ئامادەن ھاوکاری بە خەڵکی لێقەوماو بگەیەنن، بەڵکوو وەکوو وڵاتانی پێشکەوتوو، بە یاسایەک ھاندەری بابەتی خۆبەخشی بکرێت و کارە بەخشینەکانیان وەک بەشێک لە باجەکانیان ھەژمار بکرێت.

ھیوادارین چیتر دەزگا پێویستی بە ھاوکاریکردنی خەڵک نەبێت، بۆ ئەوەی چیتر خەڵک لێی نەقەومێت و ھەژار نەبێت، ئەوکاتە دەزگاکەش دەتوانێت بەرنامەی پێشکەوتووتر ئامادە بکات، تاوەکوو یارمەتیی خەڵک بدات بۆ ئەوەی خۆیان بەرھەمیان ھەبێت و کارەکانیان پێش بخەن، ئەمە بە تەنیا بە دەزگایەک ناکرێت، بەڵام دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشەنگ دەبێت.

سوپاسی بێپایانی جەنابی سەرۆک دەکەین کە بەردەوام ھاوکار و پشتیوانمان دەبێت و لەژێر فەرمانی جەنابی سەرۆک، ئێمە درێژەپێدەری ئەم ڕێبازە دەبین."





ئەم هەواڵە 1246جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
خۆی فڕێدەداتە بەردەم بارھەڵگرێک، بزانە چی لێدێت
پێکدادانی دوو فرۆکە
بوونەوەرێکی نامۆ لە فلپین دەردەکەوێت
لە پەخشی راستەوخۆی گێچەڵی سێکسی پێدەکرێت
خەونی ھەمو ئافرەتێک , کەسێکی ئاوای ھەبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad