English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لەبارەی دوایین پێشھاتەکان حکومەتی ھەرێم وەڵامی چەند راپۆرتێکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەداتەوە
2018-02-06 [06:00 AM]

ZNA- هەولێر


 

"دیندار زێباری" رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە راپۆرتی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و چەند راپۆرتێکی لایەنە نێودەوڵەتییەکان کە بەم دواییە بڵاوکراوەنەتەوە لەوانە راپۆرتی یۆنامی بۆ پێکھێنانی لیژنەی بەداواچوونی راستییەکان لە خورماتوو، راپۆرتی ھیومان رایتس وۆچ دەربارەی بێسەروشوێن بوونی (٣٥٠) بەندکراوی داعش دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر و راپۆرت ئەمنستی ئینتەرناشناڵ سەبارەت بە پێکھێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی سازکرد و تێیدا تیشکی خستە سەر ئەو بابەتە گرنگانەی لەو راپۆرتانەدا باس کراون.

 

سەرەتا لە بارەی راپۆرتی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ زێباری رایگەیاند کە بەدواداچوونیان بۆ تێبینی و رەخنەکانی دەستەی ناوبراو ئەنجامداوە لە رێگایزانیارییەکانی تۆڕی ھەماھەنگییان لە دامودەزگاکانی حکومەت بەگوێرەی ئەوەی لە راپۆرتەکەدا باس کراون، سەبارەت بە بواری خوێندنی باڵا وتی: ھەردوو ماددەی (١٩) لە یاسای ژمارە (٢)ی ساڵی (٢٠١٣)ی یاسای زانکۆ تایبەتەکان و ماددەی (١٤) لە یاسای ژمارە (١٠) ی ساڵی (٢٠٠٨) ی یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رێگا بە سیستەمی خواستن (اعارە) دەدات، مامۆستایانی زانکۆ حکومییەکان بەپێی یاسا بۆیان ھەیە لە زانکۆ ئەھلییەکان وانە بڵێنەوە و شایستە داراییەکان دەکەوێتە سەر ئەستۆی زانکۆی ئەھلی. لە ھەمانکاتدا پێویستە مامۆستاکە (٥%)ی موچەکەی بدات بە زانکۆ حکومییەکە سەرەڕای ئەمەش پێویستی بە رەزامەندی ھەردوو زانکۆ ھەیە. لەلایەکی بڕیاری وەرگرتنی کرێ لە قوتابیانی بەشی ناوخۆ لە ئێستادا ھەڵپەسێردراوە بە ھەمان شێوە پارە لە کوڕ و کچی شەھیدان وەرنەگیراوە بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا، تەنیا ھەندێک کرێ و رسوماتی ئاسایی نەبێت.

 

لە بارەی سێکتەری پەروەردە زێباری وتی: ژمارەی قوتابخانەکان لە ھەرێمی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ زیادبوونی بەردەوامی ژمارەی قوتابییەکان زیادی نەکردووە، لەبەرئەوە زۆربەی بیناکان لەلایەن دوو یان سێ قوتابخانە بەکاردێن، بەڵام نزیکەی ٣٠٠ بینای قوتابخانە کە پێش قەیران دەست بە درووستکردنی کرابوو ئێستا ھەموویان وەستاون. لەلایەکی دیکەوە لە سیستەم و پرۆگرامی خوێندن لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان توندوتیژی بەگشت شێوازەکانییەوە قەدەغە کراوە. ئەگەر ھەر دیاردەیەکی نامۆ لە ھەر قوتابخانەیەک بەدی بکرێت ئەوا پێویستە بە ڕاپۆرتێک لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر بە مەبەستی چارەسەرکردنی.

 

زێباری لە پرسی دواکەوتنی رێوشوێنەکانی دادگایی کردنی راگیراوان، مانەوەیان و رەوشی گرتووخانەکان وتی: لە بنکەکانی پۆلیس و نووسینگەکانی نەھێشتنی تاوان رێکارە یاساییەکان لەلایەن لێکۆڵەرەکانی پۆلیس ئەنجام دەدرێت کە بەپێی یاسا بۆی دیاری کراوە. ئەندامانی داواکاری گشتی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی ھەولێر ئۆفیسیان نییە، تەنیا (لێکۆڵەری دادی ـ المحقق العدلی) کە سەر (بە وەزارەتی داد)ن ئۆفیسیان لە بارەگای بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی ھەولێر ھەیە و کارەکانیان تێیدا ئەنجام دەدەن، بەڵام لە کاتی پێویست ئەندامانی داواکاری گشتی ئوفیسی ئەوان بەکاردێنن.

 

سەبارەت بە رەوشی گیراوە بیانییەکانیش زێباری ئاشکرای کرد کە لە بەشەکانی پۆلیسی گرتن و گواستنەوە جیاوازی ئایینی و نەتەوەیی و رەگەزی ھیچ کاتێک کێشەی درووست نەکردووە، گیراوە بیانییەکانیش ھەموو مافێکیان ھەیە و لە کاتی دەستگیرکردنیان کونسوڵخانەی وڵاتەکانیان ئاگادار دەکرێتەوە ئەگەر لە ھەرێم کونسوڵخانەیان ھەبێت ھەروەھا لە رێگای تەلەفۆن خزم و کەسی ئاگادار دەکرێنەوە تا ئەو کاتەی کێشەکانیان لەلایەن دادگاکانی ھەرێمەوە یەکلادەکرێتەوە. بەشێوەیەکی گشتی تا راددەیەکی بەرچاو رەوشی راگیراوان پێشکەوتنێکی باشی بەخۆبینیوە لە ھەموو بوارەکان وەک چارەنووسیان و دابینکردنی خزمەتگوزاری و بەدواداچوون بۆ کێشەکانیان و چارەسەرکردنیان و دابینکردنی خواردنی باش و پێداویستییەکانیان و رێز گرتن لەو کەسانەی سەردانی راگیراوان دەکەن، بەڵام کەمی کارمەندی پسپۆڕ دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی کۆلێژ و پەیمانگا و قوتابخانەی تایبەت بە کاری پۆلیسی گرتن و گواستنەوە کە دەرچووانیان ببنە پسپۆڕ و دابمەزرێن.

 

لە پرسی ماددە ھۆشبەرەکان دیندار زێباری وتی: عێراق لە ساڵی ١٩٦٢ پەیماننامەی تایبەت بە ماددەی ھۆشبەری پەسند کردووە بە یاسای ژمارە(١٦)ی ساڵی ١٩٦٢، ئەو پەیماننامەیە، تاکە پەیماننامەیە لەسەر ئاستی جیھانیدا ھەیە تایبەت بە ماددەی ھۆشبەر بۆیە لە ھەرێمی کوردستانیش جێبەجێ دەکرێت، چونکە عێراق پەسندی کردووە. لە پاڵ ئەوەش حکومەتی ھەرێم بۆ قەدەغەکردنی بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر و بازرگانی کردن پێیەوە کار بە یاسای ژمارە (٦٨)ی ساڵی ١٩٦٥ دەکات ئەو یاسایەش بە شێوەیەکی زۆر تۆکمە رێگری کردووە لە خراپ بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر و بازرگانی کردن پێیەوە . لە دادگاکانی ھەرێم چەندینکەس بە تۆمەتی ماددە ھۆشبەرەکان سزا دراون بەپێی تاوانەکە ،ھەروەھا لە پارێزگای(ھەولێر و سلێمانی) بەشی تایبەت بە ئاڵوودەبوانی ماددە ھۆشبەرەکان کراوەتەوە وەک بەشێک لە نەخۆشخانەی تووشبوان بە نەخۆشیە دەروونییەکان.

 

زێباری ھەروەھا تیشکی خستە سەر مافی کرێکاران و وتی: بۆ پاراستنی مافی کرێکاران کار بە یاسای کاری عێراقی ژمارە (٣٧)ی ساڵی ٢٠١٥ دەکرێت، لەلایەکی ترەوە بۆ زیاتر گرنگیدان بە رەوشی کرێکاران و پاراستنی مافەکانیان یاسای خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ژمارە (٣٩ ساڵی ١٩٧١)ی ھەموارکراو کە دواتر بە یاسای ژمارە (٤ی ساڵی ٢٠١٢) دەرچووە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە ئەمەش بە ھەماھەنگی لەگەڵ سەندیکای کرێکاران و ژووری بازرگانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان. مافی کرێکارانی بیانی پارێزراوە بەپێی یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی(٢٠١٢) ئەوانیش یاسای خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران و پاراستنی مافەکانیان لە چوارچێوەی یاساو ڕێنماییەکان بە مەرجێک ئەو کرێکارانە بە ڕێگای یاسایی بێنە ھەرێم و بە ئاگاداری وەزارەت و بەپێی رێنمایی و رێوشوێنە پەیڕەو کراوەکان ھەروەھا لە پارێزگاکانیش یاسای دادگای کار ھەیە کە تایبەتمەندە بە یەکلاکردنەوەی کێشەی کرێکارەکان چ خۆماڵی بێت یان بیانی.

 

لەبارەی گرفتی زوو بە شوودانی کچان کە ئێستا لە ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان مشتومڕێکی زۆری ناوەتەوە زێباری وتی: ئەو کەسانەی ئەم کارە ئەنجام دەدەن یا ڕێگای بۆ خۆش دەکەن تەنھا لە ڕێگای دادگاوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێ بە پێی یاسا سزای خۆیان وەردەگرن پاش پێشکەش کردنی سکاڵا ئەو کەسانەی ئەم کارە ئەنجام دەدەن یان رێگا بۆئەم دیاردەیە خۆش دەکەن بەپێی خاڵی دووەمی ماددەی دوو لە (یاسای ژمارە ٨) توندوتیژی خێزانی ھاوسەرگیری پێشوەخت لەریزبەندی ئەو کردانەیە کە بەتوندوتیژی خێزانی دانراوە، بۆیە سزاکەشی وەک سزای توندوتیژی خێزانییە.ھەروەھا بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان پرۆژەیەکی ھاوبەشی ھەیە لەگەڵ رێکخراوی (UNFPA) بە بەشداریی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان کە پرۆژەکە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوە و رێگری کردن لە بەشوودانی منداڵان و بڵاوکردنەوە وشیاری و لێکەوتە خراپەکانی بەزۆر بەشوودان و پارستنیان ئەمەش لە رێگەی چەندین چالاکی بەتایبەتی لە نێو ئاوارە و پەنابەران وەک ئەنجامدانی (بەرنامەی تەلەفزیۆنی، کۆبوونەوەی بەرفراوان لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی، ئەنجامدانی سیمینار و وۆرک شۆپ و خول ).

 

سەبارەت بە کەم ئەندامان و رەوشی شەڵتەرەکانیش وتی: حکومەت زەوییەکی فراوانیتەرخان کردووە بۆ ئەوەی بکرێتە بینایەی بۆ شەڵتەری ھەولێر و نەخشەکەشی ئامادە کراوە، بەڵام بەھۆی قەیرانی داراییەوە کارەکان دواکەوتوون و لە ئیستادا دراوە بەچەند رێکخراوێکی نێودەوڵەتی بۆ جێبەجێکردنی ھەروەھا لە شەڵتەرەکان دایەنگا کراوەتەوە  بۆ ئەو ئافرەتانەی کە منداڵیان لایە. لەم دایەنگایە توێژەری کۆمەڵایەتی و فەرمانبەری بەشەکە سەرپەرشتییان دەکەن. ئەو منداڵانە تا تەمەنی ٥ ساڵ لەگەڵ دایکیان دەبن و ھەموو پێداویستییەکیان بۆ دابین دەکرێت لە شەڵتەر، بەڵام لە دوای ٥ ساڵی لەدایکیان جیا دەکرێنەوە  لەرێگەی پۆلیسی نەوجەوانانەوە رەوانەی خانەی منداڵان دەکرێن.

 

لەلایەکی ترەوە کەم ئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت بەپێی یاسای ماف و ئیمتیازاتیان لە ھەرێمی کوردستان بە یاسای ژمارە (٢٢ لە ساڵی ٢٠١١) ھەموو مافەکانیان پارێزراوە ھەروەکو لە ھەردوو ڕێنمایی (٢ ی ساڵی ٢٠١٢ و ڕێنمایی ٢ ی ساڵی ٢٠١٦) وردەکارییەکانی جێبەجێ کردنی یاساکە ئاماژەی پێدراوە لە ھەموو بوارێکەوە (تەندروستی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەو خوێندن، کارو پیشەوە، ڕۆشنبیری و وەرزش). لە لایەکی دیکەوە کۆی گشتی ئەوانەی تۆمارکراون لە لیستی کەم ئەندامان (١٠٧) ھەزار کەسن. بەڵام لە ساڵی (٢٠١٦ لێژنە پێکھێنرا بۆ داڕشتنی سیستەم و ڕێنمایی نوێ و پێداچوونەوە بە پشکنینی نوێی پزیشکی بۆ ئەوەی سەر لەنوێ ئەنجام بدرێتەوە. دوا بەروار بۆ کۆتایی ھێنان بەم پرۆسەیە (١/١٠/٢٠١٧) بوو دواتر ئەوانەی لە پشکنین دەرچوون ئەو مووچەکانیان بەردەوام دەبێت، لێرەدا دوو لیست دەمێنێ، ئەوانەی نەھاتوون بۆ سەردانی لێژنەکە و ئەوانەی لە پشکنینی پزیشکی دەرنەچوون. ئەمانە لە لیستی کەم ئەندامان دەردەکرێن.

 

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە بواری تەندورستی وتی : ماوەی بەسەرچوونی دەرمان بەپێی ڕێنمایی و زانیاریە پزیشکی و زانستییەکانی دەرمانسازی تاوەکو دواڕۆژی کە لە سەر پاکەتی دەرمانەکە نووسراوە بۆ بەسەرچوون دەکرێت دەرمان بەکاربھێندرێت، ھەندێک جار ئەو دەرمانانەی کە لە بەغداوە ھاتوون  ھەندێکیان کاتی بەسەرچوونیان نزیک ببوو، ئەوانیش لەگەڵ دەرمانی تر بەیەکەوە بوون و نەدەکرا لە ھەرێم ڕەتبکرێتەوە، لەگەڵ ئەو ڕاستییە زانستییە کە بەرواری نزیکی بەسەر چوون بەکارھێنانی ئاسایی یە و دروستە. بەپێی ڕێنمایی و مەرجەکان ھەر کۆمپانیا، کۆگا یان دەرمانخانەیەک سەرپێچی کردبێت، سزا دراوە، سزاکان بەگوێرەی جۆری سەرپێچییەکانە وەک داخستن، ڕەوانە کردن بۆ دادگا ، تۆمارکردنیان لە لیستی ڕەش.بەشی چاودێری بازاڕ  لە وەزارەتی تەندروستی (١١٣) دەرچوون و بەدواداچونی بۆ کۆمپانیاکان و کۆگاکانی دەرمان ئەنجام داوە بەم شێوەیە:(٧٣) کۆمپانیای دەرمان بەسەرکراونەتەوە، دوو کۆمپانیای دەرمان دراونەتە دادگا،   (١٣) کۆگای دەرمان سزادراون،قاچاغچییەکی تورک ڕەوانەی دادگا کراوە، دوو کەسی عێراقی تر دراونەتە دادگا لەسەر دەرمانی ساختە

 

لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکەدا تیشکی خستە سەر کەمتەرخەمی کارمەندانی پزیشکی وتی: رێکاری یاسایی بەرامبەر بە پزیشکان و کارمەندان لە ھەر سەرپێچی و کەمتەرخەمییەک لەلایەن ھەر فەرمانبەرێک بە پزیشک و کارمەندانی ئاساییەوە، بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران و یاسای و رێنماییە پێکراوەکانەوە دەبێت، و لەم بوارەوە رێکاری یاسایی گیراوەتە بەر بەرامبەر بە ھەر کەمتەرخەمییەک کە خۆی  لە سزادانی کارگێڕی و دانە دادگا بەگوێرەی دەرەنجامی کاری لیژنەی لێکۆڵینەوەکان لە ھەر یەک لە حاڵەتەکان کە نوێنەری داواکاری گشتی تێیاندا بەشدار بووە.لە ساڵی ٢٠١٤ تاکو مانگی تەمموزی ٢٠١٧ لە وەزارەتی تەندروستی (١٣٩) لێژنەی لێکۆڵینەوە پێکھێنراوە و (١٤) فەرمانبەر دراونەتە دادگا و (٤٢) فەرمانبەریش بە سزای کارگێڕی جۆراوجۆر سزا دراون.

 

سەبارەت بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری گۆڕینی گورچیلە لە ھەرێمی کوردستان دیندار زێباریرایگەیاند: نەشتەرگەری چاندنی گورچیلە، نەشتەرگەرییەکی پێشکەوتوو و گرنگە کە لەھەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت و ساڵانە ژیانی ھەزاران نەخۆش لەمردن ڕزگار دەکرێت. لێژنەی پزیشکی پسپۆڕ و تایبەتمەند و یاسایی و پۆلیس و ئاسایش بەشدارن لە ئامادەکاری کەسی بەخشەر پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەریەکە، بەگوێرەی یاسا و ڕێنمایی تایبەتبەچاندنی گورچیلە. سەرەتا بەخشەرەکە لەلایەن پۆلیس و ئاسایش و لایەنی یاسایی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت و بەڵێننامەی یاسایی پێ واژوو دەکرێت کە بەئارەزووی خۆی و خۆبەخشانە گورچیلەکەی دەبەخشێت، دوای ئەوە لەلایەن تیمی پزیشکی پسپۆڕی ھەناو، گورچیلە، نەشتەرگەری گورچیلە، دەروونی، پشکنینی پزیشکی پێویستی بۆ دەکرێت و بڕیار دەدرێت نەشتەرگەری بۆ بکرێت یان نا، چونکە لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەندی سەرجەم ڕێنماییە پزیشکی و زانستی و یاساییەکانن و سەرپێچی لە پزیشک و کارمەندان قبوڵکراو نییە.

 

دواتر د. دیندار زێباری تیشکی خستە سەر راپۆرتی ھیومان رایتس وۆچ سەبارەت بە بێسەروشوێن بوونی (٣٥٠) گیراوی داعش لە کەرکوک وتی: تا رۆژی ١٦/١٠/٢٠١٧ ھیچ بەندکراوێک لە ئاسایشی کەرکوک دەستبەسەر نەبوو، تەنیا لە شارۆچکەی دبس زیندانێکی کاتی ھەبوو بۆ وەرگرتنی راگوێزراوانی حەویجە کە پێش پرۆسەی رزگارکردنی حەویجە دەھاتنە دبس و بەشێکیان کە ئەندامی داعش بوون یان ھاوکاری داعشیان کردووە خۆیان رادەستی ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکرد و ھەموو دەستگیرکراوەکان عەرەبی سوننە بوون و ژمارەیان نزیکەی ھەزار کەس بوو. دواتر ھەموویان گوازرانەوە بۆ ئاسایشی ھەولێر و ئاسایشی گشتی، چونکە ھیچ گرتووخانەیەک لە کەرکوک نەبووە.

 

ھەر سەبارەت بەم بابەتە دیندار زێباری وتی: شێوازی دەستگیرکردنی ئەو (٣٥٠) کەسەی کە پەیوەندییان بە داعشەوە ھەیە جیاواز بوو، چونکە بە تۆمەت دەستگیر نەکراون واتە تۆمەتیان ئاراستە نەکراوە و دەزگا ئەمنییەکانیش بەڵگەیان لەسەر نەبوو، بەڵکو لە دوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئازادکردنی حەویجەوە خۆیان رادەستی ھێزە ئەمنییەکان کردووە وئیعتیرافیان کردبوو کە سەر بە داعشن و لە خێزانەکانیان دابڕا بوون، ئەوان خۆیان رادەستی سوپای عێراق نەکردوو، بەڵام خێزانەکانیان گواستراونەوە بۆ کەمپەکانی جعێدە کە دەکەوێتە ژێردەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵی، بۆیە نەتوانراوە خێزانەکانیان لە دەستبەسەرکردنیان ئاگادار بکرێنەوە.

 

ناردنی لیژنەی بەدواداچوونی راستییەکانی یۆنامی بۆ دوزخورماتوو یەکێک بوو لەو بابەتانەی دیندار زێباری لە کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکەدا باسی کرد، لەم بارەوە وتی: ئێمە پێشوازی لە ھەر راپۆرتێکی بێلایەنی لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەکەین سەبارەت بە رووداوەکانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، چونکە خەڵکی ناوچە جێناکۆکەکان دووچاری نەھامەتییەکی زۆر و ئاوارەیی و سووتانی ماڵ و خانوو و شوێنە بازرگانییەکانیان بوونەوە و دەیان ھەزاریان لە شارەکانی کوردستان ئاوارە و دەربەدەر بوون، بۆیە ئێمە داوامان لە رێکخراوەکان و لایەنە نێودەوڵەتییەکان کرد کە پێویستە ھەرچی زووە بەھانای خەڵکی ئەم ناوچانەوە بێن، لە ھەمان کاتدا پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد لە رووداوەکان بکەن، چونکە ھاووڵاتیانی کوردی ئەم ناوچانە بەتایبەتی بە ئامانج کرابوون، بۆ ئەم مەبەستەش یۆنامی بۆ بەدواداچوونی راستییەکان تیمەکانی ناردە ناوچەکە.

 

زێباری ھەر سەبارەت بەو بابەتە وتی: ئەوەی بۆ ئێمە مایەی سەرنج بوو لە راپۆرتەکەدا وەک پێویست ئاماژە بەم راستیانەی سەرەوە نەکراوە، چونکە ھاووڵاتیانی کورد بە پلەی یەک بوونەتە ئامانج و بەڵگەش بۆ ئەوە لە خودی راپۆرتەکەدا باس کراوە، چونکە خانووی ھاووڵاتیانی تورکمانی شیعە لەسەری نووسراوە بۆ ئەوەی دووچاری تێکدان و رووخان نەبێتەوە، بەڵام لە راپۆرتەکەد باس لەوە کراوە کە لە ئەنجامی گرژی نێوان تورکمانە شیعەکان و کوردان روویداوە تەنانەت ئاماژە بەوەش دەکات کە بەشێکی لە رووخانی گەڕەکە کوردەکان بەشێوەیەکی ھەڕەمەکی لە گەڕەکی خۆیان روویداوە، چونکە بە پشت بەستن بە ئامارەکانی رێکخراوی  جیھانی کۆچ، بەڵام ئەو ژمارەیەی کە باس کراوە کەمترە لەوەی کە لە واقیعدا ھەیە و ئامارەکانیان رەنگدانەوەی درووستی رووداوەکان، چونکە خورماتوو زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و زیاتر لە (٣١,٠٠٠) خێزان کە دەکاتە (١٠٠,٠٠٠) سەد ھەزار کەس ئاوارە بوون و شوێنەکانی خۆیان جێھێشتووە و زیاتر لە ١٥٠ خانوو تێکدراون لە نێویان ١٢ بارەگای حزبی سوتێنراوە و (٦) بارەگای دەزگاکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسێکی کەناڵی ئاسمانی کوردستان تیڤی لەلایەن میلیشیاکانەوە بە دڕندەترین شێوە لە پێش چاوی خانەوادەکەی شەھید کرا و لاشەکەشی شێوێنرا ، ھەروەھا (١٩) کارگە و چێشتخانەی ھاووڵاتیان و بە سەدان مۆڵ و دوکانی ھاووڵاتیان تاڵان کراوە و سووتێندراوە، بەشێوەیەکی گشتی ئەو زیانانەی بەو شارە کەوتووە بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێندرێت.

 

لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکە د. دیندار زێباری رێکخەر راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان وتی: لێرەوە بە پێویستی دەزانین ڕای گشتی ئاگاداری ب‌کەینەوە کە کەمینەیەکی باڵادەست دەیانەوێت بە پاڵپشتی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دیمۆگرافیای ناوچەکە بگۆڕن و شارەکە لەڕێی ترس و تۆقاندنەوە، چۆل بکەن لە دانیشتووانە کوردەکەی و پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکاریانە دابنێت و کار بکرێت بۆ ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی ناوچەکە و رەخساندنی بوارێکی گونجاو بۆ گەڕانەوەی خەڵکی ناوچەکە کە لە ترسی ھەرەشەکانی میلیشیاکانی ماڵ و حاڵی خۆیان جێھێشتووە و لە ئێستادا ناتوانن بگەڕێنەوە، ھەروەھا  کار بکرێت بۆ سزادان ئەو کەس و لایەنانەی کە تاوانیان دەرھەق بە ھاووڵاتیانی توزخورماتوو ئەنجام داوە.





ئەم هەواڵە 400جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
خۆی فڕێدەداتە بەردەم بارھەڵگرێک، بزانە چی لێدێت
پێکدادانی دوو فرۆکە
بوونەوەرێکی نامۆ لە فلپین دەردەکەوێت
لە پەخشی راستەوخۆی گێچەڵی سێکسی پێدەکرێت
خەونی ھەمو ئافرەتێک , کەسێکی ئاوای ھەبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad