English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
له دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان ١٩مادده له پرۆژه یاسای پەیڕەوی ناوخۆ پەسەند کرا
2018-02-06 [06:18 AM]

ZNA- هەولێر


 

ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان ١٩ ماددەی دیکەی لە پڕۆژەیاسای پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرد، ھەروەھا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دوو پڕۆژەیاسای دیکە کرد.

 

سەعات ١١ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٠١٨/٢/٦، پەرلەمانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی دکتۆر جەعفەر ئیبراھیم ئێمینکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و بێگەرد دڵشاد تاڵەبانی، سکرتێری پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە (٧)ی ئاساییی خولی پاییزە، ساڵی پێنجەم لە خولی چوارەمی ھەڵبژاردنی ئەنجام دا.

 

سەرەتا جێگری سەرۆکی پەرلەمان، بەرنامەی کاری دانیشتنەکەی خوێندەوە، کە لە چوار خاڵ پێکھاتبوو، خاڵی یەکەم بریتی بوو لە گفتوگۆکردنی پڕۆژەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، کە لە لایەن لیژنەی کاتی بۆ پێداچوونەوەی پەیڕەوی ناوخۆ ئامادە کراوە، بە پێی بڕیاری ژمارە (٢٦)ی ساڵی ٢٠١٤ و بڕگەی (٨) لە ماددەی (پەنجاو شەشەم)ی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ی ھەموارکراو و پاڵپشت بە ماددەی (٩٤)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ی ھەموارکراو، خاڵی دووەمیش بریتی بوو لە خوێندنەوەی یەکەم بۆ ئەو دوو پڕۆژەیاسایە: (پڕۆژەیاسای دەستەبەرکردنی نوێنەرانی ئافرەتان لە دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان و پڕۆژەیاسای ڕێکخستن و یەکخستنی عەلوەکان)، بە پێی مادەی (٧١) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ی ھەموارکراو، خاڵی سێیەمیش بریتی بوو لە زیادکردنی ئەندامی پەرلەمان، پەری ساڵح حەمید، بۆ سەر لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە پێی مادەی (٤٤) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ی ھەموارکراو، خاڵی چوارەم و کۆتاییی بەرنامەی کاریش بریتی بوو لە گفتوگۆکردنی پڕۆژەیاسای زیادەڕۆیی لەسەر موڵکی دەوڵەت، بە پێی ماددەکانی (٧٢،٧٤،٧٥)، لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ی ھەموارکراو.

 

پاشان لە لایەن خاتوو بێگەرد تاڵەبانی، سکرتێری پەرلەمان، پوختەی کۆنووسی دانیشتنی پێشووی پەرلەمان خوێندرایەوە، ھەروەھا ناوی ئەو ئەندامانەی پەرلەمانیش خوێندرایەوە کە لە دانیشتنی پێشوودا مۆڵەت بوون، یان ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون و ناوی ئەو ئەندامانەیشی کە بۆ دانیشتنی ئەمڕۆ مۆڵەتیان وەرگرتبوو، خوێندرایەوە.

 

پاشان بە پێی خاڵی یەکەمی بەرنامەی کاری دانیشتنەکە، داوا لە لیژنەی کاتی بۆ پێداچوونەوە بە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان کرا بێنە شوێنی تایبەت بۆ خوێندنەوەی ئەو ماددە و بڕگانەی کە ئامادەیان کردبوو بۆ ئەوەی بخرێنە دەنگدانەوە بە مەبەستی پەسندکردنیان، کە بریتی بوو لە بەشی پێنجەمی پڕۆژەی پەیڕەوەکە، کە تایبەت بوو بە لیژنە ھەمیشەییەکان و لیژنە کاتییەکانی پەرلەمان، کە لە بیست ماددە پێکھاتبوو، لە ماددەی ٢٨ی پەیڕەوەکەوە دەستی پێ دەکرد، کە تێیدا ئاماژە بە چۆنیەتیی ھەڵبژاردن و پێکھاتە و ماوەی پێکھێنان و دیاریکردنی ژمارەی ئەندامان لە لیژنەکاندا کراوە، سەبارەت بە بڕگەی یەکەمی ماددەکە، کە باس لە ماوەی ھەڵبژاردنی لیژنە ھەمیشەییەکان دەکات لە ماوەی ٢٥ ڕۆژدا، لە لایەن ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانەوە پێشنیاز کرا ئەو ٢٥ ڕۆژە لابدرێت و ماوەکە کراوە بێت، بەڵام پێشنیازەکە دەنگی پێویستی نەھێنا و بڕگەکە وەک خۆی مایەوە، ھەروەھا پێشنیاز کرا، کە لیژنەکان بۆیان ھەبێت، سکرتێرێک، یان زیاتریان ھەبێت بۆ لیژنەکە، ئەو پێشنیازەش خرایە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرا.

 

پاشان کۆی ماددەکە کە لە پێنج بڕگە پێکھاتبوو خرایە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرا.

 

ماددەی ٢٩ کە تایبەت بوو بە ژمارەی لیژنە ھەمیشەییەکانی پەرلەمان، دوای پێشنیازی ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان بۆ لێکدانی چەند لیژنەیەک بەیەکەوە و مانەوەی ھەندێ لیژنەش وەکو خۆیان و یەکلاکردنەوەیان بە دەنگدان ژمارەی لیژنەکانی پەرلەمان لە ٢٢ لیژنەوە کرا بە ١٥ لیژنە.

 

ماددەکانی ٣٠ و ٣١ی پەیڕەوەکەش کە تایبەت بوون بە کاری لیژنەکان و کۆبوونەوەکانی و وەرگرتنی بڕیارەکان بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی لیژنەکە و دانیشتنەکانی و تۆمارکردنیان لە کۆنووس و خستنە بەردەمی ھەر بابەتێک لە لایەن سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانەوە بۆ بەردەم لیژنە ھەمیشەییەکان، دوای خستنە دەنگدانیانەوە بەجیا پەسند کران.

 

سەبارەت بە ماددەی ٣٢ی پەیڕەوەکەش، کە تایبەت بوو بە ئامادەبوونی ئەندامانی پەرلەمان و ڕاوێژکارانی پەرلەمان بە پێی پسپۆڕییان لە کۆبوونەوەی لیژنەکان، لە لایەن ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانەوە پێشنیاز کرا بڕگەی دووەمی ماددەکە لابدرێت، ئەو پێشنیازەش خرایە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرا، دواتر کۆی ماددەکە خرایە دەنگدانەوە و بە کۆی دەنگ پەسند کرا.

 

ماددەکانی (٣٧،٣٦،٣٥،٣٤،٣٣)ی پەیڕەوەکەش، کە تایبەت بوون بە جێبەجێبوونی ئەو حوکمانەی کە لەو پەیڕەوەدا ھاتوون بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنەکانی پەرلەمان، بەسەر ئامادەبوون لە دانیشتنی لیژنەکان و جێگرتنەوەی شوێنی ئەندامێکی لیژنەکان لە کاتی بەتاڵبوونی شوێنەکەی بە پێی پەیڕەو و بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە کاری لیژنەکان لە لایەن دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، دوای خستنە دەنگدانیانەوە بەجیا بە کۆی دەنگ پەسند کران.

 

ماددەی ٣٨ی پەیڕەوەکەش لەسەر پێشنیازی لیژنەی کاتیی پێداچوونەوە و پێشنیازی ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ لادرا.

 

ھەروەھا پێشنیاز کرا ماددەی ٣٩ی پەیڕەوەکەش لابدرێت، بەڵام پێشنیازەکە دەنگی پێویستی نەھێنا و ماددەکە وەک خۆی پەسند کرا.

 

ماددەکانی (٤٣،٤٢،٤١،٤٠)ی پەیڕەوەکەش کە تایبەت بوون بە شێوازی ڕاوێژکردنی لیژنەکان بە شارەزایان و پێسپۆڕانی پەیوەست بە کاری لیژنەکان و داوای دانیشتنی گوێگرتن لەسەر ھەر بابەتێک کە پەیوەست بێت بە کاری لیژنەکەوە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار، کەرتی حکوومی و تایبەت و ھەروەھا بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە و سەردانی مەیدانیی لیژنەکان و داواکاریی لیژنەکان بۆ ئامادەبوونی وەزیری پەیوەندیدار و لایەنی پەیوەندیدار بە لیژنەکان و بەشدارییان لە دانیشتنەکانی پەرلەمان، ھەرچوار ماددەکە بە جیا وەک خۆیان خرانە دەنگدانەوە و پەسند کران.

 

سەبارەت بە ماددەی ٤٤یش پێشنیاز کرا، کە بڕگەی چوارەمی ماددەکە بەو شێوەیە دابڕێژرێتەوە (لەکاتی کارکردنی لیژنە نابێت نھێنیی کاری لیژنەکە بدرکێندرێت)، ئەو پێشنیازەش خرایە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ ڕەت کرایەوە و بڕگەکە وەک خۆی مایەوە، بەمشێوەیە (لەکاتی کارکردنی لیژنە ھەر ئەندامێک نھێنیی کاری لیژنەکە بدرکێنێت، ئەندامیەتیی لیژنەکە لەدەست دەدات)، پاشان کۆی ماددەکە خرایە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرا.

 

ماددەکانی (٤٧،٤٦،٤٥)ی پەیڕەوەکەش، کە تایبەت بوون بە پەیوەندیی نێوان لیژنەکان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن و کاری بەدواداچوون و پشکنین و گەڕان بە دوای ڕاستییەکان و ئاراستەکردنی ڕاپۆرت و ڕاسپاردەکان لە لایەن لیژنەکانەوە بۆ سەرۆکی پەرلەمان، دوای خستنە دەنگدانیانەوە وەکو خۆی بەجیا پەسند کران.

 

بەمجۆرە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کۆتایی بە بەشی یەکەمی دانیشتنەکە ھێنا و دوای پشوویەکی کورت دانیشتنەکە دەستی پێ کردەوە و بە پێی خاڵی دووەمی بەرنامەی کاری دانیشتنەکە لە لایەن لیژنەی کاروباری یاساییەوە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاساکانی (دەستەبەرکردنی نوێنەرانی ئافرەتان لە دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان، یاسای ڕێکخستن و یەکخستنی عەلوەکان) کران و لە لایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەکان و سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان کران و داواش کرا کە ھەردوو پڕۆژەیاساکە سیفەتی ئیستعجالیان پێ بدرێت.

 

بە پێی خاڵی سێیەمی بەرنامەی کاریش، بە کۆی دەنگ پەرلەمانتار، پەری ساڵح حەمید، بۆ سەر لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی زیاد کرا.

 

سەبارەت بە خاڵی چوارەم و کۆتاییی بەرنامەی کاریش، کە بریتی بوو لە گفتوگۆکردنی پڕۆژەیاسای زیادەڕۆیی لەسەر موڵکی دەوڵەت، لەسەر داوای وەزراەتی شارەوانی بە مەبەستی ڕەخساندنی کاتی زیاتر بۆ گفتوگۆکردنی پڕۆژەیاساکە لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی دەوڵەمەندکردنی زیاتری دواخرا بۆ دانیشتنی ڕۆژی دووشەممەی داھاتوو و دانیشتنەکە کۆتایی پێ ھات.





ئەم هەواڵە 343جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ھەڵوێستێکی جوانی محەمەد سەڵاح
خاڵ بەدەستھێنان ئاوا دەبێت
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad