English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەم ئەفسەرە بۆچی خۆی کووشت
2018-02-06 [06:55 AM]

ZNA- ھەولێر 



ئەو ئەفسەرەی پۆلیس کە شەوی سێی ئەم مانگە خۆی کوشت، لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەسەر پێکھێنرابوو بۆئەوەی دادگایی بکرێ، بەڵام وەزیری ناوخۆ ئەو داواکارییەی رەتکردبووەوە.

شەوی ٣/٢/٢٠١٨ تەرمی مولازمی یەکەم راستی ئەحمەد، تەمەن ٣١ ساڵ، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە گەرمیان، لە نێو ئۆتۆمبێلەکەیدا دۆزرایەوە. ئەگەرچی ھێشتا لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس لەبارەی رووداوەکە لە قۆناغی سەرەتاییدان، بەڵام دەگوترێ راستی خۆی کوشتووە.

رووداوەکە ھەر زوو بەسترایەوە بە "کێشەیەکی شەخسی"، لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگەکەی، بەڵام بەڕێوەبەرەکە ئەو تۆمەتە رەتدەکاتەوە.
 راستی قوتابی ماستەر بوو لە بەشی کارگێڕی لە قوبرس، بەنیاز بوو لە چەند رۆژی داھاتوودا بچێتەوە قوبرس بۆ تەواوکردنی خوێندنەکەی، بەڵام مەرگ رێگەی نەدا.

ھاوڕێیەکی راستی کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە گوتی: "راستی ئەو ماوەیە بەھۆی دەمەقاڵەیەک لەگەڵ بەڕێوەبەرەکەی، زۆر بێ تاقەت بوو. دواتر دەنگۆیەک بڵاوبووەوە کە داوای پەیوەندی لە بەڕێوبەرەکەی کردووە. ئەمەش راستیی رووخاند، چونکە ئەو قسانە ئەسڵ و ئەساسیان نەبوو، ئەو قسەڵۆکانە زۆر دووربوون لە کەسایەتیی ئەو".

سەبارەت بەھۆکاری خۆکوشتنی راستی، ھاوڕێکەی دەڵێت: "ئەو رووداوە زیاتر لە مانگێکە روویداوە، من ناتوانم سەد لە سەد بڵێم ھۆکاری خۆکوشتنی راستی بەھۆی ئەو قسانەوە بووە، ناشتوانم  بڵێم ئەوە ھۆکار نەبووە، چونکە ھەموو مرۆڤێک ھەندێک شت لەدڵیدایە بە ھاوڕێ نزیکەکانیشی ناڵێت".

ھاوڕێیەکی دیکەی راستی کە خزمیشیەتی، لەبارەی رووداوەکەوە دەڵێت: "راستی کەسێکی بوێر و زیرەکی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بوو، بۆیە دژایەتییەکی زۆر دەکرا، تا کار گەیشتە ئەوەی بوختانی بۆ بکەن. بوو بە قسە و قسەڵۆک گوایە رەفزی وەرگرتووە، لەکاتێکدا بەڕێوەبەرەکەی لە تەمەنی ئەودا نییە و زۆر لە خۆی گەورەترە. ئەم بوختانە بە تاکە ھۆکاری خۆکوشتنی راستی دەزانم".

بە گوتەی ئەو ھاوڕێیەی، راستی بەر لەوەی خۆی بکوژێ، تەلەفۆنی بۆ دایکی کردووە، پاشان ھەر لە نێو ئۆتۆمبێلەکەی لە گوندی ژاڵەناو گوللەیەکی لەسەری خۆی داوە.

ئەحمەد حەمەئەمین، باوکی راستی کە کەسایەتییەکی دیاری دەربەندیخانە، رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا ھۆکاری خۆکوشتنی کوڕەکەم نازانین، چاوەڕێی لێکۆڵینەوەی پۆلیسین، تا ئەوکات نامانەوێت ھیچ بڵێین و جارێ سکاڵاش لەسەر کەس تۆمار ناکەین". 

عەقید لەمیعە محەممەد، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە گەرمیان، ھەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە خۆکوشتنی ئەو ئەفسەرە بەوەوە دەبەستنەوە. 
عەقید لەمیعە گوتی : "ئەوەی لەبارەی پەیوەندی من و ملازم راستییەوە دەگوترێ، ھەموو قسە و قسەڵۆکە. ئەو پێش مانگێک ھاتە ژوورەکەی من و ھەڵەی بەرامبەر من کرد، زیاتر ھەڵچوونێک بوو، بەڵام ئێمە بەھیچ شێوەیەک لێژنەی لێکۆڵینەوەمان لەسەر پێکنەھێنا، لە گوڵ کاڵتریشمان پێنەگوت".

بەپێی زانیارییەکان بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە گەرمیان داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کردبوو راستی ببرێتە بەردەم دادگا، بەڵام وەزیری ناوخۆ ئەو داواکارییەکەی رەتکردبووەوە.

سەرچاوە / رووداو 





ئەم هەواڵە 5464جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ھەڵوێستێکی جوانی محەمەد سەڵاح
خاڵ بەدەستھێنان ئاوا دەبێت
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad