ZNA - هەولێر
نوسینگەی سەرۆككۆماری ئێران لە ئەنجامی راپرسییەک رایگەیاندووە نیوەی خەڵكی ئێران دژی حیجابكردنی زۆرەملێن.
نوسینگەی سەرۆككۆماری ئێران راپۆرتێكی سێ ساڵ بەر لەئێستای بڵاوكردووەتەوە كە تێیدا باس لەوەدەكات كە 49%-ی خەڵكی ئێران دژی حیجابی زۆرەملێن.
رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمز بڵاویكردووەتەوە كە بڵاوكردنەوەی ئەو راپۆرتە لە ئێستادا وەكوو پشتیوانییەكی كابینەی حەسەن رۆحانی لەو شەپۆلەیەكە کە لە ئێران لەدژی حیجابی زۆرەملێ دەستی پێکردووە و دەسەڵاتی ئێرانیش بەتووندی دژایەتی دەكات.
ماوەیە چەند هەفتەیە ژنانی ئێران لە سەر شەقام و شوێنە گشتییەکان سەرپۆشەکانیان بە دارێکەوە دەکەن و بە بەرچاوی خەڵک و هێزە ئەمنییەکاندا بە نیازی دژایەتیکردنی سەرپۆشی زۆرە ملی سەرپۆشەکانیان رادەوەشێنن.
بە پێی دەستووری ئێران هیچ ژنێک بۆی نییە بێ سەرپۆش لە شوێنە گشتییەکاندا دەربکەوێت. تەنانەت میوانان و گەشتیارانی بیانیش لە پێویستە لە نێوخۆی ئێران سەرپۆش بکەنە سەریان.
ئەم هەواڵە 637جار خوێندراوەتەوە |