English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ھەندێک پەیوەندی نێوان کوڕان و کچان لە فەیس بووک کارەساتی لێدەکەوێتەوە  
2018-02-07 [04:51 AM]

ZNA- ھەولێر 


ئەو پەیوەندییە ئەڤینییەی سیما لەڕێی فەیسبووکەوە دروستی کرد، زۆر گران لەسەری کەوت، چونکە بەھۆیەوە ساڵێک خوێندنی لەدەستچوو، جگە لەوەش بە ھەموو جۆرێک بەکارھێنانی مۆبایل و تۆڕی کۆمەڵایەتی لێ قەدەغە کرا.

سیما کچێکی تەمەن ٢٠ ساڵە و لە پۆلی ١٢ی ئامادەییە، باسی پەیوەندییەکەی خۆی لەگەڵ ئەو کوڕە دەکات کە لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ناسیویەتی "لە فەیسبووک کەسێکم ناسی، دوای ماوەیەک پەیوەندی خۆشەویستی لە نێوانمان دروستبوو، پەیوەندییەکەمان ساڵێک درێژەی کێشا، دواتر ماڵەوەش ئاگادار بوون، بەڵام دوای ساڵێک بۆم دەرکەوت ئەو کوڕە ھەموو شتێکی بە درۆ پێگوتووم".

سیما بەھۆی ئەوەی ئەو کوڕە فێڵی لێکردووە و لە فەیسبووک ھەموو شتێکی بە درۆ پێگوتووە، ساڵێک نەیتوانی بخوێنێ، جگە لەوەش کاتێک ماڵەوەیان بەمەیان زانی، سانسۆریان خستە سەری. سیما دەڵێت "بەھۆی ئەو کوڕەوە ساڵێک لە خوێندن دواکەوتم، بەکارھێنانی مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چوونە دەرەوەم لێ قەدەغە کرا". 

کەیسی سیما و زۆر سیمای دیکە کە بەھۆی خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و بە تایبەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تووشی کێشە دەبن، داواکاری گشتیشی ھێناوەتە سەر خەت.

بەپێی نووسراوی ئەندامێکی داواکاری گشتی بە ژمارە ١٠٧ لە رۆژی ١٠/٩/٢٠١٧ کە بە ناونیشانی "گەنجانی سەرەڕۆ" ئاراستەی داواکاری گشتیی ھەولێری کردووە، داوا دەکات "لە رێگەی وەزارەتی دادەوە نووسراو بۆ وەزارەتی رۆشنبیری بکرێ کە ئاگاداری میدیاکان بکرێتەوە لەوەی بەرنامە و ئامۆژگاریی باش پێشکەشی گەنجان بکرێ" بەو ئامانجەی دوور بکەونەوە لە خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

نووسراوەکە کە واژۆی عەبدولقادر رەزاق ئاغا مەسیفی لەسەرە، دەڵێت: "ھەندێک لەو گەنجانە تا درەنگانی شەو، بگرە تا بەیانی ناخەون و لە کۆڵان و شەقامەکان دەسووڕێنەوە، ئەمە چەندین تاوانی کوشتن و برینداربوون و خۆکوشتن و خۆسووتاندنی لێکەوتووەتەوە کە شیرازەی کۆمەڵگەی تێکداوە......".

ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکانی  توندوتیژی دژی ژنان دەریدەخەن کە ساڵ بە ساڵ ژمارەی سکاڵا لەلایەن ئافرەتانەوە لە ھەڵکشاندایە، بەشێکی زۆر لەو سکاڵایانەش پەیوەندییان بە خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنەوە ھەیە، لە سەرووی ھەمووشیانەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. بەشێک لە پیاوان وێنە و ڤیدیۆی ئافرەتان لە رێگەی پەیوەندیی نێوانیانەوە دەستدەخەن و دواتر وەکو کەرەستەیەکی ھەڕەشە بەکاریدێنن.

سارا ناوی خوازراوی کچێکی تەمەن ١٧ ساڵانە، ھەر دوای دروستکردنی ئەکاونتێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، کوڕێک داوای ھاوڕێیەتی لێدەکات، بەڵام زۆری نەمابوو ئەو ھاوڕێیەتییە سەری بخوات.

سارا گوتی: "تازە ئەکاونتم دروستکردبوو لە فەیسبووک، ھیچ شارەزاییەکم  لێی نەبوو، کاتێک بۆ یەکەمجار داوای ھاوڕێیەتیم لەلایەن کوڕێکەوە بۆ ھات، قبوڵم کرد، ماوەیەک قسەمان کرد، دواتر داوای وێنەی کرد و گوتی خۆشمدەوێی و وەک چاوی خۆم دەتپارێزم، منیش وێنەم بۆ نارد".

پەیوەندی نێوان سارا و ئەو کوڕە تەنیا شەش مانگ درێژەی کێشا، دواتر لە یەک دابڕاون، بەڵام دوای مانگێک ئەو کوڕە پەیوەندی بە ساراوە دەکات. سارا گوتی "نامەی بۆ ناردم و بۆی نووسیبووم، ئەگەر ئەو شتانەی داوات لێدەکەم بۆم نەکەیت، ھەموو وێنەکانت بڵاو دەکەمەوە. باوەڕم پێی نەکرد، دواتر بە ناوی من فەیسبووکێکی دانا و وێنەکانی منی بڵاوکردەوە و ھەڕەشەی ئەوەی لێکردم ئەگەر کارت و پارەی نەدەمێ، وێنەی زیاتری من بڵاودەکاتەوە، ماوەی مانگێک ناچار بووم پارە و کارتی بۆ بنێرم، دواتر لە رێگەی برای ھاوڕێیەکم کێشەکەم چارەسەر کرا، بەڵام ساڵێک تێپەڕیوە و ھێشتا لەوە دەترسم وێنەکانی منی لامابێت و بڵاوی بکاتەوە".

بەپێی ئاماری داواکاری گشتی، لە چوار ساڵی رابردوودا ٦٢٨٥ سکاڵا لەسەر خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی تۆمارکراون. لەو ژمارەیەش ٥١٤٧ سکاڵا ئاشکرا کراون و سزادراون، ١١٣٨ سکاڵاش ئاشکرا نەکراون. 

دوای سێ مانگ، داواکاری گشتی، نووسراوی ئەندامەکەی ھاوپێچی نووسراوێک کردووە و بە ژمارە (٦ ر ٧٣٨) لە رۆژی ١٧/١٢/٢٠١٧ بۆ وەزارەتی رۆشنبیری ناردووە و داوا لە وەزارەتەکە دەکات کە کەناڵە بینراو و بیستراوەکان گەنجانی کوردستان ئاگادار بکەنەوە لە خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی.

دڵشاد فایز عەبدوڵڵا، گوتەبێژی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی  گوتی: "دەرکردنی ئەو نووسراوە زۆر گرنگ بوو، پێویستە وەزارەتی رۆشنبیری زۆر گرنگی بەو بابەتە بدات، چونکە زۆربەی ئەو کێشە کۆمەڵایەتییانەی رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە، بەھۆی  خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە".

پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٨ یاسای خراپ بەکارھێنانی  ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی دەرکرد. بەپێی یاساکە "ھەر کەسێک تەلەفۆنی خانەیی (مۆبایل) یان ئامێری پەیوەندی، یان ئینتەرنێت، یان پۆستی ئەلیکترۆنی بۆ مەبەستی ھەڕەشە یان تۆمەت ھەڵبەستن، یان جنێودان یان بڵاوکردنەوەی ھەواڵی ھەڵبەستراو بەکارھێنا، کە ترس پەیدا دەکات. یان دزەی بە گفتوگۆ و وێنەی چەسپاو و جوڵاو کرد، یان کورتەنامەی بڵاوکردەوە کە لەگەڵ ڕەوشتی گشتی ناگونجێن، یان بەبێ روخسەت و مۆڵەت وێنەی گرت و بڵاوکردەوە.... بۆ ماوەیەک بەند دەکرێ کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێ و لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێ، بە غەرامەیەکیش سزا دەدرێ کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێ و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێ. یان بە یەکێک لەو دوو سزایە".

سەرچاوە / رووداو 
 





ئەم هەواڵە 8272جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
سەیرترین رووداوەکانى ھاتووچۆ
كوشتنی به‌رێوه‌به‌ری پاسه‌پۆرتی پارێزگای بابل
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad