English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بەشێكی دیكەی شەقامی ١٢٠ مەتری هەولێر دەكرێتەوە
2018-02-08 [10:06 AM]

ZNA- هه‌ولێر


بە ستاف و کەرەستەی سەد لەسەت خۆماڵی، شەو و رۆژیان خستووەتە سەر یەک، بۆ ئەوەی گەورەترین پرۆژەی رێگەوبان لە کوردستان تەواو بکەن، ئەویش شەقامی بازنەیی خێرایە بە چواردەوری ھەولێردا کە بە شەقامی ١٢٠ی ناسراوە. سەرپەرشتیاری پرۆژەکە رایگەیاند کە لە دوو ھەفتەی داھاتوودا بەشێکی تازەی شەقامەکە دەکرێتەوە و بەشێکی سێیەمیشی کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبێ.

شەقامی بازنەیی ١٢٠ مەتری، درێژییەکەی ٣٨ کیلۆمەترە، بڕیارە بە سێ قۆناغ تەواو بکرێ، لەلایەن کۆمپانیایەکی خۆماڵی کە ھێمن گرووپە و لەگەڵ کۆمپانیایەکی تورکی بەناوی ئیکینجیلەر دروست دەکرا، بەڵام کۆمپانیا تورکییەکە کە بەشێکی کەمی پرۆژەکەی لە ئەستۆ بوو، ماوەی سێ ساڵە پرۆژەکەی بە تەواونەکراوی جێھێشتووە.

درێژیی شەقامەکە لە رێگەی شەقڵاوە تاوەکو رێگەی کەرکووک، ١١ کیلۆمەترە، ئێستا بەشێکی تەواو بووە، ئەمیر عەبدولخالق سەرپەرشتیاری پرۆژەکە بە (رووداو)ی گوت "بەشی دووەمی پرۆژەکە کە لە رێگای شەقڵاوە بۆ رێگای کۆیەیە، تەواو بووە و بڕیارە لە دوو ھەفتەی داھاتوودا بکرێتەوە".

بەگوتەی سەرپەرشتیاری پرۆژەکە، تێچووی ئەو بەشەی ئێستا کاری تێدا دەکرێ ١٤٧ ملیۆن دۆلارە و ماوەی تەواوکردنی پرۆژەکە ١٢٥٠ رۆژە، بەڵام بە کەمتر لەو ماوەیە تەواو دەکرێ. 

ئەمیر عەبدولخالق گوتی: "ئەو بەشەی پرۆژەکەمان کرد بە دوو بەش، بۆ ئەوەی شوفێران زووتر سوودی لێوەربگرن، بەشی یەکەم لە رێگای شەقڵاوە بۆ کۆیە کە تەواو بووە، بەشی دووەمیش کە لە رێگەی کۆیە بۆ رێگەی کەرکووکە، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبێ، چونکە قورسترین بەشی پرۆژەکە کە کاری خۆڵکارییە ٨٠%ی تەواو بووە".

بەشێکی دیکەی پرۆژەکە (لە رێگای مووسڵ بۆ رێی شەقڵاوە) کە درێژییەکەی ١٦ کیلۆمەتر بوو، لەگەڵ چوار کیلۆمەتر لە رێگەی ھەولێر-زاخۆ بە گوژمەی ١٦٥ ملیۆن دۆلار بە ھەمانشێوە لەلایەن کۆمپانیای ھێمن گرووپ جێبەجێ کراوە و لە رۆژی ٥/٢/٢٠١٧ کرایەوە، بەڵام ئەو بەشەی کە لە رێگەی کەرکووک بۆ مووسڵە و لەلایەن کۆمپانیای ئیکینجیلەری تورکی لە ساڵی ٢٠٠٩وە کاری تێدا دەکرا، ٧٥%ی تەواو بووە و ماوەی سێ ساڵە کارکردن تێیدا وەستاوە. تێچووی ئەو بەشە ١٤٠ ملیۆن دۆلارە و کۆمپانیاکە بەشێکی زۆری پارەکەی وەرگرتووە.

سەبارەت بە تەواوکردنی کارەکانی کۆمپانیا تورکییەکە، ئەمیر عەبدولخالق گوتی :"پرۆژەکە کە لەلایەن شارەوانییەوە دراوەتە کۆمپانیا تورکییەکە، ھێشتا لێی وەرنەگیراوەتەوە، دەبێ گرێبەستەکەی ھەڵبوەشێندرێتەوە، ئەگەر داوایان لێکردین، دەتوانین تەواوی بکەین". 

بە گوتەی بەڕێوەبەری پرۆژەی شەقامی ١٢٠ مەتری لە کۆمپانیای ھێمن گرووپ، بە تەواوبوونی پرۆژەکە، شوفێر دەتوانێ بە ماوەی ٢٢ خولەک بە دەوری ھەولێردا بسووڕێتەوە.

تێچووی بەشی یەکەمی پرۆژەی شەقامی ١٢٠ مەتری ١٦٥ ملیۆن دۆلار بووە، بەشی دووەمیشی ١٤٧ ملیۆن دۆلارە. ئەمیر عەبدولخالق دەڵێت: "لەو ٣١٢ ملیۆن دۆلارە، تاوەکو ئێستا ھیچمان وەرنەگرتووە". بەڵام دەڵێت دەتوانن پرۆژەکە تەواو بکەن، خاوەنی کۆمپانیاکەش ناچار بووە بەشێک لە موڵک و پرۆژەکانی بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە بفرۆشێ. 

تایبەتمەندییەکانی شەقامەکە ئەوەیە ترافیک لایت، پێچکردنەوە، لادانی نییە و ھەموو ئەوانە بە بەرزەپرد و پردی لادانەوە چارەسەر کراون. ١٥ ئۆڤەر پاس و ١١ ئەندەر پاسی ھەیە. پانیی ھەر سایدێکی ١٥ مەترە و سێ رێڕەوی رۆیشتنی ئۆتۆمبێلی ھەیە. دوو باریکە شەقامی خزمەتگوزاریشی ھەیە. پڕۆژەکە بە جۆرێک دروستکراوە بەرگەی ھاتوچۆی زۆر و قورس بگرێ. 

ئەمیر عەبدولخالق دەڵێت: "دیزاینی پرۆژەکە بۆ ٢٥ ساڵ دروستکراوە و رۆژانە ٦٠٠٠ – ٧٠٠٠ ئۆتۆمبێل بەسەریدا ھاتوچۆ دەکەن، شەقامەکە بەرگەی ٤٠ تۆن بار لەسەر ھەر ئەکسڵێکی بارھەڵگر دەگرێ".

پرۆژەکە ھەلی کاری بۆ ٥٨٠ – ٦٣٠ کەس رەخساندووە، بە گوتەی بەڕێوەبەری پرۆژەکە ١٠٠%ی کارمەندان و ئەندازیار و کرێکارانی پرۆژەکە خۆماڵین.

لە جەزائیر و ئۆزبەکستان داوای ھێمن گرووپ دەکەن

کارەکانی ھێمن گرووپ بوونەتە جێی سەرنج. بە گوتەی ئەمیر عەبدولخالق سەرپەرشتیاری پرۆژەی شەقامی ١٢٠ مەتری، لە پارێزگای سلێمانیش داوایان لێکردوون کار بکەن، بەڵام ئێستا لەبەر شەقامی ١٢٠ مەتری ناتوانن لەو کاتەدا ھیچ پرۆژەیەکی دیکەی رێگەوبان وەربگرن. ئەو دەڵێت کە لە جەزائیر و ئۆزبەکستانیشەوە ئۆفەریان بۆ ھاتووە، بەڵام دەڵێت "ئامانجی ئێمە ئەوەیە لێرە خزمەت بکەین، نەک لە وڵاتان بەدوای قازانجدا بگەڕێین". 

 

سه‌رچاوه‌:  رووداو





ئەم هەواڵە 3706جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
خۆی فڕێدەداتە بەردەم بارھەڵگرێک، بزانە چی لێدێت
پێکدادانی دوو فرۆکە
بوونەوەرێکی نامۆ لە فلپین دەردەکەوێت
لە پەخشی راستەوخۆی گێچەڵی سێکسی پێدەکرێت
خەونی ھەمو ئافرەتێک , کەسێکی ئاوای ھەبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad