English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نێچیرڤان بارزانی شایەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە
2018-02-08 [10:16 AM]

ZNA- هه‌ولێر


رۆژنامەی واشنتن تایمز لە بابەتێکیدا نووسیویەتی، نێچیرڤان بارزانی بە ژیریی و دیپلۆماسییەتی خۆی توانی رێگری لە شەڕێکی خوێناوی لە عێراق بکات، کە کارەساتێکی گەورەی مرۆیی بەدوای خۆیدا دەهێنا، بۆیەش ئەو شایەنی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵە بۆ ئاشتی.

نووسەر و لێکۆڵەر رەیچڵ ئەڤراهام لە بابەتێکیدا لە رۆژنامەی واشنتن تایمز لەژێر ناوی "نێچیرڤانی بارزانی شایەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە" ئاماژەی بەوە کردووە ، لە دوای گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان، زۆربەی وڵاتان رێزیان لە مافی گەلی کورد بۆ جاڕدانی مافی سەربەخۆیی نەگرت، ئەمریکا بیانووی ئەوەبوو کاتی گشتپرسییەکە گونجاونەبوو، هەروەها تورک و ئێرانی و سوورییەکان لەدژی ئەم خواستەی کوردبوون، چونکە بۆچوونیان وابوو ئەمە کاریگەری لەسەر کوردی وڵاتەکانیان دەبێت.

رەیچڵ ئەڤراهام لە درێژەی بابەتەکەیدا نووسیویەتی، عێراق و ئێران ئامادەبوون بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هیچ دەوڵەتێکی کوردی درووستنابێت، جەنگ لە دژی کورد بەرپابکەن، سوپای پاسداران لەگەڵ هێزە شیعییەکان هێرشیانکردە سەر کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە، گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی راگیران و گەمارۆ خرایە سەر کورد و لەڕووی نێودەوڵەتییەوە کورد پەراوێزخرا.

ئەڤراهام نووسیویەتی، سەرباری ئەو رووداوانەی لە ناوچەکە روویاندا و هێرشکرایە سەر ناوچە کوردییەکان، بەڵام نێچیرڤان بارزانی پابەندی ئاشتی بوو و هەروەها پێی وابوو کە هیچ شتێکی ئەرێنی لە رێگەی شەڕەوە بەدەست نایەت.

نووسەر ئاماژەی بەوەداوە، نێچیرڤان بارزانی بینی کە خەڵکەکەی بەهۆی لەدەستدانی کەرکووک رووبەڕووی چ ناڕەحەتییەک بوونەتەوە و، هاوکات ئەگەر بڕیاری شەڕی تەواو بدات، چەندین ناڕەحەتی و کارەساتی دیکەی مرۆیی رووبەڕووی خەڵکەکەی دەبێتەوە، بۆیە ئەو شەڕی رانەگەیاند، بەڵکو گوتی ئەگەر عەبادی بەڕاستی دەستوور وەک خۆی جێبەجێبکات، ئەوا سەربەخۆیی شتێکی پێویست نابێت. بۆیەش ئەنجامی گشتپرسییەکەی هەڵپەسارد و دەستیکرد بە کۆبوونەوە لەگەڵ  سەرکردەکانی جیهان بۆ ئەوەی گوشاری زیاتر بخەنە سەر عەبادی تاوەکو پابەندی دەستووربێت. بەڵام لە کاتێکدایە پشتیوانییەکان بۆ کوردستانێکی سەربەخۆیی سنوورداربوون، نێچیرڤان بارزانی پشتیوانییەکی گەورەی نێودەوڵەتی لێکرا، بەتایبەتیش بۆ گوشارکردنە سەر عەبادی تاوەکو بەتەواوەتی پابەندی دەستووربێت. بەم پێیەش وردە وردە دۆخەکە بۆ کورد باشتربوو، ئەمەش لەبەر ئەوەی نا کە عەبادی ویستوویەتی، بەڵکو ئەم باشبوونە بەهۆی دیپلۆماسی نێچیرڤان بارزانییەوە بووە کە وایکرد عەبادی بە واقعی نوێ رازیبێت. 

نووسەر لە کۆتاییەکەیدا نووسیوویەتی دەردەسەرییەکانی کورد دەستیان کرد بە باشتربوون و کۆتایی هاتن بەبێ ئەوەی خوێنی زیاتر بڕژێت، بۆیە سوپاس بۆ دیپلۆماسی و ژیری بەڕێز نێچیرڤان بارزانی کە زانی کەی خۆی لە جەنگ بپارێزێت، لەبەر ئەم هۆیەش ئەو شایەنی خەڵاتی نۆبڵە بۆ ئاشتی، کە توانی رێگری لە شەڕێکی خوێناوی بکات، کە زیانێکی گەورەی مرۆیی لێدەکەوێتەوە لە عێراق.

دەقی وتارەکە 

دوای گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستان، زۆربەی وڵاتان رێزیان لە مافی گەلی کورد نەگرت بۆ ئەوەی خۆیان وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ رابگەیێنن. ئەمریکییەکان نیگەرانبوون لەوەی کە کاتەکە بۆ گشتپرسیی گونجاونییە. تورکەکان، عێراقییەکان، ئێرانییەکان و سوورییەکان هەر لەسەرەتاوە دژی بیرۆکەکەبوون و ترسی ئەوەیان هەبوو ئەمە ببێتە ئەگەری لەدەستدانی ناوچەکە بۆ خواستەکانی نیشتمانی کوردی. 

عێراق و ئێران هەتا ئامادەبوون بۆ ئەوەی دڵنیابن هیچ دەوڵەتێکی نوێی کوردی دروستنابێت، جەنگ بەرپابکەن. سوپای پاسدارانی ئێران بەیەکەوە لەگەڵ میلیشیا شیعەکان هێرشیانکردە سەر کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە. هاتن و چوونی گەشتە نێودەڵەتییەکان بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی قەدەخەکران. کورد بەهۆی گەمارۆکان ئازاریان چەشت و رووبەڕووی پەراوێزخستنێکی زیاتری نێودەوڵەتی بوونەوە. بەهۆی ئەوەی کە کوردستان ناوچەیەکی داخراوە، گەمارۆکان لەلایەن وڵاتانی هاوسێی بڕیارێکی کوشندەبوو. 

گرنگ نییە مەسعود بارزانی چەند هەوڵیدا کۆتایی بەم قۆناخە سەختە بێنێت، یانیش دڵنیایی بداتە تورکەکان، ئەمریکییەکان و جیهانیش بەگشتی کە دەوڵەتی کوردی ئاسایشی ناوچەکە بەرەو پێشەوەدەبات و رایگەیاند ئەو تەنیا مەبەستی کوردستانی عێراقە و نەک ناوچەکانی دیکە، بەڵام ئەمە هیچ سوودێکی نەبوو ، تەنانەت ئەمریکاش هاوکاری دۆستە کوردەکەی نەکرد و جەختیلەوەکردەوە کە کورد گوێیان لە ئامۆژگارییەکەی ئەوان نەگرتووە کە کاتی گشتپرسییەکە گونجاونەبووەو پێویست بوو گشتپرسییەکە خرابایە دوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی عەبادی نەک پێش هەڵبژاردنەکە. لەکۆتاییدا، کە خولەکەی مەسعود بارزانی کۆتاییهات، لە نێوەڕاستی ئەم هەموو فەوزایەدا پاڵەوانێک دەرکەوت و رێگەی لە خراپتربوونی دۆخەکە گرت.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان، بە وزە گەنجانەییەکەیەوە پشتیوانییەکی تەواوی هەبوو کە پێویستە ئەو بڕیاری سەربەخۆییەکی تەواو لە دەرەوەی شەڕ بدات. هەرێمی کوردستان لەلایەن 68 گرووپی جیاوازی شیعەوە لە ژێر هێرشدابوو. هاوسێکانی کوردستان دەستیان بەم شەڕئەنگێزییە کرد، چونکە ئەوان نەیاندەویست دەرفەتێک بەکورد بدەن سەربەخۆیی بەدەستبێنێت. 

هێزەکانی پێشمەرگە ئامادەیی تەواویان تێدابوو شەڕی پێچەوانە بکەن و بەرگری لە کوردستانێکی سەربەخۆ بکەن، کە خەونێکی نیشتمانیانە و سەدەیەکە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکان رەتکراوەتەوە، سنوورەکانی دەوڵەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ ئەوەی گوێبدرێت بەوەی کێ لەم ناوچانە ژیاوە داندران. بۆیەش سوننە و شیعە و کورد گیریانخواردووە بە دەست ژیان لە دەوڵەتێکی شکستخواردوو بەناوی عێراق.

کورد بەتەواوەتی دەیانویست لەم دەوڵەتە شکستخواردووە بێنە دەرەوە و وڵاتی خۆیان دروستبکەن، کە بڕوایان وایە بەمشێوەیە دەرفەتی زیاتری سەرکەوتنیان دەبێت، هاوکات دەوڵەتی کوردی، ئەگەر لە ژێر کۆنترۆڵی دیکتاتۆرێکی تایفەگەری نەبێت، دەوڵەتێکی زیاتر هاوتوخم و دیموکراسی دەبێت، دەوڵەتێکی زیاتر فرەیی و مرۆڤایەتی دەبێت. هەروەها سەرباری ئەو راستییەی کە کورد بەسەختی شەڕی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکەی کرد بۆ ئەوەی بەرگری لە ناوچەکانی خۆی بکات، لە کاتێکدا 50%ی  خاکەکەی داگیرکرابوو و داپەروەری لەگەڵ ئەو بوو، هێشتا نێچیرڤان بارزانی پابەندی ئاشتی بوو و هیچ شتێکی ئەرێنی لە هیچ شەڕێکدا نەبینی.

بەڕێز بارزانی بینی کە خەڵکەکەی بەهۆی لەدەستدانە گەورەکەی کەرکووک ئازارێکی گەورەیان چەشتووە، هەروەها ئەو ترسی ئەوەی هەبوو ئەگەر جەنگێکی تەواو بەرپابکات رەنگە بەسەدان کارەساتی دیکەی مرۆیی رووبدەن. داوای ئەوەی کورد بە دەست سەدام حوسەین رووبەڕووی چەندین تراژیدیا بوونەوە، نەیانویست جارێکی دیکە هەموو ناوچە ئۆتۆنۆمییەکەیان لەدەستبدەن. بۆیە بەڕێز بارزانی گەڕایەوە بۆ دیپلۆماسیی. ئەو گوتی ئەگەر، عەبادی بەڕاستی پابەندی دەستووری عێراق دەبێت، وەک شێوە فیدڕاڵییەکەی خۆی کە هەیە، هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی شتێکی ناپێویست دەبێت.
 
بۆیە ئەو ئەنجامی گشتپرسیی سەربەخۆیی سڕکرد و، دەستیکرد بە چاوپێکەوتنی سەرکردەکان لەسەرانسەری جیهاندا، بۆئەوەی گوشارێک بخرێتە سەر عەبادی تاوەکو پابەندی دەستووربێت. لە ئەنجامیشدا، لەکاتێکدا پشتیوانییەکان بۆ سەربەخۆیی کوردستان زۆر سنوورداربوون، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ گوشارکردنە سەر عەبادی تاوەکو بەتەواوەتی پابەندی دەستوور بێت پشتیوانییەکی گەورەی نێودەوڵەتی لێکرا. ئەمریکییەکان، فەرەنسییەکان و هەروەها وڵاتە گرنگەکانی دیکەش کۆک بوون لەسەر ئەوەی ئەو رێگەیەی بەڕێز عەبادی پێشێلی دەستووری پێدەکات، جێگەی قبوڵکردن نییە.

بەڕێز عەبادی نەیدەویست هیچ رەوایەتییەک بە کورد بدات، ئەگەر شتێکی بویستایە ئەوەبوو کە دەیویست زیاتر مافەکانیان پێشێل بکات. بەڵام ئەو بەبێ پاسەوان مایەوە کاتێک کوردەکان نیشانیاندا ئەوان پابەندی گفتوگۆی نێودەوڵەتی و دانوستاندنێکن لەسەر بنچینەی دەستووری فیدراڵی. بۆیە بەهێواشی و بە پلەبەندی، شتەکان لەسەر ئاستی کوردستان دەستیان بە بەرەو پێشچوونکرد، ئەمەش لەبەر ئەوەی نا بەڕێز عەبادی ئەمەی دەویست، بەڵکو ئەمە دیپلۆماسییەکانی بەڕێز بارزانی بوون ئەوی ناچارکرد خۆی لەگەڵ راستییە نوێکەدا بگونجێنێت.

نەهامەتییەکانی کورد، بەبێ ئەوەی خوێنی زیاتر بڕژێت دەستیانکرد بە بەرەو پێشچوون، بۆیە سوپاس بۆ دیپلۆماسی و ژیری بەڕێز بارزانی کە زانی کەی رێگری لە شەڕ بگرێت. لەبەر ئەم هۆیەش، ئەو شایەنی خەڵاتی نۆبڵە بۆ ئاشتی، بۆ ئەوەی کە توانی رێگری لە شەڕێکی خوێناوی بگرێت کە کارەساتێکی گەورەی مرۆیی لە عێراق بەدوای خۆیدا دەهێنا.

 

 

لێرە کلیک بکە بۆ بینینی بابەتەکەی واشنتن تایمز





ئەم هەواڵە 1435جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad