English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
مەسرور بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد
2018-02-08 [06:39 AM]

ZNA - هه‌ولێر


ئەمرۆ 8-2-2018 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە دۆگلاس سلیمان باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا کرد. لەم دیدارەدا پەیوەندی دوولایەنە و دواپەرەسەندنەکانی ناوچەکە و رەوشی دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ کران.

باڵیۆزی ئەمەریکا پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی دەستوری دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە وڵاتەکەی دەخوازێت هەرێمی کوردستان بە یەکدەنگی و یەکگرتوویی لە گەل بەغدا لە دانوستان بەردەوام بێت و هەرچی زووتر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا چارەسەر بکرێن.

لە بەرامبەردا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم ڕوونی کردەوە کە هەرێمی کوردستان خوازیارە بە پێی دەستور گشت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن و تا ئێستاش هەرێم ئەرکە دەستووریەکانی لە پێناو چارەسەری کێشەکان جێبەجێ کردووە و چاوەڕوانی بەغدایە ئەرکەکانی جێبەجێ بکات، بەڵام هەست بە جددیەتی بەغدا لە جێبەجێ کردنی کێشەکان ناکرێت و مافە دەستوریەکانی هەرێم ئاوێتەی ململانێکانی ناو کەشی هەڵبژاردن کراوە.

باڵیۆزی ئەمەریکا جەختی لەسەر بەردەوامیی نێوەندگیریی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە و ئاواتی خواست بتوانن هەرچی زووتر بە کردەیی پێشڤەچوون لە دانووستانەکاندا ببینن.

هەروەها باڵیۆزی ئەمەریکی پابەندبوونی وڵاتەکەی بە بەشداری کارای ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی هەرێم و ناوچەکانی دیکەی عێراق دووپات کردەوە و ئاواتی خواست کە بتوانرێت لە کۆنفراسی کوێت بۆ هاوکاریی عێراق ، زۆرترین هاوکاری دابین بکرێت.

لە بارەی جەنگی دژی تیرۆریستانی داعش هەردوولا جەختیان لە سەر بەردەوامیی هاوکاریی دوولایەنە کردەوە و لەمبارەیەوە مەسرور بارزانی جەختی لە سەر بەردەوامیی هەماهەنگیی هەرێم لە گەل هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی جەنگی دژ بە داعش کردەوە و ئاماژەی بە ئەوە کرد کە هەرەشەی تیرۆریستان لە ناوچەکەدا ماوە و هێشتا هاوکاری هەموو لایەنەکان پێویستە، بەڵام هەماهەنگی سەربازی و سیاسی و چارەسەری کێشە ریشەییەکانی ناو عێراق هەمووی یەک پاکێجە و دەبێت لە هەموو ئاستەکاندا دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە و رێز لە مافە دەستووریەکانی گشت پێکهاتەکان بگیرێت تا زەمینەی سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی بنبڕبکرێت.

لە میانەی دیدارەکەدا بالیۆزی ئەمەریکی پێزانینی خۆی بۆ رۆلی هێزی پێشمەرگە لە جەنگی دژی تیرۆریستان دووپات کردەوە و رایگەیاند هاوکاریەکانی ئەمەریکا لە بواری دارایی و مەشق و راهێنان بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.





ئەم هەواڵە 1447جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
سەگێک کچێک لە خنکان رزگار دەکات
سەمایەکی کیکی بەکارەسات کۆتایی پێدێت
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad