English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
کچێک لەلایەن براژنەکەی بە خراپی ئەشکەنجە دەدرێت 
2018-02-11 [04:04 AM]

ZNA- ھەولێر 




دوای مردنی باوک و دایکی، رووناک لەلایەن برایەکییەوە بەخێودەکرێت، بەڵام ئەو دەڵێت براژنەکەی ئەشکەنجەی داوە،  براکەشی ئەمە رەتدەکاتەوە، بۆیە ئێستا رووناک چووەتە لای برایەکی دیکەی و ئەوانیش سکاڵایان لەسەر براژنەکەی تۆمار کردووە.

رووناک کەریم، خاوەنی دوو برا و پێنج خوشکە، زیاتر لە ٤٠ ساڵە باوکی مردووە، ئەو لەگەڵ دایکی لە ماڵی یەکێک لە براکانی دەژیا، بەڵام دواتر دایکیشی مرد. یەکێک لە براکانی، رووناک دەباتە لای خۆی و بەخێوی دەکات. ئازاد کەریم کە برای رووناکە، دەڵێت "دوای مردنی دایکم، ئەو برایەم داوای کرد رووناک بباتە لای خۆی، منیش رازی بووم، ماوەی ٨ ساڵە لەلای براکەمە، بەڵام نەمزانی ئەوان فێڵی لێدەکەن و ئەشکەنجەی دەدەن".

رووناک کەریم بەھۆی ئەوەی کەمئەندامە، توانای کارکردنی نییە و مووچەی کەمئەندامی وەردەگرێت، ھەروەھا مووچەکەی باوکیشی وەردەگرێ. ئازاد دەڵێت: "رۆژێک خوشکە گەورەکەم و ھاوژینەکەم بە سەردانی چوونە ماڵیان، بەڵام بینیبوویان رووناک دەموچاوی شین و مۆر بووەتەوە، کاتێک پرسیاری لێدەکەن، رووناک دەڵێت براژنەکەی لێیداوە، براژنەکەم گوتبووی لەلای کەس باسی مەکەن، جارێکی دیکە لێی نادەم، با حەیامان نەچێت و ئەمجارە لێم ببوورن، بەڵام ئەوان منیان ئاگادارکردەوە. کە چوومە ماڵی براکەم، رووناک بەرەوڕووم ھات و گریا، منیش خۆم پێنەگیرا و گریام. بردمە نەخۆشخانە، کە پشکنینمان بۆی کرد، بینیمان چاو و پشتی زەبری بەرکەوتبوو، بۆیە لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان سکاڵامان لەسەر براژنەکەم تۆمار کرد".

رووناک کە زۆربەی کات لە زەوییەکە دەڕوانێت و خۆی بە دامێنی ماکسییەکەیەوە سەرقاڵ کردووە، جارجارە ئاھێکی قووڵ ھەڵدەکێشێ و دەڵێت: "ناڕۆمەوە لای برا و براژنەکەم، براژنەکەم لەگەڵم خراپە، ھەموو ئیشەکانی ماڵەوە بە من دەکات، زەوییەکم ھەبوو پێیانفرۆشتم، ھەروەھا گوارەکانمیان فرۆشت، پارەکەیان بۆ خۆیان برد، براژنەکەم ویستی بازنەکانی دەستیشم بفرۆشێت، بەڵام نەمھێشت. مووچەکەشم ھەر بۆ خۆیان دەبەن، ھیچ نادەن بە من. حەزم لە جلوبەرگ و پێڵاوە، بەڵام بۆم ناکڕن".
رووناک بە دەنگێکی زۆر نزم قسە دەکات و وەک بڵێی ترسابێت یان شەرم بکات، لەبارەی ئەشکەنجەدانی لەلایەن براژنەکەیەوە دەڵێت: "ئەو لەخۆیەوە تووڕە بوو، بە مست لە پشت و دەموچاویشمی دا، چاومی شین و مۆر کردەوە، ددانێکیشم کەوت و خوێنی لێھات".

بەگوتەی ئازاد کەریم، پێشتریش براکەی لە رووناکی داوە. ئەو دەڵێت "ئەمجارە بەتەنیا براژنەکەم لێیداوە، بەڵام دوای رووداوەکە خوشکەکانم پێیانگوتم کە ساڵی رابردووش براکەم لێیداوە، بەڵام بۆ ئەوەی کێشە لەنێوانمان دروست نەبێت باسیان نەکردووە، بەڵام دوای ئەو رووداوە پێیانگوتم، بۆیە بەرگەم نەگرت و خوشکەکەم ھێنایەوە لای خۆم".

ئازاد کەریم جگە لە تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی براژنەکەی، ھەروەھا دەیەوێت مافی خوشکەکەشی لە براکەی وەربگرێتەوە، ئەو دەڵێت: "چەندین ساڵە برا و براژنەکەم کاری ماڵەوەیان بە خوشکەکەم کردووە و مووچەی کەمئەندامییەکەی خۆی و مووچەی باوکیشمیان بۆ خۆیان بردووە، بەڵام مافیان پێنەداوە، تەنانەت ئەشکەنجەشیان داوە".

بەڵام نەجات کەریم کە برای رووناکە، ھەموو قسەکانی ئەو خوشکەی و ئازادی برای رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "ئێمە ھیچ کێشەیەکمان لەگەڵی نەبووە، زۆر رێزمان لێگرتووە و خزمەتمان کردووە، ئەو قسانەش کە براکەم و خوشکەکانم دەیکەن دوورن لە راستییەوە، ئەو رۆژە رووناکی خوشکم قسەی نەشیاوی بە ھاوژینەکەم گوتووە، ئەویش تووڕە بووە و لێیداوە".

نەجات رەتینەکردەوە کە زەوی و زێڕی خوشکەکەی فرۆشتووە و گوتی "ئەو ئەندامێکی خێزانەکەی ئێمەیە و مووچەکەی بۆ خەرجیی ماڵ و پێداویستی خوشکەکەمە، ھەروەھا فرۆشتنی زەوییەکەش بۆ ئەوە بوو کە خانوویەکی پێ بکڕین و تێیدا بژین، ئەویش وەکالەی بۆ کردووم و خانووەکەش بەناوی منەوەیە، بە براکەم گوتووە واز لە سکاڵاکردن بێنن، ئامادەم ھەزار دۆلار بدەمە ھەریەک لە برا و خوشکەکانم"

سەرچاوە / رووداو
 





ئەم هەواڵە 17104جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad