English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پزیشکێک زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلاری خەڵک دەبات و دەڕوات 
2018-02-12 [04:15 AM]

ZNA- ھەولێر 


پزیشکێکی دەرمانساز کە ئەندامی سەندیکای دەرمانسازانی کوردستانیشە، کۆمەڵگەیەکی پزیشکی دەکاتەوە، پزیشکەکە نزیکەی ملیۆنێک دۆلار قەرزداری خاوەن کۆگاکانی دەرمان و ھاووڵاتیانە، بەڵام نزیکەی سێ ھەفتەیە خۆی شاردووەتەوە.

دکتۆر (ئە.ئی)، پێش ھەڵاتنی ھەموو دەرمان و ئامێرە گرانبەھاکانی فرۆشتووە، ئەوانەشی مابوون، خاوەن قەرزەکان بردوویانە. بەشێکیش لە خاوەن قەرزەکان لە دادگا سکاڵایان تۆمار کردووە.

بارزان عەباس، خاوەنی کۆگای دەرمانی لێھان کە دەرمانی بەو دکتۆرە فرۆشتووە، گوتی: "ئێمە دەرمان بە قەرز دەدەینە خاوەن دەرمانخانەکان، لە مانگی پێنجی ساڵی رابردووەوە مامەڵەم لەگەڵ ئەو دکتۆرە ھەبووە، سەرەتا پارەی دەرمانەکانی دەدا، بەڵام لە ١٦/٨/٢٠١٧ بەدواوە پارەی نەداوە و ١١ ھەزار دۆلار قەرزدارە، باوەڕم نەدەکرد ھەڵبێت، چونکە شوێنی دیار بوو، ئەندامی سەندیکای دەرمانسازانیش بوو، تووشی شۆک بووم  کە گوتیان ھەڵاتووە". 

گوتیشی: "کۆمەڵگە پزیشکییەکەی زۆر قەرەباڵخ بوو، رۆژانە نزیکەی ٦٠ بۆ ٧٠ نەخۆش سەردانیان دەکرد، بێجگە لە داھاتی دەرمانخانە و تاقیگەکە، بازاڕێکی زۆر باشی ھەبوو، رۆژانە نزیکەی ٣ ملیۆن دینار قازانجی ھەبوو".

بەپێی زانیارییەکان ئەو پزیشکە نزیکەی یەک ملیۆن دۆلاری خەڵک و کۆگاکانی دەرمان و پێشانگاکانی ئۆتۆمبێلی لەلا بووە، چونکە چەندین ئۆتۆمبێلیشی بە قیست کڕیوە. 

بارزان وەک خاوەن قەرزێک سکاڵای تۆمار کردووە، بەڵام بێ ئومێدە لە وەرگرتنەوەی قەرزەکەی "پێموانییە شتێک بکرێت و بتوانین مافی خۆمان وەربگرینەوە، چونکە ئەگەر دەستگیریش بکرێت، بەپێی یاسا یەک لەسەر پێنجی ئەو مووچەیەی وەریدەگرێت دەدرێتەوە خاوەن قەرزەکان، ئەوکات رەنگە کوڕەکەشم نەتوانێت تەواوی قەرزەکە وەربگرێتەوە".

بەپێی ئەو زانیاریانەی لەلای بەشێک لە خاوەن قەرزەکانە، خەڵک دکتۆر (ئە)یان لە قومارخانە و یانەکانی مەی خواردنەوە بینیوە، بۆیە پێیانوایە رۆژانە ئەو داھاتەی لە فرۆشتنی دەرمان و کۆمەڵگە پزیشکییەکە دەستی کەوتووە، لە قوماردا دۆڕاندوویەتی.

بێستوون یونس، خاوەنی کۆگای دەرمانی سۆزە، بایی نزیکەی ٦٠ ھەزار دۆلار دەرمانی بە قەرز داوەتە دەرمانسازەکە. ئەو دەڵێت: "ئێمە زیاتر لەسەر متمانە لەگەڵ خاوەن دەرمانخانەکان کاردەکەین، متمانەکەش ئەوەیە دەرمانخانەکەی فەرمی بێت، شوێنی دیار بێت، دەرمانخانەکەی ئەو پیاوەشمان بینیبوو، مۆڵەتی ھەبوو، ئیشی زۆر باش بوو، بەڵام کە قەرزەکەمان گەیشتە نزیکەی ٦٠ ھەزار دۆلار، پێمانگوت ناتوانین بەم شێوەیە کارت لەگەڵ بکەین، دەبێت بەشێک لە قەرزەکەمان بدەیتێ، بەڵام ئەو ھەر رۆژە بیانوویەکی دەھێنایەوە و دەیگوت دواتر پارەکەتان دەدەمێ، تەنانەت دوایینجار کە لەگەڵی دانیشتم، گوتی خەمت نەبێت لەمەودوا بە نەقدی پارەکەت دەدەمێ، بەڵام رۆژێک تەلەفۆنیان بۆ کردم، گوتیان ئەو دکتۆرە ونبووە".

بە گوتەی بێستوون یونس، دەرمانسازەکە بۆ دەرەوەی وڵات ھەڵاتووە "پەیوەندیمان بە دەروازەی سنووریی ئیبراھیم خەلیلەوە کرد و گوتیان لێرەوە رۆیشتووە بۆ دەرەوە".

بە گوتەی بێستوون، ئەو دەرمانسازە پارەی نزیکەی ٢٠ کۆگای دەرمانی بردووە، ئەوەی ئیشی لەگەڵ کردبێت، پارەی لەلایەتی. بێستوون دەڵێت: "بیستوومە دەڵێن قوماری کردووە، نازانم زەرەری کردووە یان دۆڕاندوویەتی، یان پارەکەیان لێخواردووە".

ئەمە جاری یەکەم نییە فێڵی وا گەورە لە خاوەن کۆگاکانی دەرمان دەکرێت، بارزان عەباس دەڵێت: "پێشتریش دەرمانخانەیەکی دیکە زیاتر لە ٤٣ ھەزار دۆلاری ئێمەی برد و نەماندۆزییەوە، تائێستاش ھیچ نەکراوە بۆ دۆزینەوەی و پێشموانییە ھیچیان لەگەڵ بکرێت".

سەرچاوە / رووداو 
 





ئەم هەواڵە 1801جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
سەگێک کچێک لە خنکان رزگار دەکات
سەمایەکی کیکی بەکارەسات کۆتایی پێدێت
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad