English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
فەڕەنسا پشتگیری لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەولێر و بەغدا دەکات
2018-02-12 [11:16 AM]

ZNA- هەولێر


 

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا پشتگیریی وڵاتەکەی و سەرۆک ماکرۆنی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەولێر ـ بەغدا لەسەر بنەمای دەستووری عێراق دووپات کردەوە، ھیوایشی خواست ئەو گفتوگۆیانەی لەنێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵدا دەستیان پێکردووە، ئەنجامێکی باشیان لێ بکەو‌ێتەوە و ببنە ھۆی دەستپێکردنی دانوستانێکی جددی بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکانی نێوان ھەردوولا، ھەروەھا ڕایگەیاند فەڕەنسا ھاوکار دەبێت و ھەردوولا ھان دەدات بگەنە چارەسەر.

 

دوای ئەوەی بە سەردانێک گەیشتە ھەولێر، ئێوارەی ئەمڕۆ "ژان ئیڤ لۆدریان" وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و شاندێکی یاوەری کە لە وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە بەغدا و کونسڵخانەی گشتیی فەڕەنسا لە ھەولێر پێکھاتبوو، لەگەڵ "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

 

لە کۆبوونەوەکەدا کە "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆک وەزیران و شاندێکی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادە بوون، دوا پێشھاتەکانی گفتوگۆی لیژنە تەکنیکییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا کە بۆ چەند دۆسیایەک دروست کراون، تاوتوێ کران و تیشک خرایە سەر دوایین کار و ھەنگاوەکانی ئەو لیژنانە و دیدار و کۆبوونەوەکانی ھەردوو سەرۆک وەزیران نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر عەبادی لە بەغدا و داڤۆس. ھەردوولا ھیوایان خواست ئەم کەناڵەی بۆ گفتوگۆ کراوەتەوە،‌ بە ئەنجامێکی ئەرێنی بگات و ببێتە ھۆی دەستپێکردنی دانوستانێکی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

 

نێچیرڤان بارزانی وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بە سەردانی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، دووبارە سوپاسی سەرۆک ماکرۆنی کرد کە دوای ئاڵۆزییەکانی ئۆکتۆبەری ڕابردوو بۆ یەکەمجار لە پاریس پێشوازی لە شاندی باڵای ھەرێمی کوردستان کرد و ئەو ئابڵۆقە سیاسی و دیپلۆماسیەی شکاند کە بەسەر ھەرێمی کوردستاندا سەپێنرابوو، پێزانینی گەل و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشی بۆ ئەو ھەوڵانەی فەڕەنسا و بەتایبەتی ھەوڵەکانی سەرۆک ماکرۆن دووپات کردەوە و ڕایگەیاند گەلی کوردستان پشتگیری و ھاوکارییەکانی فەڕەنسا لەیاد ناکات و بە چاوی ڕێز و پێزانینەوە لێی دەڕوانێت.

 

تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە، پرۆسەی سیاسی لە عێراق، ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، قۆناغی دوای داعش، کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق کە لە کوێت بەڕێوە دەچێت و گرنگیی بەشداریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا و ھەوڵدان بۆ سوودمەندبوون لە ھاوکاری و پڕۆژەکانی، لایەنێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.





ئەم هەواڵە 769جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ھەڵوێستێکی جوانی محەمەد سەڵاح
خاڵ بەدەستھێنان ئاوا دەبێت
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad