English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
کچێک کۆتایی بە ژیانی خۆی دەھێنێت 
2018-02-14 [03:47 AM]

ZNA- ھەولێر 



باوکی ئەڤین لە پرسەی ناسیاوێکیان بوو، نەیدەزانی ئەویش دوای چەند سەعاتێکی دیکە دەبێتە خاوەن پرسە، کاتێک زەنگی تەلەفۆنەکەی لێدەدات و لە خۆخنکاندنی کچەکەی ئاگادار دەکرێتەوە، بە پەلە دەگەڕێتەوە ماڵەوە. ئێستا باوکی ئەڤین داوا دەکات فریای دوو منداڵەکەی دیکەی بکەون بۆ ئەوەی ئەوانیش بە دەردی خوشکەکەیان نەچن.

رۆژی ٤/٢/٢٠١٨ کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ بەناوی (ئەڤین بەکر) دانیشتووی گەڕەکی شیشاری ناحیەی حاجیاوای سەر بە قەزای رانیە، لەنێو ماڵی خۆیاندا بە پەتێک خۆی ھەڵواسی، ھەرچەندە بەر لەوەی گیانی دەربچێ، دایکی گەیشتە سەری و پەتەکەی ملی پچڕاند، بەڵام دوای چەند سەعاتێک لە نەخۆشخانە گیانی دەرچوو.

باوکی ئەڤین دوو ژنی ھەیە و دەڵێت ھیچ کێشەیەکی خێزانی لەنێو ماڵەکەیدا نییە، بەڵام بەبڕوای خۆی کچەکەی تووشی نەخۆشیی دەروونی ھاتبوو، سەرچاوەی نەخۆشییەکەشی "ترس" بووە. بەکر دەڵێت "ئەڤین دووساڵ بوو تووشی نەخۆشیی دەروونی ھاتبوو، زۆرجار دەبوورایەوە، زۆربەی کاتیش گۆشەگیر بوو".

باوکی ئەڤین پێیوابووە بۆ چاکبوونەوەی کچەکەی ئایین باشترین شتە، بۆیە دەڵێت "بردمە لای زۆر مەلا و شێخ کە دەمھێنایەوە ماوەیەک باش دەبوو، بەڵام دواتر وەک خۆی لێدەھاتەوە. قەناعەتم وابوو کە کچەکەم بەوە چارەسەر دەبێ و خودا شیفای بۆ دەنێرێ، بۆیە نەمبردە لای پزیشکی دەروونی".

باوکی ئەڤین دەڵێت بەردەوام چاوی لەسەر کچەکەی بووە، چونکە پێشتر چەند جارێک بینیویەتی دەستی لە گەرووی خۆی ناوەو گوتوویەتی کە حەزدەکات بمرێ. باوکی دەڵێت: "ئەڤین ھەر شتێکی پێویست بووایە، بۆم جێبەجێ دەکرد، چەند جارێک پێمگوت شوو بە ھەر کەسێک بکەی کە خۆت دەتەوێ، رێگەت لێناگرم. ھیچ کات پێمان وانەبووە کە ڕووداوێکی وا بەسەرخۆی بێنێ، بۆیە زۆرجار بەتەنیا بەجێمانھێشتووە".

بەکر باسی سەرەتای سەرھەڵدانی نەخۆشیی کچەکەی کرد و گوتی " دوو ساڵ لەمەوبەر تووشی نەخۆشی بوو، نازانم چۆن تووشبوو، بەڵام ھەست دەکەم ترسابێ، شەوێک نەنکی لەسەر جێگە بە گاگۆڵکێ رۆیشتبوو، ئەویش بە بینینی ئەو دیمەنە زۆر ترسابوو، یەکسەر لەھۆش چووبوو. لەو کاتەوە باری دەروونی بەتەواوی تێکچوو".

باوکی ئەڤین باسی رۆژی رووداوەکە دەکات و دەڵێت: "ئەو رۆژە لە پشدەر لە پرسەی ناسیاوێکمان بووم، تەنیا دایکی ئەڤین لە ماڵ بوو، خەریکی ئیشی ناوماڵ بوو، ئەو دڵی خەبەری دابوو کە ئەڤین شتێکی بەسەرھاتووە، کاتێک بانگی کردووە، وەڵامی نەداوەتەوە، کاتێک دەچێتە ژوورەوە دەبینێ ئەڤین بە پەت خۆی ھەڵواسیوە، ئەویش خێرا بە چەقۆیەک پەتەکە دەپچڕێنێ و ھاوار بۆ دراوسێکانی دەبات. ئیمام و خەتیبی مزگەوتی گەڕەک دەستبەجێ بە ئۆتۆمبێلی خۆی بردبووی بۆ نەخۆشخانەی گشتیی رانیە".

ئێستا بەکر دەڵێت "دوو منداڵی دیکەم ھەن ھەمان گرفتیان ھەیە، ھیوادارم حکومەت خەمێکیان لێ بخوات، بۆ ئەوەی ئەوانیش بە دەردی ئەڤین نەچن".

مەلا رێبوار محەممەد، ئیمام و خەتیبی مزگەوتی خێرخوازان لە ناحیەی حاجیاوا لەبارەی رووداوەکە دەڵێت: "دوای نیوەڕۆی ئەو رۆژە لە مزگەوت خەریکی کارکردن بووین لەگەڵ کرێکارەکان، لە کۆڵان گوێمان لە ھاوارێک بوو، رامانکردە دەرەوە، بینیمان کچێک خۆی ھەڵواسیبوو، پەتێک بەملیەوە بوو، دایکی بەچەقۆ بڕیبووی. منیش دەستبەجێ بردم بۆ نەخۆشخانەی رانیە، دوای ئەوەی چارەسەری سەرەتایی بۆ کرا ناردیان بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ھەولێر، بەڵام ئێوارە لە نەخۆشخانە گیانی دەرچوو".

ھەر لەوبارەوە فەرمان ئەحمەد، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی گشتی رانیە گوتی : "پاش نیوەڕۆی رۆژی ٤/٢/٢٠١٨ کچێکیان ھێنایە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەمان کە بە پەت خۆی ھەڵواسیبوو، بەڵام دایکی فریای کەوتبوو. دوای چارەسەری سەرەتایی، ھەناسەمان بۆ گێڕایەوە، بەڵام باری تەندروستی ناجێگیر بوو، زۆر بە کەمی ئۆکسجین بۆ مێشکی دەچوو، بۆیە بەڕێمانکرد بۆ ھەولێر، بەڵام لەوێ گیانی دەرچوو".

بە گوتەی فەرمان ئەحمەد، جگە لەو کچە، ھەر ئەمساڵ کچێک کە خۆی سووتاندبوو، یەکێکی دیکەش کە سووتابوو، گەیەنراونەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەیان، دوای ئەوەی چارەسەری سەرەتاییان بۆ کراوە، نێردراون بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی.

رائید شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەڵێت کە لەبارەی رووداوی خۆخنکاندنی ئەو کچە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە "ئەو کچە لە ماڵەوە خۆی ھەڵواسیوە، دایکی فریای کەوتووە و پەتەکەی لە ملی کردووەتەوە، بەڵام کچەکە لە نەخۆشخانە گیانی دەرچووە".

 سەبارەت بە ھۆکاری رووداوەکەش، رائید شۆڕش گوتی: "ھۆکارەکەی بۆ پۆلیس روون نییە، دادوەر بڕیاری داوە گوتەی کەسوکارەکەی وەربگیرێ".

سەرچاوە / رووداو 
 





ئەم هەواڵە 13111جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
یەکەم گۆڵی رۆنالدۆ لەگەڵ یانەی یۆڤانتس
منداڵێک بەشێوەیەکی سەرسوڕھێنەر لە رووداوێکی ھاتووچۆ رزگاری دەبێت
پێشبڕکێیەکی ئەسپ سواری کارەساتی لێدەکەوێتەوە
گەنجێک ئافرەتێک لە مردن رزگار دەکات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad