English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ھاوڵاتیەک دراوسێکەی خۆی دەکوژێت 
2018-02-17 [03:31 AM]

ZNA- ھەولێر 


عوسمان لەنێو ئۆتۆمبێلی ھاوڕێیەکیدا لە گەراج چاوەڕێی دەکرد نۆرەی بێت و چەند نەفەرێک بباتە نێو شاری رانیە، بەڵام لەناکاو درایە بەر دەستڕێژی گوللە.


ئەو رووداوە دوای نیوەڕۆی رۆژی ٦/٢/٢٠١٨ لەنێو گەراجی شارۆچکەی بۆسکێنی سەر بە قەزای رانیە روویدا، گەنجێکی تەمەن ٢٩ ساڵ بەناوی عوسمان محەممەد رەسوڵ، لەلایەن کەسێکی تەمەن ٣٧ ساڵەوە بە ناوی (س.ع.م) درایە بەر دەستدڕێژی گوللە و کوژرا.

نەوزاد مستەفا شایەتحاڵی رووداوەکەیە و لە کاتی رووداوەکە لەگەڵ عوسمان لە نێو ئۆتۆمبێلەکەی خۆی دانیشتبوون. نەوزاد بە (رووداو)ی گوت: "ئەو رۆژە نەفەر کەم بوو، من و عوسمان و شوفێرێکی دیکە لە نێو ئۆتۆمبێلەکەی من دانیشتبووین، لە پڕ دەنگی تەقە ھات، پەشۆکاین، کە سەیری دواوەم کرد، عوسمان بەلادا ھاتبوو، خێرا بردمان بۆ نەخۆشخانە، بەڵام لە رێگا گیانی دەرچوو".

نەوزاد ئێستاش نازانێ کێ بوو تەقەی لێکردن و دەڵێت: "نازانم کێ بوو تەقەی کرد، کەسمان نەبینی". ئەو زۆر پەسنی عوسمانی دا و گوتی: "کەسێکی زۆر بێ کێشە بوو، نازانم بۆچی کوشتیان. قەت ئەو رووداوەم بیر ناچێتەوە، چونکە عوسمان زۆر ھاوڕێم بوو". 

ئۆتۆمبێلەکەی نەوزادیش لەو رووداوە زیانی پێکەوتووە و چەند گوللەیەکی بەرکەوتووە.

ماڵی عوسمان و بکوژەکەی لە یەک کۆڵانن. بکوژ، دوای رووداوەکە یەکسەر خۆی رادەستی پۆلیس کرد، کەسوکاری ھەردوولا دەڵێن نازانن عوسمان بۆچی کوژرا؟
ئارام محەممەد کە برای عوسمانە، گوتی: "ماڵی تاوانبارەکە لە کۆڵانی ماڵی باوکمن، بەڵام نەمزانیوە پێشتر کێشەی لەگەڵ عوسمانی برام ھەبووبێ".

کەسوکاری عوسمان، سکاڵایان لەسەر بکوژ تۆمار نەکردووە. ئارام دەڵێت "ئێمە کێشەمان لەگەڵ بنەماڵەی کوژراو نییە و ئەوان بەشداری پرسەکەیان کردین، بەڵام بەھیچ جۆرێک لەو تاوانبارە خۆشنابین، دەبێ یاسا کاری خۆی بکات".

حەمەدەمین، برای (س)ی تۆمەتبارە، ئەویش دەڵێت نازانن ھۆکاری رووداوەکە چییە. حەمەدەمین دەڵێت: "ئەگەر بمانزانیبا کێشەیەک لە نێوانیاندا ھەیە، چارەسەرمان دەکرد، نەماندەھێشت براکەم دەستی بچێتە خوێنی ئەو دراوسێیەمان".

حەمەدەمین داوای سەروەریی یاسا لەو کێشەیەدا دەکات، دەشڵێت "بنەماڵەی رەحمەتی ھەر شتێک بڵێن ئێمە ئامادەین، چونکە ئەوان ھەڵوێستێکی زۆر مەردانەیان ھەبوو، بەشداری پرسەکەمان کرد، بەبێ ئەوەی ھیچ کاردانەوەیەکی خراپیان ھەبێ".

بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگادار قسەی ھەردوو بنەماڵە رەتدەکاتەوە و دەڵێت بکوژ و کوژراو پێشتر کێشە لە نێوانیاندا ھەبووە و کەسوکاری ھەردوولاش ئاگاداری کێشەکەیان بوون، تەنانەت خەڵک ھاتوونەتە نێوانیان و کێشەکەیان چارەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، گوتی کە بکوژەکە گوایە کەسێکی دڵپیس و بەگومان بووە لە خەڵک.

 بە قسەی ئەو، بکوژەکە بیانووی بە عوسمانیش گرتبوو لەبەرئەوەی بە بەردەرگایاندا رۆیشتووە و سەیری ژنەکەی ئەوی کردووە، بەڵام دەڵێت "ئەوە تەنیا تۆمەتە، چونکە عوسمان دوور بوو لەو جۆرە رەفتارانە".

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "ئەوە یەکەمجاری نەبوو بیانوو بە عوسمان بگرێ، پێشتریش بەو ناوە لەگەڵ عوسمان بە شەڕ ھاتووە و داوای ٣٠ ھەزار دۆلاری لێکردبوو، بەڵام دواتر کێشەکەیان بە سوڵحی عەشایری چارەسەر کرد".

فەرمان ئەحمەد پیرۆت، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی گشتیی رانیە گوتی: "دوانیوەڕۆی ئەو رۆژە تەرمێکیان ھێنا بۆ نەخۆشخانە کە چوار گوللە بەر مل و قۆڵ و سینگی کەوتبوون و دەستبەجێ گیانی دەرچووبوو". 

گوتیشی: "ئەو پیاوە لەلایەن ناسیاوێکی خۆیەوە کوژراوە، دوای رێکارە پزیشکییەکان تەرمەکەی رادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە".

پۆلیس ھەر زوو گەیشتە شوێنی رووداوەکە و دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد. رائید شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی  راپەڕین  رایگەیاند: "رۆژی ٦/٢/٢٠١٨ کەسێک بەناوی (س، ع، م) لەدایکبووی ساڵی ١٩٨١ کە خێزاندارە، تەقەی لە دراوسێیەکی خۆی کردووە و کوشتوویەتی". 

سەبارەت بە ھۆکارەکەشی، رائید شۆڕش گوتی: "ھۆکاری ئەو رووداوە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەنێوان تاوانبار و تاوانلێکراو".

رائید شۆڕش گوتیشی "تەقەکەرەکە بە ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی دۆسیەی بۆ کراوەتەوە، چونکە تاوانەکەی بە پلان کردووە. کاتێکیش خۆی رادەستی پۆلیس کرد، ئیعترافی لەسەر تاوانەکە کرد".

سەرچاوە / رووداو
 





ئەم هەواڵە 19555جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad