English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بەھۆی قومارکردنەوە ھەموو شتێکی لەدەستدا و فێری دزیش بوو 
2018-02-20 [04:18 AM]

ZNA- ھەولێر 



(م) تا ماوەیەک لەمەوبەر کەسێکی خواپێداوبوو، بەڵام ئێستا کەسوکارەکەی ھەر فریای ئەوە دەکەون قەرزی بۆ بدەنەوە، چونکە ئاڵوودەی کارێک بووە کە جگە لەوەی مایەپووچی کردووە، تا ئێستا سێ جاریش خۆی لە زیندان بینیوەتەوە.

(م.و.ح) گەنجێکی تەمەن ٣٥ ساڵە، پێشتر خاوەنی کار و کاسبی خۆی بووە، دووکانی فرۆشتنی کەلوپەلی ئۆتۆمبێلی ھەبووە لە ناوچەی پیشەسازی باکوور لە شاری ھەولێر، بەڵام دوای ماوەیەک ئەوەی ھەیبوو لەدەستی دا، چونکە خووی دایە قومارکردن.

(م) کە ماوەی شەش مانگە دەستگیرکراوە و ئێستا لە زیندانی گرتن و گواستنەوەی ھەولێرە، بە (رووداو)ی گوت: "باری داراییم زۆر باش بوو، خاوەنی دووکانی خۆم بووم، بەڵام دوای ئەوەی دەستم بە خواردنەوە کرد، تووشی قومارکردنیش بووم، ھەرچی ھەمبوو لە قومار دۆڕاندنم، ناچار دەستم دایە دزی و ھەڕەشەکردن لە خەڵکی".

(م) دەڵێت بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٧ دەستی کردووە بە قومار "ھاوڕێی خراپ تووشیان کردم، لەگەڵ ئەوان سەرەتا دەچوومە یانەکان دەمخواردەوە، دواتر ھەر بەھۆی ئەوانەوە تووشی قومارکردن بووم، پارەیەکی زۆرم دۆڕاند، بەڵام نەمتوانی واز لەو خووە خراپە بھێنم".

بە گوتەی پۆلیسی ھەولێر (م) ئەوە سێیەم جاریەتی بە تۆمەتی ھەڕەشەکردن و دزی لە خەڵک دەستگیر دەکرێ، یەکەمجار ١٥ مانگ لە زیندان ماوەتەوە، جاری دووەمیش چوار مانگ زیندانی کراوە، بەڵام ئەمە ھیچ لە ھەڵسوکەوتی نەگۆڕیوە و ھەر دوای ئازادبوونی گەڕاوەتەوە سەر پیشەکەی.

رائید ھۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر  گوتی: "ئەو تۆمەتبارە چەندینجار ھەڕەشەی لە خەڵک کردووە و بە زۆر پارەی لێسەندوون". 

بە گوتەی رائید ھۆگر، تۆمەتبار بەناوی پاسەوانی بەرپرسانی باڵای ھەرێمی کوردستان خۆی بە خەڵک ناساندووە و داوای پارەی لێکردوون، پاشانیش نەک پارەکەی بۆ نەگەڕاندوونەتەوە، بەڵکو ھەڕەشەی کوشتنی لەو کەسانەش کردووە کە داوای پارەکانی خۆیان کردووەتەوە.

دوایین تاوانی (م) وەک پۆلیس ئاماژەی بۆ دەکات، ئەوە بووە کە چەقۆی لەسەر ملی ھاووڵاتییەک داناوە و بە زۆر ٥٠٠ ھەزار دیناری لێ سەندووە. رائید ھۆگر دەڵێت: "(م) قۆڵی زیاتر لە ٥٠ کەسی بڕیوە و بەناوی جۆراجۆر پارەی لێ سەندوون، ھەروەھا چەند تاوانێکی دزیشی کردووە، ھەموو ئەو تاوانەشی بەھۆی ئاڵوودەبوونی بووە بە قومار". گوتیشی کە ھەشت کەس سکاڵایان لەسەر تۆمار کردووە.

(م. و) نایشارێتەوە کە ھەڕەشەی لە خەڵک کردووە و بە زۆر پارەی لێسەندوون "دوای ئەوەی ھیچم نەما، بیرم لەوە کردەوە چی بکەم، ئیدی دەستم کرد بە دزی، پاشان بە ناوی پاسەوانی بەرپرسانی باڵای کوردستان ھەڕەشەم لە خەڵک دەکرد و پارەم لێدەسەندن، توانیم بەو شێوەیە پارەیەکی زۆر کۆبکەمەوە".

رەفتارەکانی (م) کێشەی زۆری بۆ خێزانەکەی دروستکردووە، ھەر ئەوەش وایکردووە حاشای لێ بکەن.  برایەکی ئەو گەنجە کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە تووڕەییەوە گوتی "من ھیچ برایەکم نییە بەو ناوە، ئێمە کەسمان ئەو ناناسین".

ئەو برایەی (م) گوتیشی: "(م) کێشەی زۆری بۆ دروستکردووین، ھەر فریای ئەوە دەکەوین قەرزی بۆ بدەینەوە، پێشتر باری داراییمان باش بوو، بەڵام بەھۆی قەرزەکانی ئەوەوە خەریکە پارەمان بەدەستەوە نەمێنێ، لانیکەم تا ئێستا ٢٠ ھەزار دۆلار قەرزمان بۆ داوەتەوە". 

دەشڵێت: "ھەر کەسێک پارەی بە قەرز دابێتێ ھاتووەتە سەرمان. ئەو پێیگوتوون بچنە ماڵەوە قەرزەکانتان وەربگرنەوە".

سەرچاوە / رووداو
 





ئەم هەواڵە 6025جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
مارێک ئافرەتێک قووت دەدات , تکایە سەرووی ١٨ ساڵ
یەکەم جارە ماسی لەم شێوەیە ببیندرێت
خۆی فڕێدەداتە بەردەم بارھەڵگرێک، بزانە چی لێدێت
پێکدادانی دوو فرۆکە
بوونەوەرێکی نامۆ لە فلپین دەردەکەوێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad