English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەم ئافرەتە کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێنا 
2018-02-21 [07:01 AM]

ZNA- ھەولێر 



ئامێز عومەر، تەمەن ٢٠ ساڵان و خەڵکی شاری کۆیە، دوای نزیکەی سێ ساڵ لە شووکردنی، لە ئامێزی ئاگردا کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێنا. 

مێردەکەی ئامێز ئێستا دەستبەسەرە و چاوەڕێی بڕیاری دادوەرە، ئەو سەری سوڕماوە لەوەی روویدا، لە قسەکانیدا بۆ پۆلیس دەڵێت: "سەرم سوڕماوە ئەوە خەونە یان راستی؟ بڕوا ناکەم راستی بێت، من و ئامێز نزیکەی سێ ساڵ بوو بەبێ کێشە و بە خۆشەویستی دەژیاین". 

(ش)ی مێردی ئامێز دووکانی کەلوپەلی کارەبایی ھەیە، ئەو دەڵێت: "رۆژانە دوای گەڕانەوەم لە کار، بە زەردەخەنەوە ئامێزی بۆ دەکردمەوە و دەھات بۆ بەخێرھێنانەوەم". بەرھەمی ئەو ماوە کەمەی ژیانی خێزانییان، منداڵێکی نۆ مانگەی کوڕە کە بەبێ دایک بەجێما. 

ئامێز دوای شووکردنی درێژەی بە خوێندن دەدا و لە دواقۆناغی ئامادەیی بوو، خەونی چوونە زانکۆی ھەبوو. سیتا کە یەکێکە لە کچە ھاوڕێکانی ئامێز، بە (رووداو)ی گوت: "مامۆستا و ھاوڕێکانی ئامێز تاساوین، ئامێز سەرەڕای رەوشتبەرزی، کچێکی نەرمونیان و رووخۆش بوو، ھەر کەسێک رۆژێک ھاوڕێیەتی ئەوی کردبێت، بۆ لەدەستدانی بەپەرۆش و پەرێشانە، نازانم چۆن بڕوا بکەم کە ئامێز نەماوە". 

سیتا لەبارەی پەیوەندیی نێوان ئامێز و مێردەکەی دەڵێت: "عاشقی یەکدی بوون، بەڵام ئەوەی ئامێز بیری لێدەکردەوە وا نەبوو، ئەو دەیویست (ش) تەنیا بۆ ئەو بێت و لەجێی گشت کەسی بێت، حەزی نەدەکرد تەنیا بێت، ئەمەش لە ژیانی ھاوژینیدا سەختە و ئاسان نییە، جارجارە بێتاقەت دەبوو، بەڵام ھیچکات باسی کێشەی نەدەکرد، تەنیا دەیگوت ھاوسەرگیری بەرپرسیارێتییەکی زۆر قورسە و ئەوە نییە کە بە کچێنی بیری لێدەکەیتەوە". 

بەگوێرەی قسەی ھاوڕێکانیان، پێوەندی نێوان ئامێز و (ش) باش بووە و یەکدییان زۆر خۆشویستووە، بەردەوامیش لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک خۆشەویستییان بۆ یەکدی دەربڕیوە. 

(ش) ئەو شەوەی رووداوەکە بە شووم دەزانێت و بەم شێوەیە باسی دەکات کە ئامێزی بە ئاگرەوە لەباوەش گرتووە "ئەو رۆژە لە دەرەوە رۆژێکی خۆشمان بەسەربرد، زۆریش پێکەنین، دواتر ھاتینەوە ماڵەوە و نانی ئێوارەمان خوارد، پاشان خوشکەکەم پەیوەندی کرد و داوای کرد بچینە ماڵیان، منیش بە ئامێزم گوت خۆت ئامادە بکە، دەچینە ماڵی خوشکەکەم، بەڵام ئەو تووڕە بوو، گوتی تۆ ھەمیشە بە تەنیا جێمدێڵی و قەت ناتەوێت لە ماڵەوە بی، بەڵام من مەبەستم ئەوە نەبوو، ھیچکات نەمویستووە ئامێز بەتەنیا بەجێبھێڵم، پێمگوت ئەگەر تۆ ناتەوێت بێیت، خۆم دەڕۆم، ئامێز رۆیشتە نھۆمی سەرەوە، بێئاگا بووم لەوەی گاڵۆنی سۆپاکەی دەرکردووە و دەرگای لەسەر خۆی داخستووە، من تەنیا وای بۆچووم عاجز بووبێت، بەڵام لەپڕ قیژاندی، رامکردە لای ژوورەکە و دەرگاکەم شکاند، ئامێزم بە باوەشێک ئاگرەوە لە ئامێز گرت و ھەوڵی کوژانەوەیم دا، بەو ھۆیەوە بەشێک لە جەستەی خۆشم سووتا". 

ئامێز رەوانەی نەخۆشخانەکانی ھەولێر کرا، بەڵام بەھۆی زۆریی رێژەی سووتانەکەی، دوای دوو رۆژ گیانی دەرچوو. 

عەمید شۆڕش کاکە، بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە گوتی : "شەوی ١٥/٢/٢٠١٨ بەھۆی دەمەقاڵەیەکی خێزانی لەنێوان ئامێز عومەر و (ش)ی ھاوژینی، ئامێز دەچێتە نھۆمی دووەمی ماڵەکەیان و ئاگر لە خۆی بەردەدات، ھاوژینەکەی ھەوڵی کوژانەوەی دابوو، بۆیە بەشێکی جەستەی ئەویش سووتاوە، بەڵام ئامێز  ٨٠%ی جەستەی سووتابوو، مێردەکەشی ٤٠%ی جەستەی سووتاوە". 

لەبارەی ھاوژینی ئامێز، عەمید شۆڕش کاکە دەڵێت " بەھۆی رووداوەکە و ھەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی لە جەستەی ھاوژینەکەی بەرببوو، بەشێکی جەستەی سووتاوە، بەڵام بەھۆی ئەوەی لەکاتی لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی ئیفادە، ئامێز گوتوویەتی لەداخی ھاوژینەکەم خۆم سووتاندووە، بۆیە بەپێی فەرمانی دادوەر، ئێستا (ش) لە بنکەی گرتن و گواستنەوەی کۆیە دەستبەسەرە". 

سەرچاوە / رووداو 
 





ئەم هەواڵە 26944جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
سەگێک کچێک لە خنکان رزگار دەکات
سەمایەکی کیکی بەکارەسات کۆتایی پێدێت
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad