English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
 دکتۆرێک دەستدرێژی دەکاتە سەر قوتابییەکی کچ 
2018-02-26 [03:04 AM]

ZNA- ھەولێر 


ناڕێکی ددانەکانی پێشەوەی نیگەران و خەمباری کردبوو، بۆیە دوای ئەوەی ناوی لە کۆلێژ گەڕایەوە، بڕیاری دا بۆ رێککردنەوەی ددانەکانی بچێتە لای پزیشکێکی ددان و ددانەکانی رێک بکاتەوە، بەڵام پاش ئەوەی لەلایەن پزیشکەکەوە بەرەوڕووی دەستدرێژی بووەوە، ئەوە ماوەی پێنج مانگە باری دەروونیشی تێکچووە و زمانی لەگۆ کەوتووە.

سۆما ناوی خوازراوی کچێکی تەمەن ١٩ ساڵانە، دەیویست یەکەم ھەنگاوی چوونە کۆلێژ بە بزەیەکی شیرینەوە دەستپێبکات و کاتێک پێدەکەنێت ددانەکانی جوان دەربکەون، بەڵام ماوەی پێنج مانگە خەونی بزەکردنی ونکردووە، ھەوڵی زۆرمان دا تاوەکو ئەم چیرۆکە لە زاری خۆیەوە ببیستین، بەڵام نەمانتوانی زمانی سۆما بھێنینە گۆ، بۆیە (خ.ع)، دایکی سۆما بە دڵێکی پڕ لە خەمەوە چیرۆکی کچەکەی بۆ گێڕاینەوە و گوتی "پارساڵ ناوی کچەکەم لە کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی گەڕایەوە، زۆر بە تاسەوە خەریکی خۆئامادەکردن بوو بۆ زانکۆ، بەڵام بەھۆی شەھوەتبازێکی بەناو پزیشک خەونی کچەکەم نەھاتەدی".

دایکی سۆما دەڵێت: "کچەکەم بۆ رێککردنەوەی ددانەکانی پێشەوەی چووە نۆڕینگەی پزیشکێکی ددان بە ناوی (م. غ) کە عەرەبە و تازە دەستبەکار بووە و ھاوڕێیەکی ناونیشانەکەی پێدابوو، لە یەکەم دانیشتنی نێوان کچەکەم و پزیشکەکەدا ھیچ کێشەیەک نەبوو، بەڵام دوای چوار رۆژ دووبارە رۆیشتەوە بۆ لای، لەکاتی پڕکردنەوەی ددانێکی کچەکەمدا، پزیشکەکە باوەشی پێدا کردبوو، پەلاماری سینگی دابوو، ماچی کردبوو".

بە گوتەی دایکی، سۆما ھەر ئەو رۆژە بەسەرھاتەکەی بۆ ھاوڕێ کچەکەی گێڕابووەوە، بەڵام لە ماڵەوە باسی ھیچی نەکردبوو. (خ) گوتی "کچەکەم لەلای ئێمە ھیچی نەگوت، بەڵام ئێوارە کە گەڕایەوە ماڵەوە، بەبێ ئەوەی قسە لەگەڵ کەس بکات چووە نێو جێگا و توانای قسەکردنی نەما".

وازی لە زانکۆ ھێناوە

سۆما نزیکەی پێنج مانگە یەک وشەی نەگوتووە، وەک دایکی باسی دەکات "بەھۆی کاریگەریی ئەو پەلاماردانە، ھیچ قسەیەک ناکات و نەشچووە بۆ زانکۆ، بۆیە بەناچاری مۆڵەتی پزیشکیمان بۆ وەرگرتووە". 

دایکی سۆما دەشڵێت: "پزیشک نەماوە نەیبەین بۆ لای، نازانین چی بکەین، لەبەر ئابڕووی خۆمان و ترسی دوژمنداری بۆ کوڕەکانم، من و باوکی لەلای براکانی نەمانگوتووە خوشکەکەتان لەبەرچی وای لێھاتووە و تەنانەت نەشمانوێراوە پۆلیس ئاگادار بکەینەوە و سکاڵا لە دژی پزیشکەکە تۆمار بکەین".

پزیشکەکە ھەڵاتووە

 دایکی سۆما باس لەوە دەکات کە زانیارییان لەسەر پزیشکەکە دەستکەوتووە و شوێنەکەیان دۆزیوەتەوە "گوتیان خەڵکی کەربەلایە، بەڵام دوای رووداوەکە و دەستدرێژیکردنە سەر کچەکەمان ھەڵھاتووە و ئێستا لە ئەوروپایە".

ئێستا دایکی سۆما نازانێت چی بکات، ھەموو ھەوڵێکی تەنیا بۆ ئەوەیە کچەکەی بێنێتەوە قسە، ئەو دەڵێت "ئەم شەھوەتبازە بەناو پزیشکە ژیانی کچەکەم و ئێمەشی لەناوبرد، ئێستا نازانین چی بکەین، بۆیە داوا لە حکومەت دەکەم بڕیارێک دەربکات کە کامێرای چاودێری لە ھەموو نۆڕینگە و بنکەی تەندروستی و نەخۆشخانەکان دابنرێت، چونکە دڵنیام ئەوەی بەسەر کچەکەی من ھاتووە تەنیا حاڵەت نییە، چەندین پزیشک و کەسی دیکە ھەن کە کارەکانیان بەکاردەھێنن بۆ لە خشتەبردنی خەڵکی".

بەبێ تۆماکردنی سکاڵا ھیچ ناکرێت

لەبارەی رێکارە یاساییەکان بۆ ئەم کەیسە، پارێزەری راوێژکار شاخەوان محەممەد، گوتی: "پێش ھەموو شتێک پێویستە خێزانی سۆما سکاڵا لەسەر ئەو پزیشکە تۆمار بکەن، لەڕووی یاساییەوە کەسی تۆمەتبار بەپێی ماددەی ٣٩٣ لە یاسای سزادانی عێراقی سزای بەسەردا دەسەپێنرێت، بەمەرجێک کەسەکە خۆی یان کەسوکارەکەی سکاڵای لەسەر تۆمار بکەن، ئەوکات کچەکە رەوانەی لای لیژنەی پزیشکی دەکرێت، دواتریش کەیسەکەی دەنێردرێت بۆ دادگای تایبەت، بەڵام بەبێ بوونی سکاڵا و بەڵگە و کردنەوەی پەڕاو ھیچ شتێک ناکرێت".

ئەو پارێزەرە دەشڵێت: "ئەگەر ئەو پزیشکە تۆمەتەکەی بەسەردا ساخ ببێتەوە، جگە لە سزای دەستدرێژیکردنە سەر ئەم کچە، بەھۆی ئەوەی ئیستیغلالی کارەکەی خۆیشی کردووە کە پزیشکە و بەھۆی کارەکەی گێچەڵی سێکسی بەو کچە کردووە، سزاکەی لەسەر قورستر دەبێت، ئەو سزایەش لە ١٥ ساڵ بەندکردن کەمتر نییە".

چارەسەرکردنی دەروونیی بێ بەرامبەر

لەبارەی چارەسەری دەروونیی سۆما، ھەژار عوسمان مەعرووف، پسپۆڕی دەروونی گوتی: "بەدڵنیاییەوە سۆما لەڕووی دەروونییەوە چارەسەر دەکرێت، من ئامادەم بەبێ بەرامبەر چارەسەری بکەم، پێویستە کەسوکارەکەی بیھێننە لام و بیبینم و جۆر و حاڵەتە دەروونییەکەی دەستنیشان بکەم و دواتریش دەست بە چارەسەرکردنی بکەین".

١٣٥ ئافرەت دەستدرێژییان کراوەتە سەر

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان، ساڵی رابردوو لە ھەرێمی کوردستان ١٣٥ ئافرەت دەستدرێژییان کراوەتە سەر. زۆرترین حاڵەتی دەستدرێژیش لە پارێزگای دھۆک بووە کە ٤٠ حاڵەت بووە، دوای ئەویش پارێزگای ھەولێر دێت بە ٣٤ حاڵەت. ھەر بەپێی ئامارەکە ٢٢ ئافرەتیش لە پارێزگای سلێمانی دەستدرێژییان کراوەتە سەر. ٣٩ حاڵەتەکەی دیکەش لە گەرمیان و سۆران و راپەڕین تۆمار کراون.

سەرچاوە / رووداو
 





ئەم هەواڵە 45313جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
مارێک ئافرەتێک قووت دەدات , تکایە سەرووی ١٨ ساڵ
یەکەم جارە ماسی لەم شێوەیە ببیندرێت
خۆی فڕێدەداتە بەردەم بارھەڵگرێک، بزانە چی لێدێت
پێکدادانی دوو فرۆکە
بوونەوەرێکی نامۆ لە فلپین دەردەکەوێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad