English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لەھەولێر تەرمی ھەشت ئافرەت کەس خۆیان ناکاتە خاوەنی 
2018-02-27 [04:22 AM]

ZNA- ھەولێر 



مانگی ئابی ساڵی رابردوو پۆلیسی ھەولێر تەرمی ئافرەتێکیان لە چۆڵەوانیی گوندی گەزنەی سەر بە ناحیەی عەینکاوەی شاری ھەولێر دۆزییەوە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی نزیکەی حەوت مانگ بەسەر دۆزینەوەی تەرمەکەدا، ھێشتا کەس خۆی لێ بە خاوەن نەکردووە و تەرمەکە لە نێو بەفرگرەکانی پەیمانگەی دادپزیشکی ھەولێر ھەڵگیراوە.

رائید ھۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر، لە بارەی ئەو تەرمە گوتی : "تەرمەکە ھی ئافرەتێکە، کاتێک دۆزیمانەوە چوار رۆژ بەسەر کوشتنیدا تێپەڕیبوو، گوللەیەک لە کەللەی سەری درابوو، تەرمەکە شێوابوو، ئاژەڵی کێوی دەست و قاچێکیان خواردبوو". 

رائید ھۆگر بەدروستی نازانێ ئافرەتەکە تەمەنی چەندە، چونکە کاتێک تەرمەکەیان دۆزیوەتەوە، ھیچ ناسنامەیەکی پێنەبووە. ئەو مەزەندە دەکات ئافرەتە کوژراوەکە تەمەنی لە نێوان ٢٠ – ٢٥ ساڵان بووبێ.

ھەر کاتێک پۆلیس لە دۆزینەوەی تەرمێک ئاگاداردەکرێنەوە، پۆلیسی ناوچەکە و تیمێکی پۆلیسی بەڵگە و تاوان دەچنە شوێنی رووداوەکە، دوای ھێڵکاری بۆ شوێنی رووداوەکە تەرمەکە ھەڵدەگرنەوە. ئەگەر خاوەنی ھەبێ یان نا، بە مەبەستی پشکنین و زانینی ھۆکار و جۆری مردنەکەی، یەکسەر دەینێرن بۆ پەیمانگەی دادپزیشکی.

رائید ھۆگر باسی ئەو تەرمانە دەکات کە دەیاندۆزنەوە و دەڵێت: "زۆربەیان ئافرەتن، پێدەچێ لەسەر (مەسەلەی شەرەف) کوژرابن، چونکە زۆرجار تەرمەکە دەشێوێنرێ بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە و خاوەنەکەی نەدۆزرێتەوە".

 گوتیشی "ئەو تەرمانە زۆرتر لە ناوچەی چۆڵەوانی فڕێدەدرێن، تا ئەوکاتەی دەدۆزرێنەوە ئاژەڵی کێوی بەشێکی جەستەیان دەخوات، ئەگەر ھاوینیش بێ گەرما ھێندەی دیکە تەرمەکە دەشێوێنێ، بۆیە ناسینەوەیان زۆر زەحمەت دەبێ". 

یەکێکی دیکە لەو تەرمانەی لە پەیمانگەی دادپزیشکیی ھەولێرە، تەرمی ئافرەتێکە کە چوار مانگ لەمەوبەر لەسەر رێگای نێوان ناحیەی دارەتوو و قەزای بنەسڵاوە دۆزراوەتەوە. رائید ھۆگر دەڵێت: "توانیمان خێزانەکەی بدۆزینەوە، بەڵام ئامادە نەبوون تەرمەکەی ببەنەوە و گوتیان لەسەر شەرەف کوژراوە و نامانەوێتەوە". ئەگەر کەسوکارەکەی نەیبەنەوە ئەوە دوای ماوەیەک شارەوانی تەرمەکە دەنێژێ.

حاڵی حازر ١٢ تەرمی بێ خاوەن لە پەیمانگەی دادپزیشکیی ھەولێرن، لەوانە ھەشتیان لە رەگەزی مێن و چواریان لە رەگەزی نێرن.

دکتۆر یاسین کەریم، بەڕێوەبەری پەیمانگەی دادپزیشکی لە ھەرێمی کوردستان، لەبارەی ئەو تەرمانە گوتی: "زۆربەی ئەو تەرمانەی لێرە دەمێننەوە و کەس خۆیان لێ بە خاوەن ناکات، ئافرەتن. زۆربەشیان بە پاساوی پاراستنی شەرەف کوژراون ".

بە گوتەی دکتۆر یاسین، ئەو تەرمانەی ئێستا لەوێن تەمەنیان لە نێوان ١٧ – ٣٠ ساڵان دەبێ، دوو لە تەرمەکانیش تەمەنیان لە سەرووی ٥٠ ساڵانە. تەنیا دوو لە تەرمەکان بە مردنی ئاسایی مردوون، ئەوانی دیکە کوژراون. کۆنترین تەرمیش کە تا ئێستا لە پەیمانگەکەیان ماوە، حەوت مانگ لەمەوبەر ھێنراوەتە ئەوێ، نوێترین تەرمیش، تەرمی بێلانە کە مانگی رابردوو لە سنووری کۆیە کوژرا.

شەوی ٢٠/١/٢٠١٨ کەسێک کە خۆی بە شوان ناساندبوو تەلەفۆنی بۆ پۆلیسی کۆیە کردووە و لە ھەواڵی کوشتنی ژنێک ئاگاداری کردبوونەوە، ھەر ئەو شەوە پۆلیس چووبوونە ئەو شوێنەی کە شوانەکە لە تەلەفۆنەکەدا ناونیشانی دابوو، دوای گەڕانێکی زۆر لە بەرەبەیاندا تەرمی ئافرەتێکیان دۆزییەوە، دوای ھەفتەیەک دەرکەوت ئەوە تەرمی بێلان کەمالی تەمەن ٢١ ساڵانە.

قانیع ھاوژینی بێلان کە ساڵێکە لە زیندانە و دوای کوژرانی بێلان، پۆلیس گوتەی لێوەرگرتووە، گوتوویەتی ئەو ھیچ کێشەیەکی لەگەڵ بێلاندا نەبووە، کەسوکاری بێلان بوختانیان بۆ ھەڵبەستووە و کوشتوویانە. دوای تێپەڕبوونی ٣٦ رۆژ بەسەر ئەو تاوانەدا، تەرمی بێلان ھێشتا لە پەیمانگەی دادپزیشکی شاری ھەولێرە و کەسوکارەکەی ئامادەنین بیبەنەوە و بینێژن.

دکتۆر یاسین، باسی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو تەرمە بێ خاوەنانە دەکات و دەڵێت: "ھەر تەرمێکی بێ خاوەن دێتە لای ئێمە، وێنەیەکی دەگرین و کۆدێکی بۆ دادەنێین، ھەر کەسێک ھاتە لای ئێمە بۆ بەدواداچوونی تەرمەکە، ئەوە وێنەکەی پێ نیشان دەدەین، ئەگەر تەرمەکە بشنێژرێ ئەوە کۆدی ناشتنەکەی ھەیە و خاوەنەکەی دەتوانێ وەریبگرێتەوە". 

گوتیشی: "بەگوێرەی رێنماییەکان ھیچ تەرمێک ناتوانرێت زیاتر لە ٨ مانگ بمێنێتەوە، دوای تێپەڕبوونی ٨ مانگ بەسەر مردنی، ئەگەر خاوەنی نەبوو تیمەکانی شارەوانی ئاگادار دەکەینەوە کە تەرمەکە بنێژن".

گۆڕستانێکی بێ ناونیشان

فاروق محەممەد، لێپرسراوی گۆڕستانەکان لە شارەوانیی ھەولێر  گوتی : "دوای ئەوەی لەلایەن شارەوانییەوە نووسراومان بۆ دەکرێ بۆ ناشتنی تەرمی بێ خاوەن، دەچین تەرمەکە وەکو ھەر تەرمێکی ئاسایی کفن و دفن دەکەین، لە شوێنێکی تایبەت کە بۆ ئەو تەرمانە لە گۆڕستانی تازەی کەسنەزان تەرخان کراوە دەینێژین، ئەو کۆدەی بۆی دانراوە، لەسەر گۆڕەکەی دادەنێین، بۆ ئەوەی ئەگەر لە ئایندەدا خاوەنی پەیدابوو بە ئاسانی بدۆزرێتەوە".

ئێستا زیاتر لە ٢٠ تەرم لەو شوێنە نێژراون کە حەوتیان تەرمی ئافرەتانن. تاوەکو ئێستا ھیچیان خاوەنیان پەیدا نەبووە. مردووشۆرێکی ئافرەت کە تەرمی ئافرەتەکان دەشوات، بە (رووداو)ی گوت "تەرمی ئافرەتی وا ھەبووە ھەردوو قۆڵی یان قاچێکی نەبووە، ھەیە زۆر شێوێندراوە، بۆیە شووشتنی ئەو جۆرە تەرمانە زەحمەتە".

سەرچاوە / رووداو 
 





ئەم هەواڵە 21574جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad