English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پیاوێک لەسەر نیسک و ساوار دەکوژرێت 
2018-03-03 [05:08 AM]

ZNA- ھەولێر



محەممەد شوفێری بارھەڵگر بوو، بەو پارەیەی دەستیدەکەوت خێزانەکەی دەژیاند، بەڵام وەک براکەی دەڵێت، پێنج مانگە محەممەد کوژراوە و بکوژەکەی ھێشتا دەستگیر نەکراوە.

ئەو شەوە محەممەد وەک ھەر جارێکی دیکە باری بارکردبوو، وەک عاسم جاسمی برای دەڵێت: "کەمێک پێش ئەوەی بگاتە بازگەی کانی قرژاڵە دەیڕفێنن و دەیکوژن".

محەممەد جاسم عەزۆ، ٣٩ ساڵان، تا دوو ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ براکانی لە شێخان دەژیان. ماوەی چوار ساڵ بوو لەگەڵ ستی محەممەد ھاوسەرگیریی کردبوو، دوو کچی دووانەی تەمەن دوو ساڵان و کچێکی تەمەن ٥ ساڵانی ھەبوو. عاسم جاسم لەبارەی محەممەدی برایەوە دەڵێت: "محەممەد و ھاوژینەکەی لەگەڵ ئێمە دەژیان، بەڵام دواتر لەگەڵ برایەکی خانوویەکی لە ناحیەی کەلەکچی دروستکرد و چوونە ئەوێ، بەڵام ئەو زاڵمانە نەیانھێشت لە ماڵەکەی خۆیدا پشوو بدات".

چۆن کوژرا؟

عاسم چیرۆکی کوژرانی براکەی گێڕایەوە و گوتی  "شەوی ٧/٩/٢٠١٧ کاژێر نزیکەی ١٢ی شەو بووە، لە کامیرای دوکانێک کە تەنیا ٢٠٠ مەتر لە بازگەی کانی قرژاڵە دوورە، دەرچووە. بارھەڵگرەکە نزیکەی ٢٠ خولەکێک وەستاوە. دواتر بەرەو رێگەی گوێڕ دەڕوات بۆ عەلوەی ھەولێر. لە بازگەی کانی قرژاڵەوە دەردەچێت بۆ خەبات، لە خەبات شوێنێکی فرۆشتنی گەنم ھەیە، لەوێ دیارنامێنێ". 

عاسی دەڵێت لەوێش سۆراخیان کرد تا ئەو بازگەیەی کە ھێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی لێیە، لەوێش لە کامێرای بازگەکە دەرچووە کە بەرەو موسڵ دەڕوات "بەڵام شوفێرەکە براکەی من نییە، بەڵکو کەسێکی دیکەیە، داوای ڤیدیۆکەمان لە بازگەکە کرد، گوتیان بەیانی وەرنەوە ڤیدیۆکەتان دەدەینێ، بەڵام بەیانی کە چووین، گوتیان کاژێر ١١ی شەو حەشدی شەعبی ھاتوون و ئەو پارچە ڤیدیۆیەیان سڕیوەتەوە کە بارھەڵگرەکەی تێدا دەردەکەوێ".

شوانێک تەرمەکەی دەدۆزێتەوە

دوای دیارنەمانی محەممەد، کەسوکارەکەی بەدوایدا دەگەڕێن، عاسم دەڵێت: "رۆژانە ٥٠ کەس لە خزم و ھاوڕێکانی بەدوایدا دەگەڕاین، بەڵام نەماندۆزییەوە، دوای ١٢ رۆژ شوانێک پەیوەندی پێوەکردین و گوتی لەنێوان خەبات و مەفرەقی تۆبزاوا لەژێر پردێک فڕێدراوە، کاتێک چووینە سەر تەرمەکە، بینیمان چوار گوللە لە سکی دراوە، بە جلوبەرگەکەی ناسیمانەوە".

بۆ نیسک و ساوەر کوژراوە

محەممەد بارھەڵگری ھەیە و لەنێوان ھەولێر و دھۆک کەلوپەل دەگوازێتەوە. عاسم جاسم دەڵێت: "براکەم ١٥ ساڵە ئەو ئیشە دەکات، نە کێشەی لەگەڵ کەسێک ھەبووە نە قەرزداری کەسێکیش بووە، بەڵام دوای ئەوەی بەدواداچوونی تەواومان بۆی کرد، بۆمان دەرکەوت لەپێناوی ئەو بارە کوشتوویانە کە پێی بووە، چونکە دوای سێ رۆژ لە رووداوەکە بارھەڵگرەکەمان لە مووسڵ دۆزییەوە بەتاڵ کرابوو".

دوای دیارنەمانی و نەبوونی ھیچ ھەواڵێکی محەممەد، کەسوکارەکەی سۆراخی دەکەن، ھەر لەو دوکانەی بارھەڵگرەکەی تێدا راگیراوە یەک قەوانی گوللە دەدۆزنەوە، دوای دۆزینەوەی بارھەڵگرەکەش چوار قەوانی دیکە دەدۆزنەوە. بە گوتەی عاسمی برای، ناو بارھەڵگرەکە پڕ بووە لە خوێنی محەممەد، بۆیە دەڵێت "ھەر ئەوکاتە محەممەدی برام کوژراوە و شوفێرەکە بە تەرمی محەممەدەوە ھەموو بازگەکانی بڕیوە و بەرەو مووسڵ رۆیشتووە، بۆیە گومانمان ھەبوو کە لە بازگەکان ھاوکاریی بکوژەکەیان کردبێت، بەتایبەتی سڕینەوەی ئەو پارچە ڤیدیۆیەی کە تێیدا بارھەڵگرەکە تۆمار کرابوو، ھەروەھا بارەکەشی گومرگ نەکراوە، ئەمانە گومانی تەواوی لەلای ئێمە دروستکرد".

ئەوان گومانیان لە چوار کارمەندی بازگەیەک ھەبووە کە ھاوکاریی بکوژەکەیان کردبێت بۆ دەربازبوون. عاسی دەڵێت "لەوکاتەی بکوژەکە بارھەڵگری براکەمی لێخوڕیوە و لەو بازگەیە دەرباز بووە، لەوێ بوون، چۆن دەکرێت بەبێ گومرگکردنی بارەکەی و پشکنینی ئۆتۆمبێلەکە رێگە بدەن بڕوات؟ بۆیە پێمانوایە ئەوان دەربازیان کردووە، ئەگەرچی نکۆڵی لێدەکەن، بەڵام ئەوان دەزانن 
بکوژەکە کێیە. بۆیە سکاڵامان لە دادگای خەبات تۆمار کرد و چوار کەسەکە دەستگیرکران، بەڵام دوای چەند رۆژێک ئازادکران و تا ئێستاش نە دادگا و نە لایەنە ئەمنییەکان ھیچیان نەکردووە".

سەرچاوە / رووداو 
 





ئەم هەواڵە 24586جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
فرۆکەوانێک بەم شێوەیە رێز لە مامۆستاکەی دەگرێت
کچێک بە موعجیزە رزگاری دەبێت
لە عێراق بەم شێوەیە ئاوی باران لادەدەن ، بە دڵنیایی دوو جار سەیری دەکەیەوە
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad