English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دوایین زانیاری لەسەر ئەو گرتە ڤیدیۆیەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبووە 
2018-03-05 [05:11 AM]

ZNA- ھەولێر



دوای بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە بریتییە لە دانپێدانانی ژمارەیەک گەنج لە ژن و پیاوی دەستگیرکراو لە ماڵێکدا گوایە خانەی لەشفرۆشی بووە ... 

 ئەو گرتەیە کاردانەوەی زۆری بەدوادا ھات و پاشان دەنگۆی ئەوەش بڵاوبووەوە کە یەکێک لەوانەی لە ڤیدیۆکەدا دەرکەوتووە خۆی کوشتووە و یەکێکیشیان کوژراوە، بەڵام قایمقامی ھەولێر ھەموو دەنگۆکانی رەتکردەوە و رایگەیاند کە ھیچ یەکێک لەوانە نە خۆی کوشتووە و نە کوژراوە.

دوو پۆلیس دەستگیرکراون

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر دوایین زانیاری لەبارەی ئەو دۆسیە رایگەیاند و گوتی: "دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکە، داواکاری گشتی سکاڵای تۆمار کرد و بە بڕیاری دادوەر دوو پۆلیسی رێککاری کە تۆمەتبارن بە تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەکە، دەستگیرکراون. ھەروەھا بە بڕیاری وەزیری ناوخۆ ئەنجوومەنێکی لێکۆڵینەوە بۆ بەدواداچوونی کەیسەکە پێکھێنراوە و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە دەستیپێکردووە". 

قایمقامی ھەولێر گوتیشی: "ئەوانەی لە ماڵەکە بوون بەپێی ماددەی سێی لەشفرۆشی دەستگیرکراون. ئەوانەشی کە گرتە ڤیدیۆییەکانیان گرتووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردووەتەوە، ھێشتا دیار نییە کە بۆچی ئەو کارەیان کردووە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە، ئەوانیش دەبێت بەپێی یاسا سزای خۆیان وەربگرن".

رۆژێک دوای بڵاوبوونەوەی ئەو گرتەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە یەکێک لەو گەنجانەی دەرکەوتووە، خۆی کوشتووە، یەکێک لە ئافرەتەکانیش لەلایەن کەسوکاریەوە کوژراوە. نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ھەولێر ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و گوتی "بەداخەوە بەبێ بوونی ھیچ بەڵگەیەک ئەم جۆرە ھەواڵە ناڕاستانە بڵاودەکرێنەوە، ئەوانەی باس دەکرێن تەنیا دەنگۆیە و دوورن لە راستییەوە، چونکە ھیچ کەسێک نە خۆی کوشتووە و نە کەسیش کوژراوە، بەڵکو ئەوانە ئێستا بە بڕیاری دادوەر راگیراون و بەپێی یاساش سزا دەدرێن".

سزای پۆلیسەکان چییە؟

ئارام گەردی، پارێزەری راوێژکار، لەبارەی سزای ئەو کەسانەی گرتە ڤیدیۆییەکەیان تۆمار کردووە و بڵاویان کردووەتەوە، گوتی "بڵاوکردنەوەی ئەو گرتەیە، ئەگەر ناوی لێنەنرێت کارەسات، ئەوە رووداوێکی یەکجار جەرگبڕە، بەپێی یاسای ژمارە ٦ـی ساڵی ٢٠٠٨ لە یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، ماددەی دوو کە ئەم حاڵەتە دەگرێتەوە، ئەو کەسانەی ئەو تاوانەیان کردووە، بەندکردن و غەرامەکردنیش دەیانگرێتەوە، بەندکردنەکە بە ٦ مانگ تا ٥ ساڵ دەبێت، غەرامەکەش لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت".

سزاکەیان قورسترینە

ئەوانەی گرتە ڤیدیۆییەکەیان بڵاوکردووەتەوە پۆلیسن، بۆیە ئەو پارێزەرە دەڵێت "ئەگەر کەسەکان سەر بە پۆلیس یان سەر بە ھێزەکانی ناوخۆ بن، ئەوە ھەر بەپێی ماددەی ٥ی ھەمان یاسا سزا دەدرێن کە تێیدا ھاتووە، ئەو کەسەی ئەو تاوانە دەکات، ئەوا بە بارێکی توندکراو سزاکەی بەسەردا دەسەپێنرێت. ھەروەھا بەپێی یاسای جێبەجێکردنی یاسای سزای سەربازی ژمارە ١٩ـی ساڵی ٢٠١٧ کە لە ھەرێمی کوردستان بەرکارە، پێویستە لە دادگای ھێزەکانی ناوخۆش سزا بدرێن، ئەمەش دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ لیژنەیەک پێکدەھێنێت و لێکۆڵینەوە دەکات و دادوەر بڕیاری لەسەر دەدات".

دەتوانن سکاڵایان لەسەر تۆمار بکەن

بە گوتەی ئارام گەردی، ئەو کەسانەی لە گرتەڤیدۆییەکەدا دەردەکەون، دەتوانن پەنا بۆ دادگای تایبەتمەند ببەن و سکاڵای خۆیان لەدژی بکەرەکان بەرز بکەنەوە.

بازرگانییان پێوە دەکرێ

بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبارەی کارکردنی ئەو ئافرەتانەوە دەست  کەوتوون، بەشێک لەو کچانەی دەستگیرکراون، لەلایەن کەسانی نزیکیانەوە بۆ دەستکەوتنی پارە لەشفرۆشییان پێکراوە، تەنانەت لەناویاندا ھەیە کە تەمەنی لە خوار ١٦ ساڵییە. ھەروەھا پیاو ھەبووە، دوو ھاوژینی ھەبووە و کاری لەشفرۆشیی پێ کردوون.

سەرچاوە / رووداو
 





ئەم هەواڵە 12082جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
سەمایەکی کیکی بەکارەسات کۆتایی پێدێت
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
سەیرترین رووداوەکانى ھاتووچۆ
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad