English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
هێزە نەرم و تیژەکەی چین
2018-03-11 [11:57 AM]

نووسینى: جۆزیف نای ، وەرگێڕانى: ساسان عەونى


پێشەکى وەرگێڕ: هێزی تیژ    sharp power    

لە کۆتایی شەڕی سارد و لە سەرەتای ساڵانی نەوەد و باڵا دەست بوونی ئەمریکا وەک تاکە هێز و سوپەر پاوەرى جیهان، چەمکی (هێزی نەرم) لەلایەن پرۆفیسۆر (جۆزیف ئێس نای) داهێنرا وەک وەسفکردن بۆ بوونى هێزێکی ترى تەریب لەتەک هێزی سەربازی کە ووڵاتان و بە تایبەتیش ئەمریکا دەتوانن بەکارى بێنن بۆ بڵاوکردنەوەى ئەو بەها و بڕوایانەی کە هەیانە لەسەرتاسەرى جیهان. بەپێى روانینەکانى (ناى)، هێزی نەرم دەوەستێتە سەر کارلێکردن و بڕواپێهێنان و گواستنەوەی بەهاکان و گۆڕینى ڕا لە ڕێی جۆرەها کارلێک بەبێ بەکارهێنانی هێز.

لەماوەی چارەگە سەدەی رابردوو چەمکی هێزی نەرم سەدان نوسین و لێکۆڵینەوە و کتێبی لەبارەوە چاپکراوە و لە پراکتیکیشدا لەنێو هەموو وڵاتانی سەر گۆی زەوی بەجۆرەها شێواز بەکارهێنراوە.

پێش کۆتایی ساڵی 2017، لەمانگی دیسامبەر، سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراتیەت (NED) لەراپۆرتێکی تایبەتی دا کە لە 5ی دیسامبەری 2017 بڵاوی کردۆتەوە، چەمکی (هێزی تیژ)ی کردۆتە ناونیشانی ڕاپۆتەکەی و تیایدا ئاماژە بەوە دەکات کەدوای تێپەڕینی زیاتر لە چارەکە سەدەیەک لەسەر بەکارهێنانی چەمکی (هێزی نەرم)، ئێستا جیهان پێویستی بەدووبارە بیرکردنەوە هەیە لەداهێنانی چەمکێکی تر بۆ تەعبیر کردن لە هەندێ جۆر و شێواز و تەکنیک کە لەلایەن هەندێ ووڵاتانەوە پیادە دەکرێت کە لەهێزی نەرمی تێپەڕکردووە.

 

 هەر لەهەمان مانگ و لە (16) دیسامبەری 2017، گۆڤاری (ئیکۆنومیست) بەرگ و بابەتێکی گوڤارەکەی تەرخان کردووە بۆ باس کردن لە (هێزی تیژ) و کاریگەریەکانی بەکارهێنانی ئەم هێزە لەلایەن هەندێ لە ووڵاتانەوە بە تایبەتیش لەلایەن چینەوە. ئەم دوو بابەتە هانی (جۆزیف ئێس نای) دا کە ووتارێک بە ناونیشانی (هێزە نەرم و تیژەکەی چین) لە 4 کانوونی دووەمی 2018 لەسەر ئەم بابەتە بنوسێت و بڵاوی بکاتەوە، بۆ سوود وەرگرتن و ئاشنا بوونی خوێنەری کورد، دەقی ووتارەکەمان بۆ وەرگێراونەتە سەر زمانی کوردی.

 

دەقى بابەتەکە:

بە مەبەستی زیاد کردنی هێزى نەرم، چین چەندین ملیار دۆلاری تەرخان کرد، بەڵام لەم دواییەدا رووبەڕووی کاردانەوەیێکی توندى ووڵاتە دیموکراتەکان بۆتەوە.

راپۆڕتێکی تازەی (سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراتیەت) دەڵێت کە پێویستی بۆ سەر لەنوێ بیرکردنەوە لە ماناکانى هێزی نەرم هەیە، چونکە دەستەواژە بەکارهاتووەکان بۆ ماناکانی ئەو چەمکە کە لەدوای جەنگی ساردەوە بەکار دێن، ئێستا بەو شێوە شایستە گوزارە لە هەڵوێستی هاوچەرخ ناکات. راپۆرتەکە دیاردەکانی هەژموونە تازەکانی سەرکوتکردن کە لە جیهان هەست پێ کراون بە (هێزی تیژ) وەسف دەکات. لەم دواییانەش لە گۆڤاری (ئیکۆنۆمیست) ووتارێک بڵاوکرایەوە (بەرگى گۆڤارەکەش بۆ هەمان بابەت تەرخان کرابوو) کە دەربارەی چەمکی (هێز تیژ) دوابوو. ووتارەکە ئەم هێزە وا پێناسە دەکات کە دەڵێ هێزى تیژ ئەو جۆرەیە لە هێز کە دەوستێتەوە سەر ناکۆکی دروست کردن و ترساندن و فشار، کە بەرەنجام هەموویان دەبنە هۆی بەهێز بوونی خود کۆنترۆڵکردن.

 لەو کاتەدا کە هێزی نەرم تریسکە و درەوشانەوەکانی کەلتوور و بەهاکان دەقۆزێتەوە بۆ مەزنکردنی هێزی دەوڵەتان، هەر لەوکاتەشدا هێزی تیژ یارمەتی رژێمە سەرکوتکارەکان دەدات کە لە ناوخۆدا بەزەبرى هێز سلوک بسەپێنن و لە دەرەوەشدا کاریگەری لە سەر گۆڕینى ڕا دروست بکەن.

هەندێ جار چەمکی هێزی نەرم -کەمەبەست لێی توانایی کاریگەری دروستکردنە لەسەر خەڵکی تر لەرێگای راکێشان و بڕوا پێهێنان، لەجێی هێزی زبر کە ناچارکردن و سزا دان لەخۆ دەگرێت- وا بەکاردێت بۆ وەسفکردنی هەر جۆرە بەکارهێنانێکی هەژموون کە هێزی ماددی تێدا بەکارنایەت. بەڵام ئەم وێناکردنە هەڵەیە. هێز هەندێ جار بریتیە لەوەی کام سوپا یان کام ئابووری براوەیە، بەڵام لە هەندێ جاری تریش بریتی دەبێت لەوەی کە کام کێشە یان کام چیرۆک دەباتەوە.

هەر چیرۆکێکى بەهێز بە سەرچاوەیێکی هێز دەژمێردرێت. سەرکەوتنی ئابووری چین بووە هۆی لەدایک بوونى هێزی زبر و هێزی نەرمی ئەو وڵاتە، بەڵام بە سنووردارکراوى. وەک دیاردەکەوێت گوژمە یارمەتیە ئابووریەکانى چین کە لە چوارچێوەی دەستپێشخەری و پرۆژەی (پشتێنە و رێگا) دەیدات، کارێکی سەرنج راکێش و نایابە، بەڵام بەو سەرنجراکێشى و نایابیە نامێنێتەوە ئەگەر بەندەکانی پێدانى ئەو یارمەتیانە بوونە مەرجی نەشیاو، وەک ئەوەی کە لە پرۆژەی دروستکردنی بەندەرێک لە سریلانکا روویدا.

کردارەکانی تری هێزی ئابووری زبر، دەبێتە هۆى لاوازبوونى هێزى نەرمى چیرۆکى چینی، کە لەمبارەوە پێویستە ئاماژە بەسزادانی نەرویج بکەین لەلایەن چینەوە، چونکە نەرویج خەڵاتی نۆبلی بۆ ئاشتی بەخشیە (لیو شیاو بو). هەروەها هەڕەشەکردن لە سنوردارکردنی گەیشتنی بەرهەمەکانی دەزگایێکی بڵاوکردنەوەی ئوسترالی بۆ بازاڕەکانی چین چونکە کتێبکی بڵاوکردبووەوە کەرەخنەی لە چین گرتبوو.

ئەگەر چەمکی هێز تیژ وەکو کورتکراوەیەک بۆ جەنگی زانیاری بەکاربێنین، جیاوازى لەگەڵ هێزی نەرم بەدیار دەکەوێت. هێزی تیژ جۆرێکە لە جۆرەکانی هێزی زبر، کە کاریگەری لەسەر زانیاری دروست دەکات و گۆڕانکاری بەسەردا دێنێت، لە کاتێکدا کە زانیارى شتێکی نەگیراوە، بەڵام نەبوونی توانیی گرتن یان دەست لێدان تایبەتمەندیە جیاکەرەوەکەی هێزی نەرم نیە، چونکە هەڕەشە گوتراوەکان هەمیشە شتى نەگیراون بەڵام لەناواخندا زۆرلێکردن و دۆڕاندنى تێدایە.

کاتێ لە ساڵی 1990 چەمکی (هێز نەرم)م پێشکەش کرد، نووسیم کە ئەم هێزە رەنگڕێژکراوە بە خۆبەخشى و بەناڕاستەوخۆیی، لەکاتێکدا هێزی زبر بەندە لەسەر هەڕەشەکردن و مەترسی دروستکردن و بڕواپێهێنان. بۆ نموونە ئەگەر کەسێک دەمانچەیەکی ئاراستە کردی و داوای دەرهێنانی پارەی لێت کرد و دەستی بەسەر جزدانەکەت داگرت، ئەوەی تۆ بڕوات پێیەتی و دەتەوێت هیچ سەنگێکى نیە، کە ئەمە بریتی یە لە هێزی زبر. بەڵام ئەگەر بڕوای پێ هێنای کە پارەکانی خۆتی پێ بدەی، کەواتە توانی گۆڕانکاری بەسەر بڕوا و ویستت دابهێنێت، کە ئەمەش بریتی یە لە هێزی نەرم.

لە بوارى دیبلۆماسیەتى گشتیدا، راستی و کرانەوە هێڵی جیاکەرەوەی نێوان هێزی نەرم و هێزی تیژە. ئەو کاتەی کە ئاژانسی هەواڵی رەسمی چین (شینخوا) پەخشى هەواڵ بەئاشکرایی لەدەوڵەتانی تر بڵاودەکاتەوە، ئەوا بەکارهێنان و خستنەکاری شێواز و تەکنیکەکانی هێزی نەرمە، وە دەبێ ئەوەمان لا قبوڵ بێت. بەڵام کە ئێزگەی نێودەوڵەتی چین بە شێوەیێکى نهێنى یارمەتی (33) وێستگەی رادیۆیی لە (14) ووڵات دەدات، ئەمە دەبێتە تێپەڕاندن لە سنورەکانی هێزی تیژ، بۆیە پیویستى بە باسکردن و ئاشکراکردن دەبێت چونکە دەبێتە هۆى بەزاندنى سنورەکانى خۆبەخشى.

گومانی تێدا نیە کە ریکلام و بڕوا پێهێنان رێژەیەک داڕشتن و هۆنینەوە لەخۆیان دەگرن، کە خۆبەخشیی سنوردار دەکات، وەک ئەو جیاکاریە بونیادیانەی لە ژینگەی کۆمەڵایەتیدا هەیە. بەڵام دەتوانین فێڵکردنى زۆر و زیادەڕۆیی لە داڕشتن و هۆنینەوە وەک جۆرێک لە زۆرلێکردن لە قەڵەم بدەین، هەرچەندە بابەتێکی ناتوندوتیژە، بەڵام رێگرە لەبەردەم جێبەجێبوونى واتادار. 

تەکنیکەکانى دیپلۆماسیەتی گشتى کە وەک پروپاگەندە تەماشا دەکرێت، ناتوانێت هێزی نەرم بەرهەم بهێنێت. لە چاخی زانیاریدا سەرچاوە هەرە دەگمەنەکان بریتین لە بایەخدان و راستگۆیی. هەر بۆیەشە(لە زۆر کاتدا بۆ بەرهەمهێنانى هێزى نەرم) ئەو بەرنامانەی کە پەرە بە پەیوەندی گۆڕینەوە و پەیوەندی کەسی دەدەن لە نێوان قوتابیان و سەرکردە گەنجەکان، کاریگەر ترە ئەگەر بەراورد بکرێت بە کاریگەرى پروپاگەندە فەرمیەکان.

ویلایەتە یەکگرتوەکان هەمیشە پرۆگرامی وای رەخساندووە بۆ سەرکردە گەنجەکانی ووڵاتانی تر بۆ سەردانکردنی، کە لە ئێستادا چین کردویەتی بە نەریت و زۆر بەسەرکەوتوویی پیادەی دەکات، کە ئەمەش بەکارهێنانێکی زیرەکانەی هێزی نەرمە. بەڵام کاتێک رەزامەندیەکانی هاتنە ناو وڵات بەکاربهێنرێت بۆ زۆر لێکردن یان کۆنترۆڵکردن بۆ سنوردارکردنى رەخنەگرتن و هاندانى خودکۆنترۆڵى، ئەوا بەرنامەکانی ئاڵوگۆڕی دەگۆڕرێت بۆ هێزی تیژ.

لەگەڵ گونجانى دیموکراتیەتەکان بۆ هێزی تیژى چین و جەنگە زانیاریەکەی، پێویستە لەسەر ئەو دیمەکراتیەتانە کە ووریای زۆر کارلێکردن بن لەگەڵ چین. چونکە بەشێکی زۆری ئەو هێزە نەرمەی کە دیموکراتیەتەکان پیادەی دەکەن زادە و هەڵقوڵاوی کۆمەڵگای مەدەنیە، بەو واتایەی کە ئاشکرا گۆیی و کرانەوە پێکهێنەرێکی بنەڕەتین لە پێکهێنەرەکانی هێزی نەرم.

چین دەتوانێت هێزی نەرمی زیاتر بەرهەم بهێنێت ئەگەر تۆزێک دەستی حیزبی لەسەر کۆمەڵگای مەدەنی نەرم بکات. بەهەمان شێوەش قۆرخکردنى دەزگاکانی راگەیاندن و وابەستەیی بەکەناڵە نهێنیەکانی پەیوەندی، دەبنە هۆی کەمبوونەوەی هێزی نەرم، بۆیە لەسەر دیموکراتیەتەکان پێویستە نەکەونە ژێر کاریگەریی بۆ لاسایی کردنەوەى ئەم ئامرازە سەرکوتکەرانەی هێزی تیژ.

سەرەڕاى ئەمانە، داخستنی ئامرازە رەواکانی هێزی نەرمی چین لەوانەیە کاردانەوەیێکی پێچەوانەی لێ بکەوێتەوە، زءر جاریش هێزی نەرم بەشێوەیەک لە کێبڕکێ بەکاردێت کە بەرئەنجامەکەی دەبێتە سفر، بەڵام دەشبێت کە ڕوو و لایەنی پۆزەتیڤی هەبێت. بۆ نموونە ئەگەر چین و ویلایەتە یەکگرتووەکان ویستیان ململانێ بەلاوە بنێن و ئاڵوگۆڕی لەو بەرنامانە بکەن کە سەرنجراکێشانی زیاتری ئەمریکیەکانی تێدایە بۆ چین و بە پێچەوانەوەش، ئەوا سوود بەهەردوو وڵات دەگات. دەربارەی بابەتە سنوور بڕەکانیش وەک -گۆڕان لە کەش و هەوا- هەردوو وڵات دەتوانن سوود لە هاوکاری نێوانیان وەرگرن. هێزی نەرم دەتوانێت یارمەتی لەدروست کردنی ئەو تۆڕانەی پەیوەندى بدات کەوا دەکەن ئەو هاوکاریانە سەربگرێت.

لەکاتێکدا هەڵەیە هەوڵەکانى هێزی نەرمی چین کە لە سەرەتاى گۆڕانن بۆ هێزى تیژ قەدەغە بکرێن، بەڵام لە هەمان کاتیشدا گرنگە کە چاودێریی ووردی هیڵە جیاکەرەوەکەى نێوان هێزى نەرم و هێزى تیژ بکرێت. بۆ نموونە، لەسەر (هانبان) پێویستە (کە دەزگایێکی حکومیە و سەرپەرشتی (500) پەیمانگای کۆنفۆشیۆسی و (1000) ژووری کۆنفۆشیۆسی دەکات لە زانکۆ و قوتابخانەکان لە سەرتاسەرى جیهان و چین یارمەتی دەدات بۆ فێرکردنی زمان و کەلتوری چینى) رێ لەو سنوردارکردنانە بگرێت کە بەرامبەر ئازادی ئەکادیمی دەگیرێتەبەر، کە سنوردارکردنی ئەو ئازادیە ئەکادیمیانە بۆتە هۆی داخستنی هەندێک لەو پەیمانگا کۆنفۆشیۆسیانە.

لەو نمونانە بۆمان دەردەکەوێت کە باشترین  بەرگریکردن لە بەرامبەر بەکارهێنانی بەرنامەکانى هێزی نەرمی چین وەک ئامرازێکی هێزی تیژ، ئەوەیە کە ئاشکرا بکرێت و بە فراوانى باس بکرێت، ئەمەش خاڵى جیاکەرەوەى دیموکراتیەتەکانە.

 

روونکردنەوەى وەرگێڕ:

سندوقى نیشتمانى بۆ دیموکراتیەت NED : دامەزراوەیێکى تایبەتى قازانج نەویستە، لە ساڵى 1983 دامەزراوە، کار لە پێناوى گەشەپێدان و جێگیرکردنى دامەزراوە دیموکراتیەکان دەکات لە سەرتاسەرى جیهان. ئەم سندوقە ساڵانە زیاتر لە 1700 فەند پێشکەش بە رێکخراوە ناحکومیەکان لە زیاتر لە 90 وڵات دەکات بەمەبەستى کارکردن بۆ بەدیهێنانى ئامانجە دیموکراتیەکان.

ئیکۆنۆمیست The Economist : گۆڤارێکى هەفتانەیە بە زمانى ئینگلیزى لە لەندەن دەردەچێت کە بۆ ماوەى 175 ساڵە بەردەوامە، بایەخ بە بڵاوکردنەوەى هەواڵ و لێکۆڵینەوەى ئابورى و سیاسی دەدات. یەکەم ژمارەى لە ساڵى 1843 دەرچووە. لە ناوەندە سیاسى و ئابوریەکانى جیهان بە بایەخەوە لە بابەتەکانى دەڕوانن. ئەو بابەتانەى کە بۆ سەربەرگ هەڵدەبژێردرێن مژارى گەرمى سیاسەت و ئابورین لە جیهان.

پشتێنە و رێگا: دەستپێشخەریەکى ووڵاتى چینە بۆ زیندووکردنەوەى رێگاى حەریر، بە ناوى پشتێنەى ئابورى رێگاى حەریریش ناوزەد دەکرێت. ئەم پرۆژەیە لە ساڵى 2013 لە لایەن سەرۆک (شی چین پینگ) سەرۆکی چین راگەیێنرا. ئەم پرۆژەیەدا بە مەبەستى زیندووکردنەوەى رێگاى حەریر، تۆڕى رێگا و بان، تۆڕى شەمەندەفەر، بەندەر دروست دەکرێن و هێڵەکانى گواستنەوەى نەوت و گاز رایەڵ دەکرێن، هەروەها تۆڕى کارەبا و ئینتەرنێت و پرۆژەکانى ژێرخان. لە سێ هێڵى سەرەکى پێک دێت، مەبەست لێی ئاڵوگۆڕیی ئابورى و بازرگانى و کەلتوریە.

لیو شیاو بۆ: (1955-2017) رۆشنبیر و رەخنەگرێکى چینی بوو، چالاکوانى مافەکانى مرۆڤ بوو، ساڵى 2010 خەڵاتى نۆبلى بۆ ئاشتى پێبەخشرا.





ئەم هەواڵە 1426جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
فرۆکەوانێک بەم شێوەیە رێز لە مامۆستاکەی دەگرێت
کچێک بە موعجیزە رزگاری دەبێت
لە عێراق بەم شێوەیە ئاوی باران لادەدەن ، بە دڵنیایی دوو جار سەیری دەکەیەوە
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad