English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
قۆناغە سەختەکە بەرەو کۆتایی
2018-03-11 [07:34 AM]

نووسینی: مەلا هندرێن



قۆناغە سەختەکە بریتییە لە قۆناغی دوای ئەنجامدانی ریفرانوم و خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر. کە لەم قۆناغەدا هاوکێشەی هێز لە نێوان کوردستان لەلایەک و دوژمن و بەکرێ گیراوەکانی لەلایەکی تر، گۆڕانی گەورەی بەسەردا هات و ئەگەر بەرگری سەرسەختی پێشمەرگە نەبوا لەپردێ و سحێلا. ئەوە دوور نەبوو تەواوی کوردستان لە دەست بدەین، بەڵێ ئەمە قۆناغە دژوارەکەیە و دەبێت هەموومان بە باشی تێیبگەین. گەلی کوردستان لە 25 ی ئەیلولی 2017 تۆوی سەربەخۆیی چاند و بە تێپەڕوونی کات، هەر دەبێت ئەم تۆوە شین ببێت ،کە وەرزی خۆی هات دەبێت دروێنەش بکرێت. کاتێ جوتیار دانەوێڵەی خۆی فڕێ دەداتە ناو زەویەکەی و بە گڵ دایدەپۆشێ، دەزانێت دوای چاندن قۆناغێکی سەختی چاوەڕوانی دەست پێدەکات، دوای ئەوەی باران و سەرما و شەختە و بەفر، کێلگەکە دەپۆشێت، هیچ شوێنەوارێکی تۆوە چێندراوکە ناهێلێت  ئینجا کە بەهار هات، تۆوە چێندراوەکە شین دەبێت و پاشان لە وەرزی خۆی دروێنەی دەکات. گەلی کوردستانیش پاش ئەوەی لە پرۆسەی ریفراندۆم، تۆوی سەربەخۆیی داچاند، ئەوە یەکسەر قۆناغێکی سەخت و دژوار دەستی پێکرد، کە هەر ئێستا ڕەنگە هیچ شوێنەوارێکی ریفراندۆم لە ئارادا نەمابێت. بەڵام پاش تێپەڕکردنی ئەم قۆناغە پڕ ناخۆشییە، دەبینین چۆن تۆوی سەربەخۆیی شین دەبێت و ئەوکاتە هیچ هێزێک ناتوانێت پێش لە چنینەوەی بەروبوومەکەی بگرێت. ئاشکرایە  دوای ریفراندۆم گەلەکۆمەی دژواری هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بە هاوکاری و دەست کێشی ناوخۆیی، دۆخێکی زۆر سەختیان بەسەر کوردستاندا هێنا، نیوەی خاکی کوردستان کەوتەوە ژێر دەستی داگیرکاری بەغدا و یەکڕیزی سیاسی و سەربازی لەبەین چوو. پێشمەرگە لە زۆنی سەوز، دەستی خستە ناو دەستی دوژمن و لە زۆنی زەردیش لە شەڕی مان و نەماندا بوو، ئەم شەڕە سەخترین شەڕی بەرگری لە خاک و نیشتیمان و شەرەف و کەرامەتی خەڵکی کوردستان بوو. شەڕەکانی پردێ و سحێلان، شەڕی ئاسایی نەبوون، بگرە شەڕی گەلێکی مەزلوم و بێ پشت و پەنا بوو دژ بە هەموو توانا سەربازییەکانی عێراقی پاش سەدام و پاڵپشتی و بەشداری ڕاستەوخۆی ئێران و هێزەکانی ( حزب اللە)ی لوبنان، کە بە چەک و تەقەمەنی ئەمەریکاش ئەنجام درا. لەم شەڕانە دا پێشمەرگە ئەوەی سەلماند کە، ئەگەرچی یەک ڕیزیشی لەدەست داوە. بەڵام هەرگیز حکومەتە فشۆڵەکەی بەغدا ناتوانێت بە شەڕ کوردستان داگیر بکاتەوە. دوای ئەم دوو شەڕە چارەنووس سازە، ئیدی هیچ کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کە مانەوەی هەرێمی کوردستان بەخەڵک و حکومەت و دەستکەوتەکانی راپەرینەوە، تەنها بەرهەمی بەرگری پێشمەرگەکانی پارتییە، نەک پارتی و یەکێتی. چونکو یەکێتی ئەو شانازیەی لە دەستدا کە خۆی بە بەشێک لە بەرگری کاری خەڵکی کوردستان بزانێت. ئەگەر ئەو بەرگرییەی پارتی نەبوا، ئێستا هێچ شتێک نەدەما بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین. بگرە وەک کەرکوک مامەڵە لەگەڵ شاری هەولێر و دهۆک و سلێمانیش دەکرا و تەنانەت جەژنی نەورۆزیش لە خەڵکی کوردستان یاساغ دەکرا.
جێگای داخە کە دابەش بوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستان، لە قۆناغی دوای ریفراندۆم، زۆر سەخت و دژوارە. بەرەی دژ بە ریفراندۆم یەکجار فراوان بووە. نەک گروپەکەی نەخێر، بگرە ئەو حزب و سەرکردانەی دەنگیان بە ڕیفراندۆم دا و دەیانگوت بەڵێ بۆ سەربەخۆیی. ئێستا پاکانە بۆ دوژمن دەکەن و سەنگەرییان گرتووە و دەڵێن:-( ئەگەر ریفراندۆممان نەکردبا، ئەو کارەساتانە ڕوویان نەدەدا). ئۆباڵی هەموو دۆخەکە دەخەنە ئەستۆی سەرۆک بارزانی و خەڵک چەواشە دەکەن بەوەی ریفرانۆم کارێکی هەڵەبووە و نابوا بارزانی ئەم ڕۆژە سەختە بۆ خەڵکی کوردستان دورست بکا ت.
   من لێرەوە بۆ دیرۆک دەیلێم، ڕیفراندۆم نەک هەڵە نەبوو. بگرە گەورەترین سەرکەوتن و دەستکەوتی مێژوویی بوو کە لە باشوور بەدەست هاتووە. ئەم قۆناغە سەختەش شتێکی سروشتییە و کۆتایی نزیک بۆتەوە. کە گەیشتینە وەرزی خۆی، دەبینین چۆن گەلی کوردستان بەری داچاندنی تۆوی سەربەخۆیی دروێنە دەکات. ئەوکاتە گرنگی ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ هەمووان ڕۆشەن دەبێت. دەبینین کە ئەگەر جوتیار لە سەرەتای زستان دانەوێڵەی خۆی فڕێ نەداتە ناو کێلگە و ژێرخاکی نەکات، ئەوە ناتوانێت لە سەرەتای هاویندا هیچ شتێک بچنتەوە. دوژمنان دەیانگووت، ئەوە کاتی ڕیفڕاندۆم نییە. وەک ئەوە وابوو بە جوتیار بڵێیت، سەرەتای زستان کاتی داچاندنی دانەوێڵە نییە، با هاوین بێت ئینجا دای بچێنە. لێ جوتیار خۆی دەزانێت کەی کاتی داچاندنە و کەی دروێنەشی دەکا.
   لەکۆتایدا دەڵێم بەداخەوە، زۆرێک لەوانەی لە ڕۆژانی ریفراندۆم بەگوڕ و تینەوە لەگەڵ ڕیفراندۆم بوون، ئێستا لە قۆناغە سەختەکەی دوای ریفراندۆم، هیلاک و ڕەش بین و بێ هیوا دەردەکەون و تەنانەت بێ ئاگایانە بە هەمان ئاوازی بەرەی نەخێر دەخوێنن. زۆری نەماوە ئاسۆی ئایندەیەکی گەش بۆ کوردستان شەفەق بدات و کوتایی بە نەهامەتییەکان بهێنێت.





ئەم هەواڵە 3727جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
سەگێک کچێک لە خنکان رزگار دەکات
سەمایەکی کیکی بەکارەسات کۆتایی پێدێت
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad