English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
خەندە بووە قوربانی بڕیارێکی ھەڵەی باوکی 
2018-03-14 [04:51 AM]

ZNA- ھەولێر 



خەونی خەندە ئەوە بوو خوێندن تەواو بکات و ببێ بە پزیشک، بەڵام ئاشکرابوونی پەیوەندییە ئەڤیندارییەکەی نەک خەونەکەی لە گۆڕنا، بەڵکو ئێستا وەکو نەخۆشێک دەچێتە لای پزیشکەکان. زیاتر لە دوو ساڵە، کونجی ماڵ، بووەتە شوێنی خەندە کە ناوی خوازراوی کچێکی تەمەن ١٦ ساڵانە.

ئەم کچە سێ ساڵ لەمەوبەر کە لە پۆلی حەوتی بنەڕەتی بوو، لەگەڵ کوڕێک دەکەوێتە پەیوەندی، بەڵام باوکیان بە پەیوەندییەکە دەزانێ و یەکسەر بەو تەمەنە کەمەوە لە کوڕەکەی مارە دەکات.

دایکی خەندە بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە بەسەرھاتی کچەکەی  دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "کچەکەم لە قوتابخانە زۆر زیرەک بوو، ھەمیشە دەیگوت دەمەوێ ببم بە دکتۆر، بەڵام بەھۆی کوڕێکەوە ئەو خەونەی نەھاتەدی".

دایکی خەندە دەڵێت کچەکەی لە رێگەی قوتابخانە کوڕێکی ناسیوە بە ناوی زانا و پەیوەندی لەگەڵ داناوە، بەڵام دواتر باوکی خەندە بە پەیوەندییەکەی زانیون. دایکی گوتی: "باوکی خەندە ھەردووکیانی لە کۆڵانێک پێکەوە بینیبوو، ئیدی بە کوڕەکەی گوت ئەگەر کچەکەم مارە نەکەی، ھەردووکتان دەکوژم".

خەندە زۆر ھەوڵی لەگەڵ باوکی دا، بەڵام ھەوڵەکانی بێسوود بوون. دایکی خەندە گوتی: "خەندە زۆر لە باوکی پاڕایەوە و گوتی جارێ منداڵم و نامەوێ ھاوسەرگیری بکەم، دەمەوێ بخوێنم، بەڵام سوودی نەبوو، بە ناچاری شووی بە زانا کرد. خەندە زۆر منداڵ بوو، تەنانەت لە دادگاش مارەیان نەکرد، لەلای مەلا مارە کرا و گرێبەستی ھاوسەرگیری نەبوو". 

نەھامەتییەکان ئەو رۆژە زیاتر بوون کاتێک خەندە پێی نایە نێو ماڵی زانا، ھەرزوو زانا خەندەی لە قوتابخانە دەرھێنا و پێیگوت نامەوێ بخوێنی و لە ماڵەوە خزمەتی من بکە.

زانا ھەر بەوەندە نەوەستا و شەڕی دەروونی و جەستەیی لە دژی خەندە دەستپێکرد. دایکی خەندە دەڵێت "سووکایەتی پێدەکرد، لێی دەدا، تا وای لێھات باری دەروونی تێکچوو، لەمەش خراپتر خیانەتی لێدەکرد و پێیدەگوت تۆم بە زۆر لێ مارە کراوە، بڕۆوە بۆ لای دایکت و باوکت".

وەک دایکی خەندە باسی دەکات، خەندە ھەموو جارێک کە ھاتووەتەوە لایان، شەکوای حاڵی خۆی لەلای باوکی کردووە و گوتوویەتی دەیەوێ لە زانا جیاببێتەوە، بەڵام باوکی رازی نەبووە و ھەموو جارێک بە زۆر ناردوویەتییەوە لای ھاوژینەکەی. دایکی خەندە دەڵێت "شوێنەواری ئەشکەنجەدان بەسەر جەستەیەوە دیاربوو، قۆڵێکی شکابوو، لا چاوێکی شین ببوو، بەڵام بەناچاری گەڕایەوە لای مێردەکەی".

دوای چەند رۆژێک دایکی خەندە تەلەفۆن بۆ کچەکەی دەکات بۆ ئەوەی ھەواڵی بپرسێ، بەڵام زانا وەڵام دەداتەوە و دەڵێت "کچەکەت نەخۆشە قسە ناکات، وەرە بیبەوە". دایکی خەندە یەکسەر بە تاکسییەک دەچێتە ماڵی خەندە. ئەو دەڵێت "کچەکەم لە ژوورێک کەوتبوو، ھیچم لە دەست نەھات، یەکسەر ھەڵمگرت و بردمەوە ماڵەوە".

زۆری نەبرد زانا ھەر بە زارەکی تەڵاقی دا و خۆی لێشاردەوە، دایکی خەندە دەڵێت سکاڵایان لەسەر زانا تۆمار کردووە، بەڵام چووەتە دەرەوەی وڵات، لە دادگاش پێیانگوتوون لەبەر ئەوەی خەندە گرێبەستی ھاوسەرگیری نییە، دادگا ناتوانێ داوای مافەکانی لە ھاوژینەکەی بۆ بکاتەوە.

باوکی خەندە ئێستا بۆی دەرکەوتووە چ ھەڵەیەکی بەرامبەر کچەکەی کردووە. ئەو کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، گوتی: "زۆر پەشیمانم لەوەی بەسەر کچەکەم ھێنا، بەھۆی منەوە تووشی نەخۆشیی دەروونی بوو، چەندین پزیشکم پێی کرد، ھیچ سوودی نەبوو".

ئەو ئاھێک بۆ کچەکەی ھەڵدەکێشێ و دەڵێت: "نزیکەی دوو ساڵە کچەکەم لە ژوورەوە نایەتە دەرەوە، تەنانەت قسەش ناکات، دایکی رۆژانە بە زۆر خواردنی دەداتێ".

سەبارەت بە چارەنووسی زاناش، باوکی خەندە گوتی: "ھیچ زانیارییەکمان لەبارەیەوە نییە، دەڵێن لە دەرەوەی وڵاتە". باوکی خەندە زۆر پەشیمانە و دەڵێت "ھیوادارم دایکان و باوکان پەند لەو کارەی من وەربگرن و کچەکانیان بە زۆر بەشوو نەدەن".

سەرچاوە / رووداو
 





ئەم هەواڵە 13288جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad