English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
کچێک گورچیلەی خۆی بۆ دەزگیرانەکەی دەفرۆشێت 
2018-03-17 [03:31 AM]

ZNA- ھەولێر 



ئەمیری تەمەن ٢٤ ساڵان، ئێوارەیەک دوای گەڕانەوەی لە کرێکاری، کچێک دەبینێت کە میوانی دراوسێکەیان بووە، ئەمیر و کچەکە دەکەونە داوی خۆشەویستی یەکدییەوە. 

دوای ساڵێک لە پەیوەندیی خۆشەویستی، ئەمیر دەچێتە خوازبێنی خەندەی تەمەن ١٨ ساڵان و ماوەی سێ مانگە ئەڵقەی دەستگیرانییان گۆڕیوەتەوە و لەلای مەلا مارەی کردووە.

بەھۆی ئەوەی ئەمیر ناتوانێت ئەو بڕە ئاڵتوونەی لەسەری رێککەوتوون بۆ خەندە بکڕێ، خێزانی کچەکە رێگە نادەن لە دادگا مارەی بکات و خەریکە بەزۆر لەیەکیان جیادەکەنەوە.

ئەمیر منداڵی گەورەی خێزانەکەیەتی و سێ خوشک و برای بچووکی ھەیە، ئەو پێشتر کرێکاری کردووە، ماوەیەکیش لە نەخۆشخانەیەک کارگوزار بووە، بەڵام ئێستا گەنجێکی بێکارە، ئەو دەڵێت "ئەوەی لە کارکردنی چەند ساڵی پێشتر دەستمکەوتبوو، بۆ ھاوکاریکردنی ماڵی باوکم و دروستکردنی خانوویەک خەرجمانکرد، پاش مارەکردنی خەندەش ھەندێک پارەمان مابوو، بەڵام بەھۆی نەخۆشکەوتنی باوکم و دابینکردنی دەرمان و چارەسەرکردنی، ئەویشمان نەما و ئێستا بە خێری خەڵک دەژین". دەشڵێت "خوشک و براکانم بچووکن، بۆیە تەنیا کەسێک بتوانێت شتێک پەیدا بکات، منم، رۆژانە لەناو بازاڕ دەستگێڕی دەکەم، چوار پێنج ھەزار دینارێکم دەستدەکەوێت، ئەمەش ژیانی خێزانێکی پێ بەڕێوەناچێ".

گورچیلەی دەفرۆشێت

ئەمیر ھیچ کارێکی حەڵاڵ نەماوە تاقینەکاتەوە بۆ دەستکەوتنی پارووە نانێک بۆ خێزانەکەی، لەبەرامبەر مارەکردنی خەندەش، خێزانی کچەکە داوای ئاڵتوونی لێدەکەن. ئەو دەڵێت: "دەبێت ١٥ مسقاڵ ئاڵتوون بۆ خەندە بکەم، ئینجا خێزانەکەی رازی دەبن بچم لە دادگا مارەی بکەم، بۆیە گەیشتمە ئەو بڕیارەی بەناچاری گورچیلەم بفرۆشم، بۆ ئەمەش چەند کەسێکم راسپاردووە تا کڕیاری گورچیلەم بۆ پەیدا بکەن و بیفرۆشم، چونکە ھیچ چارەیەکی دیکەم نییە".

"کچێنیم بەخشی بۆ ئەوەی جیانەبینەوە"

خەندە بەھۆی گوشاری زۆری خێزانەکەی بۆ جیابوونەوەی لە ئەمیر، کچێنی خۆی بە کوڕەکە بەخشیوە، بۆیە بە جیابوونەوەیان، چارەنووسی خەندە لێڵ دەبێ و وەک خۆی دەڵێت رەنگە بیر لە خۆکوشتن بکاتەوە، بۆیە داوای ھاوکاری دەکات، ئەو  گوتیشی "ئەگەر ھاوکاری نەکرێین، ناچارم خۆم بکوژم، بەخشینی کچێنیم بە ئەمیر لەپێناوی جیانەکردنەوەمان بوو، ئێستاش براکانم رێگە نادەن مارەم بکات، تەنانەت دەڵێت مادام پارەی نییە ئاڵتوونت بۆ بکات با تەڵاقت بدات".

"دەسگیرانەکەم رزگار بکەن"

ئەمیر و خەندە وەک خۆیان باسی دەکەن، بەجۆرێک ژیانیان لەمەترسیدایە، شەو و رۆژیان بووە بە گریان.

ئەمیر داوا لە خێرخوازان دەکات ھاوکارییان بکەن تا بتوانێت خەندە لەو مەترسییە رزگار بکات، ئەو دەڵێت: "من گەنجێکی دەستوپێ سپی و کارنەکەر نیم، بەڵام ھیچ چارەیەکم نییە، ھیچ کارێک نەماوە نەیکەم، ئێستا کارم دەستناکەوێت، لەگەڵ نەخۆشی و قەزاوقەدەر ھیچ ناکرێت، بەھۆی ئەم بارودۆخەوە حاڵی ئێمە وای لێھات. داوا لە خێرخوازان دەکەم فریامان بکەون، چونکە ئەگەر ئێمە جیاببینەوە دڵنیام رۆژێکی رەش چاوەڕێمان دەکات".

سەرچاوە / رووداو
 





ئەم هەواڵە 13963جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad