English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ڕاپەرینی چەواشە
2018-03-17 [06:56 AM]

نووسینی: مەلا هندرێن


سەرەتا دەمەوێت بڵێم (چەواشە) بە مانای پێچەوانە کردنەوەی ڕاستیەکان

دێت. ئەوانەی پەنا بۆ چەواشەکاری دەبەن، گەرەکیانە ڕووداوێکی ڕاستەقینە لە ڕێڕەوی ئاسایی و سروشتی خۆی لابدەن و بەرەو هەڵدێر و ئامانجی پێچەوانە ئاراستەی بکەن. چەواشە دیاردەیەکی جیهانییە و دەیان نموونەی کاری چەواشە هەیە کە وڵاتە زڵ هێزەکان پەیرەویان کردووە، با لێرەدا باسی ئەوە بکەین، کاتێک خەریک بوو هەژموونی کۆمۆنیستی لە یەکێتی شۆڤیەتەوە بەرەو دونیا پەرەی دەسەند. ئەمەریکا و ئەوروپای سەرمایەداری دەیان حزبی کۆمۆنیستییان لە وڵاتە تازە پێگەیشتوەکان دورست کرد. هەر بە ناوی کۆمۆنیستی کەوتنە چەواشەکردنی بیر و ئامانجی چەپ گەرایی و گۆڕینی ئامانجی ڕاستەقینەی شۆرشی کریکاری. بەمەش بزوتنەوەی کۆمۆنیستی پارچە پارچە کرا و وا لە چینە هەژارەکان کرا، سەر لێشێواو بن و نەزانن کامە ئاراستەی کۆمنیستی راست و ڕەوایە و کامەشیان درۆ و دەستکردە. لە سێ دەیەی ڕابردووش، ڕۆژئاوا بە دەیان حزب و گروپی ئیسلامی سیاسی دورست کرد. بە ئامانجی پێش گرتن لە دەرکەوتنی رابوونی ئیسلامی دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا. کاتی خۆشی وەهابییەکانی سعودییە. دورست کراوی بەریتانی بوون.
ئاشکرایە ڕاپەرینی خەلکی کوڕدستان، تێکۆشانی گەڵی کوردی گەیاندە لوتکە و بۆ جاری یەکەم لە مێژوودا. خەڵکی کوردستان بە پاڵپشتی پێشمەرگەی بەرەی کوردستانی، توانی دوژمنی داگیرکەر لە تەواوی خاکی خۆی وەدەر بنێت. ئەمەش دوژمنانی توشی شۆک کردو. کەوتنە دارشتنی پیلان بۆ چۆنیەتی لەناوبردنی ئەم دەست کەوت و سەرکەوتنە مەزنەی خەڵکی کوردستان. بەتایبەت پاش زنجیرەی ڕووداوەکانی کۆڕەوی ملیۆنی و دەرچوونی بریاری(688)ی ئەنجومەنی ئاسایشی  نێودەوڵەتی بۆ دورست کردنی ناوچەی دژە فڕین. رژێم بەهێزی سەربازی و ئەمنی و ئیدارییەوە. هەرێمی کوردستانی چۆل کرد و دەسەڵاتێکی خۆمالی دەستی کرد بە بەرێوەبردنی خەڵکی کوردستان. ئا لەم کاتەدا، سەرەتای ڕاپەڕینی چەواشە دەست پێ دەکات. لێرەدا پێویستە بزانین ڕاپەڕینی چەواشە چییە؟ ڕاپەڕینی چواشە بریتییە لە هاندان و ڕاست کردنەوەی خەلک. دژی ڕاپەڕینی ڕاستەقینە و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتی ناسیوالیزمی کوردی. بۆیە لەبارەی ڕاپەڕینی چەواشە پێویستە ئەم شتانە بزانین:ـ

یەکەم ـ دروشمەکانی ڕاپەڕینی چەوا شە:ـ
هەر لەسەرەتای دەرکەوتنی ڕاپەڕینی چواشە. بەچەند دروشمێک دەستیان پێکرد و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە وەک:ـ
1_ ئامانجەکانی ڕاپەڕین وەدی نەهاتوون. بۆیە دەبێت ڕاپەڕین بەردەوام بێت.
2_ڕاپەڕینمان نەکرد بۆ ئەوەی دز و گەندەڵ حوکمان بکەن.
3_ دەبێت دەسەڵات هی خەلک و دیموکراسی بێت، نەک دەسەلاتی حزب و سەرۆک خێڵ و کۆمەڵێک خەڵکی نەخوێندەواری شاخ.
4_ ناسیونالێزم شەرمە بۆ مرۆڤایەتی و هیچ جیاوازی نییە لەنێوان ناسیونالیزمی کوردی و عەرەبی. بۆیە دەبێت دەسەڵاتی نەتەوەیی رەت بکەینەوە. چونکو لە حوکمڕانی و خزمەت کردنی خەڵک فەشەلیان هێناوە. ئیدی لە رێگای ئەم دورشمانە ڕاپەڕینی چەواشە هەڵمەتی دژایەتی کردنی بۆ سەر بەرەی کوردستانی و پاشان پەرلەمان و حکومەتی هەرێم و دستکەوتەکانی ڕاپەڕین دەست پێ کرد.
دووەم ـ قۆناغەکانی ڕاپەڕینی چەواشە:ـ 
ڕاپەڕینی چەواشە لە‌ بیست و حەوت ساڵی ڕابردوو، بە چەندین قۆناغدا گوزەری کردووە و قۆناغەکانیش بە هەڵسوڕاوەکانیان دەناسرێنەوە وەک:ـ 
1_قۆناغی شوراکان. شوراکان کۆمەلێک خەلکی چەپی کرێکاری بوون و هەڵسان بە دوست کردنی شورا. واتا(ئەنجومەن)لە گەرەک و شار شارۆچەکە و گوندەکان. ئەوانە دانیان بە دەسەڵاتی بەرەی کوردستانیدا نەدەنا و هەوڵیان دەدا شوراکان دەسەڵات بگرنە دەست. بەڵام ئەمانە زوو پوکانەوە.
2_ قۆناغی کۆمۆنیستی کرێکاری. لەم قۆناغە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق بە گوڕ و تینێکی زۆرەوە.کەوتە چاڵاکی و ڕابەرایەتی کردنی ڕاپەڕینی چەواشە. ئەم حزبە خاوەنی چەندان بارەگای فەرمی بوو. ڕۆژنامە و گۆوار و چالاکی ڕۆشەنبیرییان زۆر بوو. ئەمانە بە تەواوی خەریکی هاندانی گەنجان بوون دژ بە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان. ئەمانەش دوای چەند ساڵێک پوکانەوە و ئێستا شوێنەواریان نەماوە.
3_قۆناغی ڕەهەندییەکان. ئەم قۆناغە بە نوسین و پەڕتوک و کۆڕەکانی. بەختیار عەلی و هاوبیرەکانی دەست پێ دەکات و لەگەڵ دەرکەوتنی بزوونتەنەوی گۆڕان کۆتایی دێت، ڕەهەندییەکان زۆرترین کاریگەری فکری و فەلسەفیان لەسەر ناوەندێکی گەورەی لاوان دروست کردبوو. زۆر سەرکەوتوو بوون لە رەش کردنی دەموچاوی دەسەڵاتی کوردی و بێ هیواکردنی خەڵک و نەهێشتنی ئینتیمای گەنجان بۆ نیشتیمان. ڕەهەندییەکان ئیرادەیەکی زۆر بەهێزییان بۆ گەنجان چێ کرد بۆ ئەوەی بەگژ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بچنەوە و هەوڵی گۆڕینی بدەن.
4_قۆناغی گۆڕانچییەکان. ئەم قۆناغە بە جیابونەوەی نەوشیروان مستەفا و هاوڕێکانی لە یەکێتی و دوورست کردنی کۆمپانیای ووشە و TV.NRT. KNN دەست پێ دەکات و لەماوەی دوو خولی پەرلەمان، ڕاپەڕینی چەواشەی گەیاندە لوتکە. ئەم قۆناغەی ڕاپەڕینی چەواشە هێندە بە هەژموون بوو. کە حکومەتی هەرێمی کوردستانی گەیاندە ڕۆخی لەناوچوون. بەتایبەت خۆنیشادانەکانی 17ی شوباتی2011 و هێرشی سەر بارەگاکان و سوتاندنیان و دروشمەکانی بڕوخێ بارزانی لە ئۆکتۆبەری 2016. بە لوتکەی ڕاپەڕینی چەواشە دادەنرێت. ڕاپەڕینی چەواشە لەم قۆناغەدا گەیشتە ناو پەرلەمان و خەریک بوو لە 20ی ئابی 2016 لەژێر ناوی زۆرینەیەکی لەرزۆک. کودەتایەک بەسەر سەرۆک بارزانی دابکەن و کۆتایی بە هەموو دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین بهێنن. لەم قۆناغە هەموو ئەوانەی لەژێرەوە بەشێک بوون لە ڕاپەڕینی چەواشە. پەردەیان لەسەر ڕووی خۆیان لادا و سەنگەری خۆیان بەیان کرد. لەوانەش کۆمەڵی ئیسلامی و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بەشیک لە یەکگرتووی ئیسلامیش چوونە پاڵ گۆڕانچییەکان. بەڵام دیسان دووچاری شکست بوونەوە و نەیان توانی بگەن بە خەونی کۆتاییان.
5_ قۆناغی سەربازی. پاش ئەوەی خەڵکی کوردستان. بە سەرۆکایەتی مسعود بارزانی لە 25ی ئەیلولی2017 . ریفراندۆمی سەربەخۆییان بە سەرکەوتوویی ئەنجام دا. ئیتر ئیرادەی راستەقینەی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان گەیشتە لوتکە و چۆکی بە ڕابەرانی ڕاپەڕینی چەواشە دادا. ریفراندۆم گورزێکی کەمەرشکێنی لە ئامانجەکانی دوژمنان وەشاند.
ئاشکرایە بە کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، کۆتایی بە قۆناغی گۆڕانچییەکان دێت و ڕابەرایەتی ڕاپەڕینی چەواشە دەکەوێتە دەست گروپێکی دەست ڕۆیشتووی ناو یەکێتی. ئەم گروپە توندرەوە، ڕاپەڕینی چواشە دەبەنە قۆناغی سەربازی و لە پێناو لەناوبردنی پارتی و بارزانی و تۆڵە سەندنەوە لە ریفراندۆم، دەست دەخەنە ناو دەستی دوژمنانی کوردستان. ئەوە بوو لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017 سەنگەری بەرگرییان لە کوردستان چۆڵ کرد و کەرکوک و نیوەی خاکی کوردستانیان ڕا دەستی بەغدا کردەوە. بە پێی زانیارییەکان، پیلان و نەخشەی عێراق و ئیران و تورکیا و گروپی خیانەت، ئەوە بوو دوای کەرکوک هەولێر داگیر بکەن و پاشان هەتا دەروازەی  ابراهیم خەلیل ڕانەوەستن. ئامانجیش کوتایی پێ هێنان بوو بە دەسەڵاتی سەرۆک بارزانی و گێرانەوەی دەسڵاتی داگیرکاری بەغدا  بۆ هەموو شوێنێکی هەرێمی کوردستان. بەڵام دیسان پێشمەرگە ڕاستەقینەکانی کوردستان. توانییان لە هەردوو شاداستانی پردێ و سحێلان لەشکری داگیرکاری بەغدا و هاوکارەکانی تێک بشکێنێت. بەمەش ڕاپەڕینی چەواشە لە قۆناغی سەربازیش، لەسەر دەستی پێشمەرگە مایە پووچ مانەوە.
6_قۆناغی داهاتوی ڕاپەڕینی چەواشە. ئەوەی لە ئستادا بە ڕۆشەنی دیارە،ئەوەیەکە هەڵسوڕاوانی
 ڕاپەڕینی چەواشە. بوونەتە بەرەیەکی فراوان و دەیانەوێت ئەم جارە لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە، بگەن بە زۆرینەی ناو پەرلەمان و پارتی وەک خاوەنی ڕاستەقینە و بەرگریکاری سەرسەختی کوردایەتی و دەست کەوتەکانی ڕاپەڕین. لە دەسەڵات ئاووت بکەن. ئەو بەرەیەش لە ئێستادا خۆی دەبینێتەوە لە(گۆڕان،کۆمەڵ،هاوپەیمانی  بەرهەم سالح، نەوەی نوێ ،گروپی16ی ئۆکتۆبەر،کەدورنییە ببنە خاوەنی ئایندەی یەکێتی).
سێیەم ـ زەمینەی ڕاپەڕینی چەواشە:ـ
زەمینەی پەیدابوون و گەشەکردنی ڕاپەڕینی چەواشە. دەبینین تەنها لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی لەباربووە. هۆکاری ئەمەش ئەوە نەبووە کە یەکێتی دیموکراتی ترە لە پارتی. بگرە هۆکار ئەوەیە یەکێتی خۆی لە ژێرەوە بەشێکی زیندوە لە ڕاپەڕینی چەواشە.
لەکۆتایدا پێویستە ئەوەش بڵێم کە ڕاپەڕینی چەواشە، درێژکراوەی شۆڕشی   چەواشەیە.کە لە بابەتێکی تر باسی دەکەین.





ئەم هەواڵە 1075جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
سەگێک کچێک لە خنکان رزگار دەکات
سەمایەکی کیکی بەکارەسات کۆتایی پێدێت
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad