English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پەیامی رۆژی جیهانی شانۆیی بۆ ساڵی 2018
2018-03-27 [07:26 AM]

ZNA – هەولێر


نووسینی مایا زەبیب لە لوبنان

 

لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ

 

ساتی دروستکردنی پەیوەندییە، رووداوێکی بێهاوتایە و لە هیچ چالاکییەکی تری سیکۆلارانەدا هاوشێوەی نییە. ئاکتێکی سادەی کۆمەڵێک خەڵکە، کە لە هەمان شوێن و هەمان کاتدا هەڵیان بژاردووە کۆ ببنەوە و بەشداریی ئەزموونێکی هاوبەش بکەن. بانگەشەیەکە بۆ تاکەکان تا پێکەوە کۆ ببنەوە، ئاڵوگۆڕی بیرۆکەکان بکەن و ڕێگا بۆ دابەشکردنی باری گرانی ئاکتە پێویستەکان پێشنیار بکەن، تا وردە وردە پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکەیان چاک بکەنەوە و خاڵە هاوبەشەکانیان بدۆزنەوە، لەجیاتیی خاڵە جیاوازەکانیان. لێرەدایە کە تاکە چیرۆکێک دەتوانێت هێڵەکانی جیهان بکێشێت؛ لێرەدا ئەفسانەی شانۆ دروست دەبێت، کە تێیدا نواندن تایبەتمەندێتییەکانی جارانی وەردەگرێتەوە.

 

لە کلتوورێکی جیهانیدا، کە ترسێکی باڵا لەوانی تر گۆشەگیری و تەنیایی لە خۆ دەگرێت، پێکەوە لێرەبوون، لە کرۆکدا، لێرەدا و لە ئێستادا، بریتییە لە ئاکتێکی خۆشەویستی، بڕیاردانە بۆ تەرخانکردنی کات، دوور لەو هێزی کێشکردنەی لە ئێستادا هەیە و ئەو خودگەراییە خۆپەرستییانەیەی لە کۆمەڵگە مشەخۆرە خێراکەماندا هەیە، کە هێمن ببینەوە، ورد ببینەوە و پێکەوە کاردانەوەمان هەبێت، ئاکتێکی سیاسییە، ئاکتێکی بەخشندەییە.

 

چۆن دەتوانین لە دوای کەوتنی ئایدیۆلۆژیا سەرەکییەکان و لە ژێر سێبەری ددانپێدانانی کەوتنی سیستمی جیهانیی ئەمرۆ سەدە لە دوای سەدە، دووبارە وێنای داهاتوومان بکەین؟ لە کاتێکدا سەلامەتی و ئاسوودەیی پێشەنگی گوتارە باوەکانمانن، دەتوانین بەشداریی گفتوگۆ ناڕەحەتەکان بکەین؟ دەتوانین سنووری ناوچە مەترسیدارەکان ببەزێنین بەبێ ترسی لەدەستدانی تایبەتمەندییەکانمان؟

 

لەمڕۆدا خێرایی لە وەرگرتنی زانیاریدا، لە خودی زانین گرنگترە. دروشمەکان زۆر لە وشەکان بەنرخترن و وێنەی تەرمەکان لە جەستەی هەقیقیی مرۆڤەکان زیاتر مایەی رێزن. لێرەدا ڕۆڵی شانۆ دێت، تەنها لەپێناو ئەوەدا نا کە بیرمان بخاتەوە ئێمە لە گۆشت و خوێنین و جەستەمان قورسایی هەیە، بەڵکو لەپێناو ئەوەدا کە گشت هەستەوەرەکانمان بەئاگا بهێنێتەوە، تا پێمان بڵێت پێویست ناکات تەنها ئەوانە وەربگرین و بە کار ببەین کە چاوەکانمان دەیانبینێت. لێرەدا شانۆ دێت تا مانا و هێز بە وشەکان ببەخشێتەوە، دێت تا گوتارەکان لە سیاسییەکان وەربگرێتەوە و بیگەڕێنێتەوە بۆ جێگەی دروستی خۆی، کە ئەویش مەیدانی بیرۆکە و گفتوگۆیە: مەیدانی دیدی گشتی.

 

لە رێگەی هێزی چیرۆک و خەیاڵەوە، شانۆ ڕێگای نوێمان بۆ بینینی جیهان و بینینی یەکتری پیشان دەدت. ئیشی شانۆیە کە بۆشاییەک بۆ بیرکردنەوەی هاوبەش لە ناوەڕاستی نەزانییەکدا بخوڵقێنێت، کە دەمارگیری دەیهاڕێت. کاتێک دووبارە ترس لەوی تر و گوتاری ڕق و ڕابەرایەتیی پیاوانی سپیپێست دەگەڕێتەوە مەیدان، لە دوای ساڵانێک لە ئیشی جیدی و قوربانیی میلیۆنان خەڵک لە سەرتاسەری جیهاندا لەپێناوی ئەوەی ئەم تێگەیشتنانە بشکێنن و قبووڵنەکراو بن… کاتێک فیشەک دەنرێت بە سەری کچان و کوڕانی گەنجەوە، یان لەبەر ئەوەی ڕەتی دەکەنەوە لە بەرانبەر ستەم و رەگەزپەرستیی چۆک دابدەن، زیندانی دەکرێن… کاتێک هەندێک دەوڵەتی گەورەی جیهانە یەکەمەکان لە لایەن کەسایەتیی توندڕەوی ناڕێکخراوەوە بەڕێوە دەبرێن، کاتێک جەنگێکی نەوەوی هەڵدەگیرسێت وەک یارییەک لە نێوان منداڵە گەورەکانی پێگە بەرزەکان، کاتێک گواستنەوە زیاتر و زیاتر بۆ چەند کەمینەیەکی دیاریکراو سانسۆر دەکرێت، لە کاتێکدا دەریا جەستەی زیاتری پەنابەران لە هەوڵە بێهیواکانیاندا بۆ چوونە قەڵای خەونە وەهمییەکانیان نغرۆ دەکات، لە کاتێکدا دیواری سنووردار بە نرخی گرانتر و گرانتر بونیاد دەنرێت: لە کوێدا دەتوانین لە جیهانەکەمان بپرسین، لە کاتێکدا زۆرینەی ئامڕازی ڕاگەیاندنەکان بنەماکانی خۆیان فرۆشتووەتەوە؟ لە کوێدا دەتوانین بە شێوەیەکی پێکەوەیی بکەوینە دووبارە بیرکردنەوە لە دۆخە ئینسانییەکەمان لەپێناو وێناکردنی سیستمێکی جیهانیی باشتر، جگە لە دۆستایەتیی شانۆ؟ نەک تەنها بە خۆشەویستی و سۆزەوە، بەڵکو بە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بونیادنراو لەسەر زانین، نەرمی و هێز پێکەوە.

 

بەوپێیەی من لە ناوچەیەکی عەرەبییەوە دێم، دەتوانم لەبارەی ئەو ئاستەنگانەوە بدوێم کە هونەرمەندان لە کاردا دووچاری دەبنەوە. بەڵام من سەر بە نەوەیەکی شانۆکارم کە هەست بە تایبەتی دەکەین، چونکە ئەو دیوارانەی دەمانەوێت بیڕووخێنین، دیواری ڕوون و ئاوێنەیین، ئەمەش هانمان دەدات کە فێر ببین چۆن هەموو ئەوانەی بەردەستن، بگۆڕین و پاڵ بە گشت جۆرەکانی هاریکاری و داهێنان بنێین بەرەوە ئەوپەڕی سنوور، کە ڕێی تێبچێت. ئەزموونی شانۆمان لە هەموو فەزایەکی بەردەستدا کردووە: لە ژێرزەمیندا، لە سەربان، لە ژووری میوان، لە ڕاڕەوەکان… لە شەقامەکان بینەرانی خۆمان پێک هێناوە، لە هەر شوێنێك کە بۆی دەچین، لە شارەکان و دێیەکان و کەمپی پەنابەران. توانیومانە لە ژینگەکانماندا هەموو شتێک لە سفرەوە بونیاد بنێینەوە ، ڕێگامان بۆ ڕزگاربوون لە چاودێری داهێناوە، لە کاتێکدا هێشتا هێڵە سوورەکان دەبەزێنین و ئاڵنگاریی تابۆکان دەکەین. گشت شانۆکارانی جیهان لەمڕۆدا ڕووبەڕووی ئەم دیوارانە دەبنەوە، لە ژێر سێبەری دەگمەنی شوێنی پاڵپشتیی دارایی و گۆڕانی مامەڵەی سیاسی بۆ چاودێرییەکی نوێ.

 

بەم جۆرە، ئەم کۆمەڵگەی شانۆکارانە ڕۆڵێکی پێکەوەییان هەیە، لەمڕۆدا زیاد لە هەر کاتێکی تر دەیدەن، لە ڕووبوڕووبوونەوەی ئەو دیوارە نوستووە دیار و نادیارانەدا. ئەمڕۆش زیاد لە هەر کاتێک، پێویستمان بە بونیادنانەوەی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانمانە بە شێوازێکی داهێنەرانە، بە ڕاستگۆیی و بوێری بۆ

رووبەڕووبوونەوەی کەموکورتییەکانمان و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییەکانمان بەرانبەر ئەو جیهانەی بەشداری دەکەین لە دروستکردنیدا.

 

ئێمە وەک شانۆکارانی جیهان، ئایدۆلۆژیایەک یان سیستمێک پەیڕەو ناکەین، بەڵکو هاوبەشی دەکەین لە لێکۆڵینەوە ئەبەدییەکەماندا لەبارەی گەڕان بۆ هەقیقەت بە گشت فۆڕمەکانیەوە و لە بابەتە بەردەوامەکانمان بۆ ئەو دۆخەی کە هەیە. ئاڵنگاریی ئێمە لەگەڵ سیستمی هێزی چەوسێنەرەوەدایە و کۆتا و پێش کۆتا لەپێناو تەندروستیی مرۆڤبوونماندا.

 

ئێمە زۆرین، لە هیچ ناترسین و لەپێناو مانەوەدا لێرەین!

 

مایا زه‌بیب، ‌ده‌رهێنه‌ر و شانۆكار و نووسەری لوبنانی، رۆژی 27ی 3ی 2018 په‌یامی رۆژی جیهانیی شانۆ ده‌خوێنێته‌وه‌. مایا خاوه‌نی چه‌ندین كاری شانۆیی و نووسینی ئه‌كادیمییه ‌له‌سه‌ر شانۆ و دامه‌رێنه‌ری گرووپی شانۆی زوقاقه‌. ڕێكخراوی شانۆی نێوده‌وڵه‌تی بۆ 70ه‌یه‌مین ساڵرۆژی جیهانیی شانۆ، 5 نووسه‌ری وڵاته‌كانی ئاسیا، ئه‌فریقیا، ئه‌ورووپا و ئه‌مه‌ریكا و وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان هه‌ڵبژارد بۆ ئه‌وه‌ی په‌یامی رۆژی جیهانیی شانۆ بنووسن. له‌ نێویاندا ڕێكخراوه‌كه ‌نووسینه‌كه‌ی مایا زه‌بیبی وه‌كو په‌یامی رۆژی جیهانیی شانۆ هه‌ڵبژارد.





ئەم هەواڵە 4561جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
مارێک ئافرەتێک قووت دەدات , تکایە سەرووی ١٨ ساڵ
یەکەم جارە ماسی لەم شێوەیە ببیندرێت
خۆی فڕێدەداتە بەردەم بارھەڵگرێک، بزانە چی لێدێت
پێکدادانی دوو فرۆکە
بوونەوەرێکی نامۆ لە فلپین دەردەکەوێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad