English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
چیدی خەڵك ماندوو مەكەن
2018-03-28 [03:13 AM]

نووسینی: دڵشاد مستەفا وەسانی


خەڵكی كوردستان بەرگەی هەموو ناخۆشییەكی گرتووە، ئاواتی خەڵك گەیشتن بە سەربەخۆیی و ژیانێكی شەرەفمەندانەیە، ئەوە خەڵك نییە خاك دەفرۆشێ و نیشتمان بریندار دەكات، بەڵكو حزبایەتیی سەقەتە ئەو كارە دزێوە دەكات، ئەوە خەڵكە قوربانی دەدات و حزبەكانیش بەرهەمەكەی دەخۆن، خەڵك زۆر لەوە گەورەترە حزبەكان بۆ مەبەستی خۆیان ئاراستەی بكەن.
خەڵك لە هەموو سەردەم و رۆژگارێكدا ئامادە بووە قوربانی بدات، رێزیشی لە حزبەكان گرتووە و رێگەی پێداون لە پەرلەماندا نوێنەرایەتییان بكەن، بەڵام حزبەكان بۆیان نییە خەڵك بكەنە كارتی گوشار بۆ یەكلاییكردنەوەی ناكۆكیی ناوخۆیان، ئێستا پەردە لە رووی حزبەكان هەڵماڵراوە، حزبی كوردی باكی بە هیچ نییە، بۆیە بەوە گەیشتووە كە میللەت بكاتە پەیژە و بەسەریدا سەركەوێت، حكوومەت چەند لە بەرامبەر خراپبوونی ژیانی خەڵك خەتابارە، حزبەكانیش دوو هێندە، چونكە مانۆڕی حزب لەو نێوەدا، لە پێناوی خەڵك نییە، لە پێناوی بەرژەوەندیی خۆیەتی.
حزبەكان جیا لەوەی لە ئاستی داواكاری خەڵك نین، تا پێیان كراوە ئەو خەڵكەیان زۆر ماندوو كردووە، گەل بە درێژایی مێژوو، رۆڵەی خۆی كردۆتە قوربانی هێنانەدیی ئاواتی لەمێژینە، كەچی حزبەكان هاتنەدیی ئەو ئاواتە لە بەرژەوەندیی خۆیان نابینن، بچووككردنەوەی داواكاری گەل، حزب پێی هەستاوە نەك خەڵك خۆی، بەغدا بە هاوكاری حزبەكان هەموو كێشەكانی لەگەڵ هەولێر لە مووچەدا كۆكردەوە، ئەمەش گەمەیەك بوو تێیدا سەركەوت، مووچەكەش لە كوردستان بۆتە ئامرازێك بۆ ململانێی بێمانای حزبایەتی.
لەوانەیە زێدەڕۆیی نەبێت، ئەگەر بڵێم كۆمەڵگەی كوردستان كۆمەڵگەیەكە تەواو ماندوو و هیلاك كراوە، وێڕای هەڕەشەی دەرەكی لە سەر كوردستان، گوشاری ناوخۆش هێندەی دی خەڵكی بێتاقەت كردووە، ئەگەر بەرپرسیاریەتی یەكەم بكەوێتە ئەستۆی حزبەكانی دەسەڵات، ئەوا حزبەكانی دیكەش لە پێناوی خۆیاندا هێندەی دی لەو هەموو گوشارانەی دەیخەنە سەر خەڵك بەرپرسیارن، ئەگەر لە خۆپیشاندانەكانی كوردستان  ورد بینەوە، دەبینین تا خۆڕسك بوونە، داوای رەوای خەڵك سەردەستەی داواكاری بووە، لێ كەی حزب خۆی خزاندۆتە ناو خۆپیشاندان، ئەو داوا رەوایەی خەڵك وەپاش كەوتووە و داوای حزب هاتۆتە پێشەوە، ئاخر حزبەكان داوای گەورەی خەڵكیان بۆ مووچە دابەزاند، لەگەڵ ئەوەش دەیانەوێ ئەو خەڵكە خۆی بكاتە پرد و بەسەریدا بپەڕنەوە، لێگەڕێن با داواكەیان بۆ گەڕاندنەوەی مافی شەرعی خۆیان بێت، ئەگەر مووچە بە رووخاندنی حكوومەت وەك جارانی لێبێتەوە، هەموومان لەگەڵ رووخاندنیدا دەبین، بەڵام ئەوە داوای حزبە، داوایەكە باری خەڵك گرانتر دەكات.
لە بەغدا داوا لە عەبادی دەكەن مووچە بۆ كوردستان نەنێرێ، لە كوردستانیش بە گیرفانی گەرمەوە بە گیرفان بەتاڵەكان دەڵێن حكوومەت بڕوخێنن، بۆیە ئاساییە مامۆستا و فەرمانبەران پڕ بە گەرووی خۆیان رەخنە لە حكوومەت بگرن، داوای مافی خۆیان بكەن، بەڵام ئاسایی نییە گیرفان گەرمە دووڕووەكان دەمڕاستیان بن.





ئەم هەواڵە 1735جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
مارێک ئافرەتێک قووت دەدات , تکایە سەرووی ١٨ ساڵ
یەکەم جارە ماسی لەم شێوەیە ببیندرێت
خۆی فڕێدەداتە بەردەم بارھەڵگرێک، بزانە چی لێدێت
پێکدادانی دوو فرۆکە
بوونەوەرێکی نامۆ لە فلپین دەردەکەوێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad