English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەم کچە بەکارەساتێکی دڵتەزێن گیانی لەدەستدا 
2018-03-31 [04:01 AM]

ZNA- ھەولێر 


باوکی فەخرییە ویستبووی پشوویەک بدات، بۆیە داوای لە کچەکەی کردبوو کە چەکەکەی بۆ ھەڵبگرێ، زۆری نەبرد گوللەیەک کچەکەی خەڵتانی خوێن کرد و بەرلەوەی بیگەیەننە نەخۆشخانە گیانی دەرچوو.


رۆژی ١٢/٣/٢٠١٨، کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵان بەناوی (فەخرییە.ن.ع) دانیشتووی گوندی دۆڵەبی لە ناحیەی بنگردی قەزای دووکان، لەنێو ماڵەکەی خۆیاندا گوللەیەکی تاپڕی بەرکەوت و بەر لەوەی بگەیەنرێتە نەخۆشخانە گیانی دەرچوو. کەسوکارەکەی دەڵێن رووداوەکە قەزا و قەدەر بووە، بەڵام پۆلیس دەڵێت بەپێی ھێڵکاری و جۆری پێکانەکە، ئەو کچە خۆی کوشتووە، نەخۆشخانەش دەڵێت رووداوەکە زۆرتر لە تاوانکاری دەچێ.

وەسمان حەسەن کە ئەنجوومەنی گوندی دۆڵەبییە، باسی ژیانی ئەو خێزانەی کرد و گوتی "ئەو خێزانە ھەر خەریکی بەخێوکردنی ئاژەڵن و خێزانێکی زۆر بێ کێشەی گوندەکەمانن، لە نێوخۆشیاندا زۆر تەبان".

سەبارەت بە فەخرییە و رووداوەکە، وەسمان دەڵێت: "فەخرییە لە پۆلی ١٢ی ئامادەیی بوو، ساڵی رابردوو لە وانەیەک کەوتبوو، بەھۆی ئەوەی نەخۆشیی گەدەی ھەبوو، وانەکەی ھەڵگرتبوو بۆ ئەمساڵ. دەڵێن لە کاتی رووداوەکەدا باوکی خەریکی نوێژکردن بووە، تازە لە چیا ھاتبووەوە ھەندێک گژ و گیای بەھارەی ھێنابوو، چەکەکەشی کە تاپڕ بووە، دابووە دەستی فەخرییە بۆ ئەوەی ھەڵیبگرێ، بەڵام فەخرییە چەکەکەی لە دەست کەوتووەتە خوارەوە و گوللەیەکی لێ دەرچووە".

وەسمان درێژە بە گێڕانەوەکە دەدات و دەڵێت: "باوکی بە پەلە بردبووی بۆ نەخۆشخانەی رانیە، لە رێگادا نەزری کردبوو کە دوو مانگا بکاتە خێر بەس کچەکەی چاک ببێتەوە، چونکە ھیچ تاوانی بوو، بەڵام بەداخەوە بەر لەوەی بگەیەنرێنە نەخۆشخانە گیانی دەرچوو".

ھەرچەندە ئەنجوومەنی گوندەکە دەڵێت رووداوەکە قەزا و قەدەرە و دەستی کەسی تێدا نییە، بەڵام پۆلیس دەڵێت ئەو کچە خۆی کوشتووە.

رائید سەردار کوێخا پیرۆت، لێپرسراوی بنکەی پۆلیسی ناحیەی بنگرد  گوتی : "لەئەنجامی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بۆمان دەرکەوت کە ھیچ کەس دەستی لە تاوانەکەدا نییە، رووداوەکە زیاتر لە خۆکوشتنی بە ئەنقەست دەچێ، بەڵام نازانرێ ھۆکاری خۆکوشتنەکە چی بووە".

فەخرییە بەر لەوەی بگەیەنرێتە نەخۆشخانە مرد و پۆلیس فریانەکەوت ئیفادەی وەربگرێ بۆ ئەوەی بزانرێ خۆی کوشتووە یان کوژراوە.

فەرمان ئەحمەد پیرۆت، بەرپرسی کارگێڕیی نەخۆشخانەی گشتیی رانیە گوتی : "بەپێی ئەو پشکنینانەی بۆ تەرمەکە کرا، دەرکەوت فیشەکەکە لە پێشەوە بەر دڵی کەوتبوو، دڵ و جگەری گرتبوو. رووداوەکە لە نێوان خۆکوشتن و کوشتندا جێی گومان بوو،  بۆیە بۆ ئەوەی بسەلمێنرێت کە کوشتنە یان خۆکوشتنە تەرمەکەی بۆ پزیشکی دادی رانیە گواسترایەوە، بەڵام گومانەکان زیاتر بەلای تاوانی کوشتندا دەچوون، چونکە شوێنی فیشەکەکە و دووریی پێکانەکە و جۆری چەکەکە دەریدەخات کە بەقەزا و قەدەر نەبووە، کەس ناتوانێ تاپڕ لەسەر سنگی خۆی دابنێ و تەقە لە خۆی بکات، چونکە چەکی تاپڕ درێژە".

سەرچاوە / رووداو 
 





ئەم هەواڵە 20884جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad