English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
چاپی سێیەمی کتێبی "نزاکانی دایکم" بڵاوکرایەوە
2018-03-31 [06:50 AM]

ZNA – هەولێر


"نزاکانی دایکم" یەکێک لە بەرهەمە ئەدەبییەکانی نووسەری لاو، گەشبیر ئەحمەدە بۆ جاری سێیەم چاپ و بڵاوکرایەوە.

 

نووسەر لە ئەکاونتی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکدا نووسویەتی، چاپە تازەکەی ئەم کتێبە لەلایەن کتێبخانەی یادگارەوە ئەنجام دراوە و لەم مانگەدا بڵاوبووە.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، لە رووی زمان و تێزمان و خاڵبەندی و رێنووسەوە زۆر باش و بێ کێشەیە، چونکە پێداچووەنەوەیەکی چڕ و پڕی بۆ کردووە و "بەداخەوە چاپی یەکەم و دووەم هەڵەی تایپ و رێزمان و رێنووسی زۆری تێدابوو".

 

دیزاینی بەرگ ئازا یوسف و دیزاینی ناوەوەی عومەر عوسمان ئەنجامیداوە و تابلۆی بەرگی لەلایەن هوشیار سەعید کێشراوە.

 

نرخی کتێبەکە سێ هەزار دیانرە و لە ٢٢٥ لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

 

نووسەر ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی بەرگی دووی کتێبی "نزاکانی دایکم"ـە و رەنگە لە کۆتایی ئەمساڵ تەواو بێت.

 

 

ئەم نامەیە لە کتێبی "نزاکانی دایکم"ـدا هەیە و نووسەر ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە "بۆ ماریام نووسی کاتێک ئەسینام لە ساڵی ٢٠٠٢ ـدا جێهێشت"
 

ئێستا کە ئەم نامەیە بۆ تۆ دەنووسم، دوایین ساتەکانی منە لە ئەسینا و لەنێو شەمەندەنەفەردام و بەڕێ دەکەوم بۆ (پاترا)، لەوێشەوە دەچم بۆ ئیتاڵیا، دوایین وێستگەی من بەریتانیا دەبێت.

 

 

چەند جارێک پەیوەندیم کرد، تەلەفۆنەکەت داخرابوو. زۆریش هەوڵم دا، بەداخەوە نەمتوانی ماڵتان بدۆزمەوە. بڕوام وایە کە ئەمە چارەنووسی ئێمە بێت و لێرەدا هەموو شتەکان کۆتایی بێت و جارێکی دیکە یەکتر نەبینینەوە. دەمەوێت ئەمەت پێ بڵێم، چیتر نامەوێت لە دڵمدا بیهێڵمەوە، مرۆڤ هەندێک جار نایەوێت شتێک بکات لە کە خواست و ویستی ئەودا نییە، بەڵام ناچاری زۆر شتی نامۆ بە مرۆڤ دەکات. ئەسینا بۆ من تەنها وێستگەیەک بوو لە نەخشەی ڕێگەکەمدا، دەمەوێت پێت بڵێم هەمیشە کە بیرم لە تۆ دەکردەوە، هەوڵم دەدا لەیادت بکەم، بەڵام زۆر سەختە کەسێک لەیاد بکەیت، کە دەبێتە برینێکی قووڵ بەسەر جەستەتەوە و هەمیشە قەتماخەی ئەو برینە هەڵدەداتەوە. 
 

 

هەتا ئێستا بێدەنگ بووم، نە غروور بووم و نە خۆبەزلزانیش بووم، کە لەو کاتەوە قسەم لەگەڵ تۆ نەکردووە، نا من هەمیشە لە هەستەکانم دڵنیا نەبووم، لەبەر ئەوەی کە بەردەوام بیرم لەو جیاوازییە زۆرەی نێوانمان دەکردەوە. تۆ بڕوانە، من کەسێکم هەتا ئێستا کیانی خۆمم نییە! ئاوارەیەک بووم لەم کووچە بۆ ئەو کووچە، لەم شار بۆ ئەو شار، لەم وڵاتە بۆ وڵاتێکی دیکە، هەمیشە وەکو کۆچەرییەک بووم. زوو بێت یان درەنگ، من هەر دەبێت سەفەر بکەم و ئەم وڵاتە جێ بهێڵم، کە جێشم هێشت، هەموو شتێک لەدوای خۆم جێ دەهێڵم، تەنانەت یادگارییەکانیشی لە دڵمدا دەسڕمەوە، وەک چۆن تورکیام جێ هێشت و ئاواش دەبێت لێرە بڕۆم، لەبەر ئەو هۆکارانە، تۆ زۆر لەوە ئازیزتر و شیرینتری کە من خۆشم بوێیت، باش دەزانم کە من شایانی تۆ نیم، تۆ شایانی کەسێکی لە من باشتریت، بەڕاستی شەرمم دەکرد لە ڕووم نەدەهات بێمە بەرامبەرت و ئەم قسانە بکەم. 
 

 

بەهیوام کە ئەم پەیامەت بینی، تۆش دوا قسەی خۆتت هەبێت.
 

بەهیوای بەختەوەری بۆت.

 





ئەم هەواڵە 4543جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
مارێک ئافرەتێک قووت دەدات , تکایە سەرووی ١٨ ساڵ
یەکەم جارە ماسی لەم شێوەیە ببیندرێت
خۆی فڕێدەداتە بەردەم بارھەڵگرێک، بزانە چی لێدێت
پێکدادانی دوو فرۆکە
بوونەوەرێکی نامۆ لە فلپین دەردەکەوێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad