English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پڕۆژەیەک لە بواری خوێندنی باڵا بە بڕی یەک ملیۆن یۆرۆ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
2018-04-05 [05:13 AM]

ZNA- هەولێر


 

بەئامانجی جێبەجێکردنی پڕۆژەی "تاگرس"، بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی ژمارەیەک لە زانکۆکانی کوردستان، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە گەیشتە کوردستان و لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆبوەوە.

 

لەو کۆبونەوەیەدا، کە ڕۆژی چوارشەممە، رێکەوتی (٤/٤/٢٠١٨) لە دیوانی وەزارەت بەڕێوەچو، د.کەریم ساڵح عەبدول ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەناوی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەخێرھێنانی د. ئوو موس بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی (جۆرج ئۆگەست گوتینگن)ی ئەڵمانی سەرپەرشتیاری جێبەجێکردنی پڕۆژەی (تاگرس) و وەفدی ھاوڕێی کرد.

 

لە کۆبونەوەکەدا، کە ھەریەک لە د.خەتاب شێخانی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت و، د.جوان جەلال شەریف بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان ئامادەیبون، ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کورتەیەکی لەبارەی دۆخی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشکەش بە وەفدی میوان کرد، ھەروەک خۆشحاڵی وەزارەتیشی پیشاندا بەجێبەجێکردنی پڕۆژەی بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆکانی کوردستان.

 

ھەر لەو کۆبونەوەیەدا، ئامادەبوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسیان لە گرنگی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆکانی کوردستان، ھەروەک باسیان لە چۆنیەتی پاڵپشتیکردن و ھاوکاریکردنی وەزارەت بەتایبەت لە پێداچونەوە بە رێنماییەکانی پلەبەرکردنی نازناوی زانستی، لەھەمان کاتدا تیشک خرایە سەر جێبەجێکردنی پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕکردنی خوێندکارانی خوێندنی باڵا بەتایبەت دکتۆرا  و پێدانی بڕوانامەی ھاوبەش (جوین دگری) لە نێوان زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان و زانکۆکانی ئاڵمانیا بەسیستمی سپلیسایت، باسیش لە پڕۆگرامەکانی خوێندن لە سێنتەرەکانی توێژینەوەی زانستی کرا بەتایبەت دامەزراندنی سێنتەری توێژینەوە بەشێوازی گشتی یاخود تایبەت بەپێیی پسپۆڕییەکان.

 

لە بەرامبەردا، د. ئوو موس بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی (جۆرج ئۆگەست گوتینگن)ی ئەڵمانی سەرپەرشتیاری جێبەجێکردنی پڕۆژەی (تاگرس) و ئەندامانی وەفدەکە خۆشحاڵی خۆیان بەو سەردانە بۆ کوردستان دەربڕی، وتیشی ھەنگاو بەھەنگاو پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمیەکانمان لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و زانکۆکان بەرەوپیش دەچێ، ھیواشی خواست کردنەوەی ئۆفیسی پەیوەندییە دەرەکییەکانی زانکۆکەیان لە کوردستان ببێتە دەروازەیەکی گرنگ بۆ فراوانکردنی ئاستی پەیوەندییەکان، ھەر لە میانەی قسەکانیدا سەرۆکی وەفدەکە باسی لە گرنگی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆکانی کوردستان کرد، کە لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە بڕی یەک میلۆن دۆلاری بۆ تەرخانکراوە، ئەو پڕۆژەیەشی بەدەسکەوتێکی زانستی گرنگ بۆ زانکۆکانی کوردستان وەسفیکرد.

 

دوا بەدوای کۆبونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وەفدی زانکۆی (جۆرج ئۆگەست گوتینگن)ی ئەڵمانی  سەردانی زانکۆی سەڵاحەددینیان کرد، پاشانیش قەڵای دێرین و قەیسەری ھەولێریان بەسەرکردەوە.

 

ئەمرۆ پێنچ شەممە، ڕێکەوتی (٥/٤/٢٠١٨) لە دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی لە مەراسیمێکدا، کە بەئامادەبونی د.خەتاب بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت و، سەرۆکی ژمارەیەک لە زانکۆکانی کوردستان ئامادەیبون، لە مەراسیمێکدا ئۆفیسی پەیوەندییە  نێودەولەتیەکانی زانکۆی (جۆرج ئۆگەست گوتینگن)ی ئەڵمانی کرایەوە، وەک لە وتارەکانی مەراسیمی کردنەوەی نوسینگەکەدا باسی لێوەکرا، ئەو نوسینگەیە دەبێتە خاڵی پەیوەندی نێوان زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان و زانکۆکانی ئاڵمانیا.

 

پڕۆژەی (تاگرس)، پڕۆژەیەکی گرنگی بواری خوێندنی باڵایە لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێمی کوردستان و ئاڵمانیا، کە لەلایەن یەکێتیی ئەوروپا بڕی یەک میلۆن یۆرۆی بۆ تەرخانکراوە.

 

لە پڕۆژەکەدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی و زانکۆکانی (سەڵاحەددین/ ھەولێر، سلێمانی، چەرموو، ڕاپەڕین، ھەڵەبجە، زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر، سلێمانی  و دھۆک) بەشدار دەبن، پڕۆژەکە تایبەت دەبێ بەدروستکردن و بەھێزکردنی توانای مامۆستایان و بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆکانی کوردستان.

 

 بۆیە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە دەرگایەکی دیکە بەڕوی زانکۆکانی کوردستان دەکاتەوە بۆ بەرزکردنەوەی توانای زانستی مامۆستایان و ئاشنابون بەپێشکەوتنەکانی جیھان، جگە لەوەش دەرفەتی خوێندنی باڵا/ ماستەر و دکتۆرا بۆ خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی ئاڵمانیا و چیک دەڕەخسێنێ.





ئەم هەواڵە 4012جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
یەکەم گۆڵی رۆنالدۆ لەگەڵ یانەی یۆڤانتس
منداڵێک بەشێوەیەکی سەرسوڕھێنەر لە رووداوێکی ھاتووچۆ رزگاری دەبێت
پێشبڕکێیەکی ئەسپ سواری کارەساتی لێدەکەوێتەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad