English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
کۆمەڵگەی کوردی، کۆمەڵگەی چاو!
2018-04-10 [12:29 PM]

نووسینی: د.سالار عوسمان


کۆمەڵناسی: ئەو زانستەی لە سروشت و پێکھاتەی کۆمەڵگە دەکۆڵێتەوە، زانستێکی نوێیە و دوای دروستبوونی کۆمەڵگە دروست بووە، زانستێکە ھەر تەنێ سەری لە نێو ناسینی کۆمەڵگە نییە، بەڵکو سەری لە نێو ھەموو ڕەھەندەکانیتریشە، بە نموونە ئایین، ھز و سیاسەت و تەنانەت بە زمان، کلتوور و مێژوویشدا دێتەوە، دەمەوێت بڵێم: کۆمەڵناسی پێویستییەکە و بەر لەوەی کۆمەڵناسان بە زانستی خۆیانی بزانن، دەبێ سیاسییەکان، ئایینناسانیش بە زانستی خۆیانی بزانن، بەواتایەکیتر: باشترین سیاسی ئەو سیاسییەیە، کە کۆمەڵگەکەی خۆی باش بناسێت، ئەمە بۆ زانایەکی ئایینیش ھەر ڕاستە، بەڵام پرسیار ئەوەیە: ئایا سیاسییەکانی کورد ئەوە دەکەن؟!. واتە ھەوڵیانداوە کۆمەڵناسانە و بە تێگەیشتنێکی کۆمەڵایەتی سیاسەت بکەن؟!. وەڵامی ئەم پرسیارە بە کراوەیی جێدێڵین و مەبەستیشمانە، کە دەڵێین: بە کراوەیی، تا سیاسییەکان لە بەردەم پرسیاردا ڕابگرین!. ئاخر سیاسی و پرسیاریش، سیاسی و ھێزی وەڵامیش، سیاسی و جۆر و چۆنیەتی وەڵامیش پرسگەلێکی کەم قسەلێکراویی مەعریفین و ئاکام ھەندێ سیاسی سفر دەکەنەوە!..
بە بۆچوونی ئێمە کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەی چاوە، کۆمەڵگەی چاوە بەو تێگەیشتنەی کەم بیردەکاتەوە، واتە زۆرتر بینەرە نەک بیرکەرەوە، لە کۆمەڵگەیەکدا، کە بیرکردنەوە تیایدا لە ئاستی پێویستدا نەبێت، وێنە و دیمەنەکان دەبن بە ھێز، ھێز بە مانا ھەڵخەڵەتێنەرەکەی، بۆیە ئێستا ئەوەندەی نمایشی وێنە درۆکان ھەن، وێنە ڕاستەقینەکان نین، ھەر بە نموونە لە شەڕی داعشدا دوو جۆر وێنە ھەبوون:
١- وێنەی پێشمەرگە و سەنگەر و شەڕ و قوربانیدان: وێنە ڕاستییەکە.
٢- وێنەی خۆھەڵواسیو بە وێنەی یەکەم: وێنە ناڕاستییەکە.
ئەوەی زۆرتر بینرا، تایبەت لە سۆسیالمیدیادا وێنە نا ڕاستەکە بوو، کەمترین دەرفەت درا بە وێنە ڕاستییەکە!. ئەمە مانای چییە؟!. مانای ئەوەیە کۆمەڵگەی چاو پتر بە وێنە ناڕاستەکە دەژی، کەواتە کۆمەڵگەی چاو، لە بەر ئەوەی بیرکەرەوە نییە، ناتوانێ و قودرەتی ئەوەی نییە بیر لە وێنە ڕاستەکەیش بکاتەوە!..
حزبی درۆزن زۆرترین وێنەی درۆ بڵاو دەکاتەوە، تا زۆرترین جەماوەری کۆمەڵگەی چاو بۆ خۆی ڕابکێشێت، سیاسی نانیشتیمانی و تەنانەت مەلای درۆزنیش: (مەبەستمان لە مەلای درۆزن ئەوانەن، کە لە پەنای دەقی پیرۆز دەیانەوێت بگەنە دەسەڵات و مەللەزاتەکانی دونیا)، ئەوەندەی وێنەی دروشم و ھاوار و فرمێسک بڵاو دەکەنەوە، نەشێن لە قووڵاییدا بژین، مەبەستمان لە قووڵایی: وێنەی ڕاست و گفتوگۆی ڕاست و بەجێگەیاندنی ئەرکە پیرۆزەکانە!.

لە دوماھیدا دەمانەوێت بێژین: 
١- تا کۆمەڵگەی کوردی لە کۆمەڵگەی چاوەوە دەگۆڕدرێت بۆ کۆمەڵگەی بیرکەرەوە، وێنە و دیمەن و نمایشە درۆکان بە ھەڕمێن و کاریگەرن، لێ ھەڕمێن و کاریگەرییەکی ناڕاست و زیانبەخش !..
٢- پێویستە ھەرچی زووە ئەم کۆمەڵگەیە بگۆڕدرێت و ببێتە کۆمەڵگەیەکی بیرکەرەوە، تا بشێ سپی و ڕەش، باش و جاش لەیەکتری جیا بکاتەوە، ئەمەیش ئەرکی ھەموو ئەوانەن، کە دڵسۆزی بێ بەرھەوەندیین و بیر دەکەنەوە !...





ئەم هەواڵە 670جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
مارێک ئافرەتێک قووت دەدات , تکایە سەرووی ١٨ ساڵ
یەکەم جارە ماسی لەم شێوەیە ببیندرێت
خۆی فڕێدەداتە بەردەم بارھەڵگرێک، بزانە چی لێدێت
پێکدادانی دوو فرۆکە
بوونەوەرێکی نامۆ لە فلپین دەردەکەوێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad